ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه باری دارایی كۆمسیۆن ئه‌وه‌نده خراپه توانایان نییه كرێی باره‌گاكانیشیان بده‌ن، ئه‌و ١٢٠٠ كارمه‌نده گرێبه‌ستانه‌ی بڕیاردراوه بكرێنه هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر هه‌موو پارێزگاكاندا دابه‌ش ده‌بێت.
زانا رۆستایی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له نووسینێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند كه له لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عیراق پێشوازییان كرد له جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كردووه.
زانا رۆستایی ده‌ڵێت: “له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له گرفته‌كانی كۆمسیۆن كرا و چه‌ند راستییه‌كمان بۆ ده‌ركه‌وت”.
وتیشی: “باری دارایی كۆمسیۆن و بودجه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده خراپه كه توانایان نییه كرێی باره‌گاكانیشیان بده‌ن”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره راشیگه‌یاند كه “ئه‌و ١٢٠٠ كارمه‌نده گرێبه‌ستانه‌ی بڕیاردراوه بكرێنه هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر هه‌موو پارێزگاكاندا دابه‌ش ده‌بن”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه “جگه له‌و مه‌رجانه‌ی له یاسای بودجه دانراون، چه‌ند پێوه‌ریكی تریش له كۆمسیۆن داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ژماره زۆره‌ی هه‌یانه ١٢٠٠ كه‌س دیاری بكه‌ن”.
ئاشكراشیكرد كه ” له‌به‌ر نه‌بوونی كارمه‌ندی دامه‌زراو و راهێنراو كۆمسیۆن نه‌یتوانیوه پرۆژه‌ی بایۆمه‌تری ده‌ست پێبكه‌ن و دوای دامه‌زراندنی گرێبه‌سته‌كان ئه‌و پرۆژه‌یه له هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ست پێده‌كات.