لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت جیاوازی نرخی یەکەی کارەبا لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان

جیاوازی نرخی یەکەی کارەبا لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان

0 تێبینییەکان 30 بینینەکان

له‌كوردستان له‌ماوه‌ی‌ دو ساڵدا نرخی‌ یه‌كه‌ی‌ كاره‌با 500% زیادكراوه

به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی‌ یه‌كه‌ی‌ كاره‌با نیگه‌رانی‌ لای‌ پیشه‌سازكارانی‌ كوردستان دروستكردوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگه‌یه‌كی‌ چیمه‌نتۆ ده‌ڵێت ” پێویسته‌ حكومەت كارئاسانی بۆ كارگەكان بكات نەك ئەركیان سەختر بكات”.

ئا: ئومێد عومه‌ر

لەپێناو كەمكردنەوەی نرخی بەرهەمەكانیان، حكومەتی عێراق، نرخی كارەبا لەسەر كارگە پیشەسازییەكان لە‌100 دینارەوە بۆ 60 دینار بۆ یەك كیلۆوات كەمدەكاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی كارەبای كارگە‌و شوێنە بازرگانیەكان زیاد دەكات، بەرێوەبەری كارگێری كارگەی چیمەنتۆی ماس لەبارەی گرانكردنی نرخی كارەبا، بەئاوێنەی راگەیاند ئەنگاوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكارێكە بۆ بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمەكان، ئەو وتی “لەهەمو وڵاتیك پێویستە حكومەت پشتیوانی لەبەرهەمە ناوخۆییەكانی بكات لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی ئابوری، بەڵام لەكوردستان بەپێچەوانەوەیە رۆژ لەدوای رۆژ نرخەكان لەسەر كارگە پیشەسازییەكان زیاد دەكرێت”. ئاماژە بەوەش دەكات پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رەچاوی ئەو خاڵە بكات كە ئەو كارگە‌و كۆمپانیا پیشەسازیانە هۆكارێكن بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ هەزاران كارمەند‌و كرێكار‌و جوڵەیەكیان لەبازار دروستكردوە.

ئەو وتی “ئەگەر ژمارەی كارگەكانمان زیاتر بوایە یان ئەو كارگانەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە مایە بوچ بون بمانیایە هاوكارێكی باش دەبون بۆ دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان، دەبێت حكومەت كارئاسانی بۆ كارگەكان بكات نەك ئەركیان سەختر بكات، پێش ساڵی 2016 نرخی كارەبا بۆ یەك كیلۆ 20 دیناری عێراقی بو، لەساڵی 2016 نرخەكە بەرزبویەوە بۆ 70 دینار، لەساڵی 2017 لەبری كەمكردنەوەی نرخەكە جارێكی دیكە بەرزیان كردەوە بۆ 100 دینار، كەواتە نرخەكە بەررزكراوەتەوە بۆ لەسەدا 300‌و زیاتریش”.
داواش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی كارەبای هەرێم دەكات چاو بەو بریارەیان بخشێننەوە‌و كارئاسانی بۆ كەرتی پیشەسازی بكەن لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی ئابوری، ئەو وتی “حكومەت هەتا نرخەكان بەرزبكاتەوە ئێمەش ناچار دەبین نرخی بەرهەمەكانمان بەگران بفرۆشین لەپێناو كەمكردنەوەی ئەو فشارانەی حكومەت‌و وەزارەتی كارەبا لەسەرمانی دروستكردوە، سەرئەنجامیش خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدەن”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی سەخت‌و دژواردا تێپەر دەبێت، بەجۆرێك بەشێكی زۆری كارگەو كۆمپانیاكان روبەروی داخستن‌و مایە پوچ بون هاتون، هەر بەهۆی داخستنی بەشێك لەو كارگەو كۆمپانیا پیشەسازیانە ژمارەیەكی زیاتری هاوڵاتیان بێكار ماونەتەوە، ئێستاش داوا دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاربێت بۆ مانەوەی ئەو كارگەو كۆمپانیایانەی ماونەتەوە، نەك بەهۆی فشارەكانیەوە روبەروی داخستنیان بكاتەوە. لەهەمان کاتیشدا ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، لەڕاگەیەنداروێکدا ناڕەزایی بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی یەکەی کارەبا دەردەبڕێت‌و داوا دەکات حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی کارەبا چاوبخشێننەوە بەبریاری بەرزکردنەوەی نرخی کارەبادا، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی ئاستەنگ دروستکردن بۆ گەشەی کەرتی تایبەت‌و کەرتی پیشەسازی‌.
بەرێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی، شێخ هیوا عەبدوڵڵا بە‌ئاوێنەی راگەیاند ئەو ئاگاداری نرخی كارەبای حكومەتی عێراق نیە، ئاماژە بەوەش دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو هەنگاوانەی گرتویەتیەبەر نرخی كارەبای بەرزكردوەتەوە بۆ 130 دینار بۆ یەكیلۆ وات لەیەك كاتژمێردا، وتیشی “لەكاتی بریاری زیادكردنی نرخی كارەبا حكومەت نەگەراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتیەكانی دابەشكردنی كارەبا”.
راشیگەیاند ئەوان كەم تازۆر تێبینیی خۆیان لەسەر بریارەكە هەیە، پێی وایە دەبو كارگە‌و شوێنە پیشەسازیەكان پۆلێن بكرانایە‌و جیاكاریی بكرایە نەك بەو شێوەی بریاری لەسەر دراوە، ئەو وتی “تێبینی ئێمە لەسەر بریارەكە ئەوەیە دەبو حكومەت رەچاوی ئەوەی بكردایە، كە نابێت دوكانی بچوكی گەرەكێك وەك كارگەیەكی گەورەی پیشەسازی لەسەر نرخی كارەبا یەك مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، بریارەكە بوەتە مایەی نیگەرانی‌و گلەیی خەڵك، چونكە دوكانێكی بچوك ئەگەر بەجیاوازییەكی كەمیش بێت، جیاوازیی نەكراوە لەگەڵ گۆمپانیایەكی گەورەی پیشەسازی”.

ئەمەی خوارەوە جیاوازی نرخی یەکەی کارەبایە لەهەرێمی کوردستان و عێراق – خشتەی یەکەمیان کوردستانەو دوەمیشیان عێراق

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە