بڕیاره رۆژی 30ی ئه‌یلولی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌هه‌موو پێوه‌رێك به‌تایبه‌تی بۆ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبژاردنێكه كه قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیان بۆ ده‌رده‌خات.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی دادپه‌روه‌ری، ئه‌و لایه‌نانه‌ن، له‌ده‌ره‌وه‌ی دهسهڵاتنو ئێستا ناڕازین له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له 12ی ئایاری رابردوو به‌رێوه‌چوو، ئه‌وان پێیان وایه “ساخته‌كاریی گه‌وره” له‌سیسته‌می ده‌نگدانی ئه‌لكترۆنیدا كراوه، بۆیه سووربوون له‌سه‌ر ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان.
له‌دوای ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی به‌شێك لهدهنگهكانیش، ئێستا ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی “ساخته‌كاری”یان لێكراوه‌و ئه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه ده‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆیان نییه.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ “نیقاش” وتی: “ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ ئه‌و چوار لایه‌نه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم گرنگه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێته هۆی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسیان”.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كگرتوو نایشارێته‌وه، له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و لایه‌نانه “شكست”یان هێناوه‌و وتیشی: “ده‌بێت ئه‌م لایه‌نانه بهمیكانیزمو به‌رنامه‌ی نوێوه بچنه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ن”.
جگه بیانووی “ساخته‌كاری” رێژه‌ی به‌شداری خه‌ڵكی له‌هه‌ڵبژاردن، به‌هۆكارێكی تر بۆ “شكست”ی لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌زانرێت، ترس زۆره له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌وه دووباره بێته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایار، رێژه‌ی به‌شداری له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق 44.52% بووه، له‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان-یش به‌شێوه‌یه‌ك بووه، هه‌ولێر 43%، سلێمانی 50%، دهۆك 51% بووه.
كاروانی له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه، كۆتایی به‌و بۆشاییه نه‌هێنن كه له‌نێوان ئهوانو خه‌ڵك دروست بووه، دوورنییه، جارێكی تر رووبه‌ڕووی هه‌مان كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق ببنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین زیان ده‌بێت بۆ رێژه‌ی دهنگهكانیانو كه‌مكردنی زیاتر”.
هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌و لایه‌نانه، ئه‌و رێژه‌ی به‌شدارییه له‌هه‌ڵبژاردن كه‌مه‌و ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌شی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه، به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكیش بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌و لایه‌نانه هیچ به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراویان نییه.
به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ “نیقاش” ده‌ڵێت “رێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق زۆر كه‌مبووه، ئه‌گه‌ریش هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم دووباره‌بێته‌وه، كه هۆكارێك ده‌بێت بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كان به‌گشتی”.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی چیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان؟ به‌ڵێن ئیسماعیل ده‌ڵێت: “هێشتا زووه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین، ئێمه له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كار ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی دهنگدانو زۆرترین به‌شداریش هه‌بێت”.
هاوكات لایه‌نه‌كان نایشارنه‌وه كه كه‌می به‌شداری خه‌ڵك زیانی زۆریان لێده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك جگه له‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كه‌مده‌كات، كه‌می به‌شداری هۆكارێكیش ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه ئه‌نجامدانی “ساخته‌كاری” بۆ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌بێت.
هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری یه‌كێكه له‌و لایه‌نه ناڕازییانه‌ی هه‌رێم، كه له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق زۆرترین كاریكرد بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ترسی خۆی ناشارێته‌وه، جارێكی تر كه‌می به‌شداری خه‌ڵك زیانیان پێبگه‌یه‌نێت.
رێبوار كه‌ریم مه‌حمود وته‌بێژی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری بۆ “نیقاش” وتی: “كه‌می به‌شداری خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردنی عێراق هۆكارێك بوو بۆ ده‌نگی لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم، ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه چاره‌سه‌رنه‌كرێت، ئه‌وه هه‌مان رێژه دووباره‌بێته‌وه”.
رێبوار وتیشی: “ئه‌و پرسه ته‌نیا به‌هاوپه‌یمانی، یان لایه‌نێكی دیاریكراو چاره‌سه‌رناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان بهپێكهوهیی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نووسی هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه هه‌یه”.
هه‌رچه‌نده لایه‌نه ناڕازییه‌كان ترسێكی زۆریان له ئه‌نجامدانی “ساخته‌كاری”و كه‌می به‌شداری خه‌ڵكیان له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دراون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چوار لایه‌نه به‌یه‌ك لیست به‌شداری بكه‌ن، تائێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
رێبوار كه‌ریم له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: “هه‌وڵی زۆر هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سێ لایه‌نه‌كه‌ی تر هاوپه‌یمانی دروست بكه‌ین، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووین بهرێككهوتنو ئه‌و پرسه بۆ دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ڵگیراوه”.
وته‌بێژی هاوپه‌یمانی ده‌شڵێت: “ده‌بوو ئه‌و لایه‌نانه به‌هه‌ر نرخێك بووه به‌یه‌ك هاوپه‌یمانی بچنه هه‌ڵبژاردن، چونكه ئه‌وه تاكه رێگه ده‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م متمانه بۆ خه‌ڵك بگێڕنه‌وه بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هه‌م بهپێكهوهیی كار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی “ساخته‌كاری” بكه‌ن.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی دان به‌وه‌دا ده‌نێت، ئه‌و لایه‌نانه متمانه‌یان به‌یه‌ك نه‌بووه‌و نه‌بوونی ئه‌و متمانه‌یه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانن ئه‌و هاوپه‌یمانییه دروستبكه‌ن، كه ئه‌وه زیانی زۆریان لێدهداتو له‌هه‌ڵبژاردنیش ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بینن.
كاروانی باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه ئه‌و لایه‌نه‌نانه ده‌توانن له‌دوای هه‌ڵبژاردن قه‌ره‌بووی ئه‌وه بكه‌نه‌وه‌و كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لهفراكسیۆنێكی هاوبه‌ش دروستبكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه بتوانن رووبه‌ڕووی ئه‌و لایه‌نانه ببنه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاتن.
هۆشداریش ده‌دات به‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دوا ده‌رفه‌ت ده‌بێت بۆیان، چونكه ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه نه‌گه‌ن به‌ده‌سه‌ڵات، قه‌یرانی سیاسی “راسته‌قینه” دروست ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی “ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌رێمیان تووشی قه‌یران كردووه، هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵات ده‌مێننه‌و چیتر هیچ لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆنیش متمانه‌ی ئه‌وه‌ی نابێت، ببێته جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌و شێوه‌یه‌ش قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن”.
هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ دوو گره‌وی گه‌وره‌یان له‌پێش بوو، گره‌وی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق‌و دووه‌میش ئه‌وه‌ی كوردستانه.
له‌جه‌وله‌ی یه‌كه‌مدا یارییه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو هێزه باڵاده‌سته‌كه (پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان) كۆتایی هات، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو بۆ ئه‌و دوو هێزه، پاشه‌كشه‌و شكستێكی گه‌وره‌ش بوو بۆ هێزه‌كانی دیكه.
هێزه نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵات شكسته‌كه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی خۆیان بوو، به‌جۆرێك كورسییه‌كانیان به‌نزیكه‌یی بۆ نیوه كه‌می كرد، له‌هه‌ڵبژاردنی 2014 بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 9 كورسی په‌رله‌مانی عێراقی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام ئه‌مجاره بۆ 5 كورسی كه‌مبووه‌وه، یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌چوار كورسییه‌وه بۆ 2 كه‌مبووه‌وه، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش له 3 كورسییه‌وه بوو به‌دوو كورسی.
هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری كه به‌رهه‌م ساڵی سه‌ركرده‌ی دیاری پێشووی یه‌كێتی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، هه‌رچه‌نده گره‌وی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌كرد، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردندا ته‌نیا دوو كورسی به‌ده‌ستهێنا، نه‌وه‌ی نوێ-ش كه دیسانه‌وه هێزێكی نوێیه‌و هیچ كام له‌به‌ره‌ی دهسهڵاتو ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نایانه‌وێ له‌سه‌ر خۆیان حیسابی بكه‌ن، له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردندا بووه خاوه‌نی چوار كورسی.
ئه‌مجاره هه‌ردوو به‌ره‌كه له‌ململانێیه‌كی یهكلاكهرهوهدان، حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌یانه‌وێت له‌و سه‌ركه‌وتنه‌یان پاشه‌كشه نه‌كه‌ن‌و حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به‌هیوای هه‌ستانه‌وه به‌ختی خۆیان تاقیده‌كه‌نه‌وه.