كاتێك شۆڕشی ڕووسیای ساڵی 1917 سەركەوت، ئەوە بۆ لینین و ترۆتسكی و ئەوانیدیكەش ڕوون بوو كە هەلومەرجی ئابووریی بۆ سۆسیالیزم لە ئاستی “جیهانی”دا ئامادەیە، بەڵام ڕووسیەى تەریك و گۆشەگیر ڕەنگە نەتوانێت وەك دەوڵەتێكی كرێكاریی زیندوو بمێنێتەوە. لینین دەنووسێت “ئێمە هەمیشە بەختی خۆمان خستە نێو قوماری شۆڕشی جیهانییەوە… بەئەنجامگەیاندنی كارێكی وەك شۆڕشی سۆسیالیستیی لە یەك وڵاتدا، كارێكی مەحاڵە” [هەمان تێزی ستالین و بەشێكی دیكەی ئەندامانی بەلشەڤیك، كە ترۆتسكی لە كۆتایی كتێبی دووەمی مێژووی شۆڕشی ڕووسیا بەوردیی خولیای ستالین و زۆرێكی دیكەى بۆ ئەم تێزە دەرخستووە، و پاشان ستالین بەئاشكرا هەم بانگەشەى بۆ دەكات و هەم سۆسیالیزم لەیەك وڵاتدا بەرەو بیرۆكراسییەت و دواتر بەرەو سەرمایەى دەوڵەتیی و دیكتاتۆرییەت و تۆتالیتاریزمی دەبات، هەر بانگەشەیەكی لەم چەشنە ڕژێمی ستالینیی سەرەنجامەكەى دەبێت، سۆسیالیزم یان جیهانییە یان هیچە و مەرگ چارەنووسەكەى دەبێت، هەروەك چۆن مەرگ چارەنووسی سۆڤێتی دیاریكرد-وەرگێڕ].
كاتێك بیرۆكراسیی ستالینیستیی سەرەتاكانی دەیەى 1920 سەریهەڵدا، ترۆتسكیی كە لە ڕێكخەرانی سەرەكیی ڕاپەڕینی 1917 بوو، بوو بە پاڵەوانێكی گەورەى خەبات دژی ستالین. لینین پێش ئەوەى كۆچی دوایی بكات لە ساڵی 1924دا، دەستیكردبوو بە تەحەداكردن و ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم بیركۆراسییەتە: بۆ نموونە پێشنیاریی لابردنی ستالینی لە سكرتێریی گشتیی حزب كردبوو كە كۆمیتەى ناوەندیی دوای مەرگی لینین، ئەم وەسێت و پێشنیارەى شاردەوە. [لینین ئەم پێشنیارە دەداتە كرۆپسكایای خێزانی و ستالین كە سیخوڕی بەسەر كرۆپسكایاوە كردووە بە مەسەلەكە دەزانێت و تەنانەت زلەیەكی پیا دەكێشێت، دوای مەرگی ستالین، هەموو بەڵگەنامەكان ئاشكرا دەبن – وەرگێڕ].
ترۆتسكیی وەك “یەكەم قۆناغی گەڕانەوەى بۆرژوازیی” ڕژێمی ستالین مەحكوم دەكات. ئەو بە گەڕانەوە بۆ ماركس دەڵێت دامەزراندنی “سۆسیالیزم لەیەك وڵات” لە بنەڕەتدا هەموو شتێكە دامەزراندنی سۆسیالیزم نەبێت؛ هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە لە بارودۆخی دەگمەنیدا، تەنها دەبێتە هۆى زیندووبوونەوەى پەیوەندییە نایەكسانییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لەڕووسیادا.
ترۆتسكی بانگەواز بۆ لەناوبردنی بیرۆكراسییەتی نێو دەكات: شۆڕشی سیاسیی. نازناوێكی تازە سەریهەڵدا: “ترۆتسكیست”. چەندین پڕوپاگەندەى دەوڵەتیی بەڕێوە دەبرێت بۆ ئەوەى “بسەلمێنرێت” كە ترۆتسكی درەنگ هاتۆتە ناو حزبی بەلشەڤیكەوە و لە سەرەتاوە تاكۆتایی لەڕاستیدا چالاكیی بۆ لاوازكردنی شۆڕش نواندووە.
ترۆتسكی ڕێبەرێكی گونجاو بوو بۆ ئۆپۆزیسیۆنی نوێی چەپ لە ڕووسیا. تیۆریی “شۆڕشی بەردەوام”ی ئەو، ئەوەى ڕوونكردبووەوە كە خەسڵەتی “ئاوێتە و تێكەڵ”ی گەشەى ئابووریی ڕووسیا – خەسڵەتێك كە مۆدێرنترین پیشەسازیی دەبەستێتەوە بە دواكەوتووترین ئابووریی جووتیارییەوە – بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕ دەهێنێتە بوونەوە كە وەزیفە و ئەركەكانی شۆڕشێكی بۆرژوازیی و كرێكاریی تێكەڵ و ئاوێتەی یەكتر دەكات.
لیبڕاڵەكانی ڕووسیا دژی چینی كرێكار لەگەڵ كۆنەپارێزە خاوەن زەوییەكاندا یەكدەگرن. بە قەولی ترۆتسكی، “چەندە خەباتی جەماوەر ئازایانەتر[بێت]، گۆڕانی كۆنەپارێزیی لیبڕاڵیزم خێراتر [دەبێت]”. تەنها چینی كرێكاری ڕووسیا دەیتوانی ڕێبەرایەتیی شۆڕشێكی “بۆرژوازیی” بكات.
ئەمە كەم تا زۆر هەمان ئەو شتەیە كە ساڵی 1917 ڕوویدا. وێڕای ئەمە ئاسۆی ترۆتسكی، وەك لینین تەواو ئەنتەرناسیۆنالیستیی بوو. شۆڕشی ڕووسیا نەیدەتوانی دواجار سەربكەوێت، ئەگەر نەتوانێت شۆڕش فراوان بكات و پەرەی پێبدات. ترۆتسكی ساڵی 1906 دەنووسێت “بەبێ پشتیوانیی ڕاستەوخۆی حكومەتی پرۆلیتاریای ئەوروپا، چینی كرێكاری ڕووسیا ناتوانێت خۆى لەدەسەڵاتدا بهێڵێتەوە”.
ترۆتسكیی چاوەڕوانیی ئەوە بوو بە دەستێوەردانی سەربازیی دەرەكیی لە تەنیشت سوپا دژەشۆڕشەكان و لەناوبردنی فیزیكیی دەوڵەتیی كرێكاریی، شكستێكی گریمانەیی دەگات. بەڵام بەلشەڤیكەكان لە جەنگی ناوخۆییدا سەركەوتنیان بەدەستهێنا. شۆڕش لەبری ئەوەى لەناو بچێت، لەناوەوە داڕما. وێڕای ئەمە گۆشەگیریی شۆڕش، هەر بەو جۆرەى ترۆتسكی پێشبینیی كردبوو، بووە هۆى ئەوەى كرێكارانی ڕووسیا دەسەڵات بۆ دژەشۆڕشێكی بیرۆكراتیی بدۆڕێنن.
زۆر نووسەر دەربارەى بلیمەتیی ترۆتسكیی و گەمژەیی و حەماقەتی ستالین بیروبۆچوونیان دەربڕیوە. ئەى باشە چۆن دەتوانین سەركەوتنی ستالین و شكستی ترۆتسكیی ڕوون بكەینەوە؟ هێزی ترۆتسكی وەك ڕێبەرێك، پەیوەندیی بە بەهێزیی باڵای چینی كرێكارەوە هەبوو. لەكاتێكدا ستالین و بیرۆكراسیی هێزی خۆیان لە لاوازیی چینی كرێكارەوە وەردەگرت.
سەرەڕای ئەمانە، ڕەخنە و شیكاریی زیرەك و عاقڵانە و توندی ترۆتسكی بۆ داڕمانی شۆڕش، هەلومەرجی بۆ سەركەوتنی خوازراوی ستالین بەدیهێنا. ترۆتسكیی لەكۆتاییدا ساڵی 1928 لە یەكێتیی سۆڤێت دوورخرایەوە. دوای دەیەیەك، ستالین وەك دژەشۆڕشێكی كامڵ و پێرفێكت دەركەوت و هەموو ئاسەوار و نیشانەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917ی لەناوبرد.
ستالین تەنها بە برەودان بەئایدیا و بیروبۆچوونە لەبنەڕەتدا دژەماركسیستییەكانەوە لەژێر چەتر و پەردەى ماركسیزمدا نەوەستدا (بۆ نموونە تیۆریی “سۆسیالیزم لەیەك وڵات”، كە چەمكێكی ڕێكخراوەیی تەواو بیرۆكراتییانە بوو نەك دیموكراتییانە)، بەڵكو دەستیكرد بە پاكتاوكردنی جەستەیی و فیزیكیی ڕێبەرانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر.
بە قەولی نیكیتا خرۆشۆڤ، ستالین 70%ی ئەندامان و كاندیدەكانی كۆمیتەى ناوەندیی هەڵبژێردراوی ساڵی 1934 و 80%ی ئەو كەسانەى كوشت و لەناوبرد كە پێش ساڵی 1921 پەیوەندییان بەحزبەوە كردبوو.
خەباتی ترۆتسكی دژی كاریگەریی ستالینیزم بابەتی لێكۆڵینەوە و مشتومڕی دواتری ئێمە دەبێت.
لە وێب سایتی فەرمی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەكان وەرگیراوە و كراوە بەكوردیی