و. پێشڕەو محەمەد
لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، لە 14ی ئازاری 1883، سەعات 2 و 45 دەقە، گەورەترین بیرمەندی ڕۆژگاری ئێمە لەبیركردنەوە وەستا. تەنها دوو دەقە بەتەنها بەجێمان هێشتبوو، و كاتێك گەڕاینەوە بینیمان بەئارامی لەسەر كورسییەكەى خەوتووە، بەڵام بۆ هەمیشە خەوتووە.
لەدەستدانی ئەم ئینسانە زیانێكی هێندە گەورەیە بۆ پرۆلیتاریای خەباتگێڕی ئەوروپا و ئەمریكا و بۆ مێژووی زانستەكان كە ناتوانین پاشهاتەكانی بژمێرین. ئەو شوێنە بەتاڵەى بەهۆى ڕۆیشتنی ئەم ڕۆحە گەورەوە دروست بووە، بەزوویی لەهەموو شوێنێكدا هەستی پێدەكرێت.
بەوجۆرەى داروین یاسای پەرەسەندن یان سروشتی ئۆرگارنیی و زیندووی بوونەوەرانی كەشفكرد، مارسیش یاسای گەشەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتیی دۆزییەوە: ئەو ڕاستییە سادەیەی تا پێش ماركس، لەژێر چەتری گەشەى بێئەندازەى ئایدیۆلۆژیادا حەشاردرابوو، ئەو ڕاستییەى مرۆڤایەتیی پێش ئەوەى بتوانێت بیر لە سیاسەت، مەعریفە، هونەر و ئایین و هتد بكاتەوە، دەبێت بخوات، بخواتەوە، شوێنی نیشتەجێبوون و پۆشاك و هتدی هەبێت؛ ئەو ڕاستییەى كەواتە بەرهەمهێنانی ئامرازە دەستبەجێ ماددییەكان و سەرەنجام بڕی گەشەى ئابووریی بەدەستهێنراو لەلایەن خەڵكێكی دیاریكراو یان لە هەر قۆناغێكی دیاریكراودا، ئەو ژێرخان و بناغەیە پێكدەهێنێت كە لەسەرییەوە، دامەزراوەكانی دەوڵەت، چەمكە یاسایی و مافناسییەكان، هونەر و تەنانەت ئایدیاكانی ئەو خەڵكە دەربارەى ئایین پەرەیان سەندووە… و لەژێر ئەم ڕۆشناییەدایە كەواتە دەبێت هەموو ئەمانە لێكبدرێنەوە، نەك بەپێچەوانەوە، هەربەوجۆرەى تا ئێستا ئەنجام دراوە.
بەڵام ئەمە هەموو شتێك نییە. ماركس یاسای تایبەتی جوڵەى باڵادەست بەسەر مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی ئەم سەردەمە و كۆمەڵگا بۆرژوازییەكەى دۆزییەوە كە بەهۆى ئەم مۆدێلی بەرهەمهێنانەوە سەریهەڵداوە. دۆزینەوەەى زیادەبەها، لەناكاو كێشەیەكی ڕوونكردەوە كە هەم ئابووریناسانی بۆرژوا و هەم ڕەخنەگرانی سۆسیالیست كە دەیانویست چارەسەری بكەن، لەهەموو لێكۆڵینەوەكانی پێشوودا، لە تاریكیدا بۆی دەگەڕان.
ئەم دوو جۆرە دۆزینەوەیە بۆ تەمەنێك كافییە. بەختەوەرە ئەو كەسەى تەنانەت بتوانێت دەستی بەیەكێك لەم دۆزینەوانە بگات. بەڵام لە هەر بوارێكدا كە ماركس لێكۆڵینەوەى لەسەر كردبێت – و ئەو لەلێكۆڵینەوەى لە زۆر بواری جۆراوجۆردا ئەنجام داوە كە هیچ یەكێكیان لێكۆڵینەوەى ڕووكەشانە نەبوون – لە هەموو بوارەكاندا، تەنانەت لە ماتماتیكیشدا، گەیشتووە بە كەشف و دۆزینەوەگەلی سەربەخۆ.
بەمجۆرە بوو پیاوی زانست. بەڵام ئەمە هێشتا تەنەت نیوەى وەسفی ئەو نییە. زانست بۆ ماركس لەڕوانگەى مێژووییەوە هێزێكی دینامیك و شۆڕشگێڕانە بوو. ئەگەرچی بۆ ئەو دۆزینەوەى نوێ لەم یان ئەو بوارەى زانستی تیۆریدا كە ڕەنگە هێشتاش بەكارهێنانەكانی بەتەواوی قابیلی وێناكردن نەبووبێت، خۆشحاڵییەكی زۆری بەدواوە بوو، كاتێك دۆزینەوەكان كاریگەرییەكی خێرا و شۆڕشگێڕییان لەسەر پیشەسازییەكان و لەسەر پەرەسەندنی مێژوویی لەگشتێتیدا دادەنا، خۆشییەكی تەواو جیاوازی تێدا بەدیدەكرا. بۆ نموونە، ئەو لە نزیكەوە موتابەعەى پێشكەوتنەكان و دۆزینەوەكانی بواری كارەبای دەكرد و بەم دواییانەش بەتایبەت موتابەعەى كارەكانی مارسێل پۆپرەی دەكرد.
ماركس پێش هەر شتێكی دیكە، ئەو شۆڕشگێڕێك بوو. بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەى لەژیاندا ئەوە بوو هەرچۆنێك و بەهەر ڕێگایەك بێت كۆمەك بە لەناوبردنی كۆمەڵگای سەرمایەداریی و دامەزراوە دەوڵەتییە داهێنراوەكانی بكات، كۆمەك بە ئازادیی و ڕزگاربوونی پرۆلیتاریا بكات، كە خۆی یەكەم دروستكەری وشیاریی پێگەكەی و پێداویستییەكانی بوو و وشیاریی بەسەر هەلومەرجەكانی ڕزگاربوونیدا بوو. خەباتكردن سروشتی ئەو بوو. بەمجۆرە جۆش و خرۆشەوە، بەم جۆرە سەرسەختیی و سەركەوتنەوە خەباتی كرد، كەمتر كەسێك دەتوانێت ململانێی لەگەڵدا بكات.
كارەكە لەیەكەم “ڕاینیشە تسایتونگ” (1842)، ڕۆژنامەى “بۆپێشەوە”ی پاریس (1844)، “ڕۆژنامەى ئەڵمانیی-برۆكسل” (1847)، “نۆیە ڕاینیشە تسایتونگ” (1848-1849)، و سەرەڕای نامیلكە خەباتگێڕییە زۆرەكان، كاركردن لە ڕێكخراوەكانی پاریس، برۆكسل و لەندەن و سەرەنجام تاجی سەری هەموو ئەمانە، پێكهێنان و دامەزراندنی ئەنتەرناسیۆنالی كرێكاران – ئەمە خۆی لەڕاستیدا دەستكەوتێك بوو كە بەڕاستی دامەزرێنەرەكەى دەتوانێت شانازیی پێوەبكات ئەگەر تەنانەت هیچ كارێكی دیكەشی نەكردبێت.
و لەئەنجامدا، ماركس لەڕوانگەى ڕق و تۆمەتبەخشینەوە و قسەپێگوتن و تۆمەت بۆدروستكردنەوە، یەكەم كەسی ڕۆژگارەكەى بوو [واتا هیچ كەس هێندەى ئەو تۆمەتی بۆ دروستنەكرا و سوكایەتیی پێنەكرا]. حكومەتەكان، هەم ستەمكارەكان و هەم كۆمارییەكان، ئەویان لە وڵات و قەڵەمڕەوەكانی خۆیان دوورخستەوە و دەریانكرد. بۆرژوازەكان، هەم كۆنەپارێزەكان و هەم دیموكراتە توندڕەوەكان، پێشبڕكێیان بوو لە تۆمەتبەخشینەوە و قسەگوتن پێی. هەموو ئەمانەی وەك تەونی جاڵجاڵۆكە پاك دەكردەوە، فەرامۆشی دەكردن و تەنها كاتێك وەڵامی دەدایەوە ئەگەر زەروورەتێكی تەواوی هەبووایە. و ئەو كۆچی دوایی كرد لەكاتێكدا ملیۆنان كرێكاری شۆڕشگێڕی هاوخەباتی ئەو – لە كانەكانی سیبریاوە تا كالیفۆرنیا، لەهەموو بەشەكانی ئەوروپا و ئەمریكا، لەناخی دڵییانەوە ماركسیان خۆشدەویست، ڕاستگۆیانە ڕێزیان لێدەنا و ئێستا بەهۆى لەدەستدانییەوە لەماتەم و پرسەدان – و ئەگەرچی ڕەنگە نەیارانی زۆر بوون، بەڵام بەئازایەتییەوە ڕایدەگەیەنم تەنانەت یەك دوژمنی شەخسی نەبووە