هیوا عومەر :
چی دەگوزەری ؟
1
دۆخی هەرێمی كوردستان لە ئاستی سیاسی وئابوری وتەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی گەراوەتەوە چوارگۆشەی یەكەم .
لە ئاستی سیاسی نەتوانرا گشەی سیاسی و ئیستقراری سیاسی دروست ببێت بەهۆی غیابی بەشداری سیاسی راستەقینە وهێنانە كاییەی چەمكی هاوڵاتی كارای كوردستانی .
لە ئاستی ئابوری و داهاتی تاك ، ئامارەكان ئاماژەی ترسناك نیشاندەدەن لە بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری وبێكاری و فراوانبونی ناوەندی پەراوێزخراوەكان نەمانی چینی ناوەندو بەپێچەوانەشەوە نوخبەیەكی بچوك لەناو یا نزیك لە دەسەڵات بۆنەتە ملیۆن دێر وملیاردێر ؟
رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەریش پێ وتین ئەم دەسەڵاتە لەوە كەوتوە بتوانێت قۆناغی رزگاری نیشتمانیش تەواوبكات كە بەپێچەوانەوەی زۆربەی وڵاتانی دوونیا پارتە راستڕەو نەتەوییەكان پێشڕەوی تەواوكردنی ئەوقۆناغەبوینە ،كەچی ئەوانەی لای خۆمان نەیان توانی ئەورۆلەش ببینن .
2
رۆڵی چەپ لەمرۆدا
ریشەی تێكۆشانی هێزە چەپ وماركسی ودیموكراسیخوازەكانی عێراق وهەرێمی كوردستان بۆنزیكەی سەدەیەك لەمەوبەردەگرێتەوە ،لەناوئەومێژووەدا سەرەرای وێستگەی جیاجیا بەڵام لاپەرەكانی تەژییە لەدەستكەوت بۆ هاوڵاتیان ،كەمەبەستی ئەم وتارە باسكردنی ئەورۆڵە مێژوییەنییە بەپێچەوانەوە قسەكردنە لە رۆڵ وبەرپرسیارەتی ئەمرۆ وسبەی چەپەكانی كوردستان .
سەرەرای ئەوشكستانەی بەرەی راستڕەو لەكوردستان كەچی بەشێوەیەكی زۆر سەتحی تابلۆی سیاسی هەرێمی كوردستان دابەشی دووبەرەكراوە یا بەشێوەیەكی تر دووقوتبی سیاسی بەناوی پرۆژەی سیاسی جیاواز لەزەهنیەتی خەڵك دروستكراوە لەنێوان پێنج حزبە حكومرانەكەی هەرێم .
رونتر بڵێم پارتە راستڕەوەكان تەنها ئیحتكاری دەسەڵات وحكومەتیان نەكردوە بەڵكوئیحتكاری فەزای گشتیشان كردوە كەبۆ دووهۆكاری سەرەكی دەگەرێتەوە . یەكەم ، لەرێگای ئەو دەزگا راگەیاندنەگەورانەی كەبەپارەی خەڵك بۆ چەواشەكردنی خەڵك بەكارهاتوون بەجۆرێك وا لە خەڵك دەگەینرێت ئەمرۆلە كوردستان ململانێ تەنها لەنێوان پێنج حزبە حكومرانەكەیە لە ژێر عینوانی (بەرژەوەندییەكانی خەڵك) كەهەرهەمویان بەو ناوەندە سیاسیە تازانەشی دروستبوون لە خاڵی تەبەنی كردنی سیاسەتی نیولیبرالزمی سەرمایەداری بەیەك دەگەن وجیاوازیان نییە .
3
هۆكاری دووەم ، بۆ خودی چەپەكانی كوردستان دەگەرێتەوە كە نەیان توانیوە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی سیاسی وئابوری واقعی بەرۆڵی مێژوویی خۆیان هەڵبستن و بەرەی دووەم دروست بكەن ،نالێم بەرەی سێیەم چونكە وەك لە سەرەوە رونمكردۆتەوە لەجەوهەردا ئەوان لەیەك بەرەدان ودوان نین .
لە لایەكی تر غیابی پرۆژەیەكی چەپی واقعی وایكردوە تۆمەتباربكرێن بە پاڵپشتیكردنی پرۆژەی ئەم وئەو ،كە هەندێكجار خودی ئەندامانی حزبەچەپەكان وكەسایتییەچەپەكانی دەرەوەی حزبەكانش كەوتونەتەژێر كاریگەری گوتار وهاشوهوشی راستڕەوەكان كە من وەك دەرئەنجامی غیابی دیدگایەكی چەپانەسەیری دەكەم .
لەباری سیاسەتی ئابوری كە كرۆكی كێشەكەو نارەزایەتییەكۆمەڵایەتییەكانە، ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان روودەدات وەك هەنگاوەكانی حكومەت لە برینی موچەی فەرمانبەران وزیادكردنی باج ورسومات لەسەر هاوڵاتیان وفرۆشتنی كەرتی گشتی بە كەرتی تایبەت، كرۆكی دیدگاو پرۆژەی حكومەتی هەرێمە لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پەیرەوكردنی سیاسەتی نیولیبرالزمی ئابوریی كە لە مانگی ئایاری 2016 وەك دیدگای حكومەت بۆ 2020 راگەینراوە .بەبێ ئەوەی هیچ كام لە پێنج حزبەكە نارازی ببن كەهەندێكیان ئەمرۆ وانیشانی خەڵكی نارازی دەدەن ئەوان جیاوازترن ، كە ئەمەش رەنگدانەوەی سروشتی دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستان .
بەپێی ئەم رێكەوتنەی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كراوە لەداهاتوودا چەندین هەنگاوی تردەنرێت بۆ گۆرانكاری لە پەیكەری ئابوری كوردستان كە هەڵومەرجی ئابوری وسیاسی كوردستاندەگۆری، وچوارچێوەیەكی نوێ بۆ ململانێی چینایەتی وتێكۆشانی جەماوەری دیاریدەكات و پێویستییەكی بابەتی بۆ رۆڵی چەپەكان هاتۆتەپێش ئەوەی بەربەستە لە ئاستی خودیدایە، كە دەبێت بگەرێنەوە بۆجەوهەری خۆمان ،ئەوەش پێویست دەكات بەچاوێكی رەخنەگرانە بەپەیوەندییەكانماندابچینەوە لە رابردوو لەگەڵ حزبە راستڕەوەكان و دەستپێشخەری چوارچێوەیەكی تازەبكەین بۆداهاتوو كە لەئاست ئەم قۆناغدابێت بۆتێكۆشانی چەپەكانی كوردستان لەپێناو داكۆكی كردن لە مافە وئازادییەكان .