لەم کاتەدا کە لە ئاسمانی عەفریندا سوپای تورکیا خەڵک بومباران دەکات، گروپەکانی داعش لەگەڵ گروپە تورکەکاندا لەسەر زەوی هێڕش دەکەن. لەم ساتەدا لە سەنتەری عەفرین نزیک دەبنەوە. ئەمە کوشتارگەیەکی ڕێکخراوە، شەڕێکی تۆتاڵە دژی کورد. بەم شێوەیە ئەردۆگان لەناو خوێندا هەژمونی هەرێمایەتی خۆی بنیاد دەنێت، کە دەرەنجامە جیۆ- سیاسییەکانی تا بڵێی مەترسیدارن بۆ سەر ناوچەکە، بەڵام بۆ سەر هەمو دنیاش کە مۆڵەت دەداتە داعش خۆی بنیاد بنێتەوە.
بەرامبەر ئەم کوشتارگەیە، ئەم مەترسییە، ناتوانین بێدەنگ ڕاوەستین و ئەم شەو پەیوەندیم کرد بە کۆشکی ئێلیزێ-وە. ئەندام پەرلەمان ژان پۆل لۆکۆک، سەرۆکایەتی لیژنەی کاروباری دەرەوەی لە پەرلەمانی فەرەنسا ئاگادار کردەوە. ئێمە داوای تەدەخولی فەرەنسا، یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین بۆ وەستاندنی ئەم پرۆژە شێتانەی ئەردۆگان بەهەر شێوازێک بێت.
داوا لە پێشکەوتنخوازان، هێزە دیموکراتخوازەکان، نوێنەرەکان، تێکۆشەران لە پێناو ئاشتیدا دەکەم، ئەمڕۆ خۆیان ڕێکبخەن بۆ ڕۆژانی داهاتو. من لە خۆپیشاندانی پاریسدا لە کاتژمێر (٢:٣٠)ی دوای نێوەڕۆ لە مەیدانی کۆماریی تا شاتۆلێ ئامادە دەبم و بانگی هەمو ئەوانە دەکەم کە خوازیاری ئاشتین، بەشداری بکەن.
کۆمۆنیستەکانی فەرەنسا بەشداری دەکەن و لە پێناو ئاشتی و پاڵپشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان کە ئازارێکی زۆری چەشتوە، لەهەمو شوێنێک دەسپێشخەری یەکگرتو دەبن بۆ یارمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندان. تاکید دەکەمەوە بۆ هاوڕێ کوردەکانمان لە سور بونمان لەسەر ڕاگرتنی ئەم کوشتارگەیەو دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم جینۆسایدە.
پییر لۆران، سکرتێری نیشتمانیی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا