کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوا و باکووری سوریا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی ناحیە و قەزا و کانتۆنەکان کۆتایی پێهات و دەرگای بنکەکانی دەنگدان و سندوقەکان داخران.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا ڕایگەیاند، لە دوای ٢ کاتژمێر لە درێژکردنەوەی وادەی دەنگدان، لە کاتژمێر ١٠ی شەوی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارۆچکە، شارەکان و کانتۆنەکان لە ڕۆژئاوا و باکووری سوریا کۆتاییان پێهات.
ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارۆچکەکان، شارەکان و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمەکانی جزیرە، فورات و عەفرین بەڕێوەچوون، کە ٦ کانتۆنی قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ، گرێ سپی، عەفرین و شەهبای لە خۆگرتبوو.
لەو هەڵبژاردنەدا لیستی نەتەوەی دیموکراتیک کە ١٤ حزبی لە خۆی گرتبوو و لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی کە ٥ حزبی لە خۆی گرتبوو، لەگەڵ ٣٦٧ پاڵێورای سەربەخۆدا کەوتبوونە ململانێ و بانگەشەی هەڵبژاردن.
لیستی نەتەوەی دیموکراتیک لەم حزبانە پێکهاتبوو، پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، پارتی چەپی کوردی لە سوریا، دەستەی نیشتمانیی عەرەبی، پارتی موحافزکارانی دیموکرات، پارتی یەکێتیی سوریانی، پارتی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لە سوریا، پارتی گۆڕانکاریی دیموکراتیک، پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستان، پارتی ئاشتی و دیموکراتیکی کورد، پارتی دیموکراتیکی کوردی سوریا، پارتی برایەتیی کوردستان، پارتی دیموکراتیکی کوردی سوریا، بزووتنەوەی نوێخوازی کوردستان و حزبی سەوزی کوردستان.
لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەم حزبانە پێکهاتبوو، پارتی چەپی دیموکراتیکی کورد لە سوریا، پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا (ئەلپارتی)، پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتیکی کورد لە سوریا، پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کورد لە سوریا (یەکێتی) و بزووتنەوەی چاکسازی.
لەو ٣ هەرێمەدا ٨٠٠ هەزار و ٤٩٥ کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و بە گشتیش ٥ هەزار و ٧٢٠ کەس خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە پاڵاوتبوو. لەو ٣ هەرێمەشدا هەزار و ٣٠٣ ناوەندی دەنگدان بۆ دەنگدەران کرابووە.
جگە لە حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، شاندی هەدەپە، گۆڕان، یەکێتی، پارتی و رێکخراوی دەنگ و لە دەنگدانیش ئەولاتر لە تورکیاوە چووبوون بۆ چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن.
ئاسایشی ئەو هەڵبژاردنەش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا، هێزی پاراستنی خۆجێی و ئاسایشی سوتۆرۆ (ئاسایشی ئاشووریەکان و مەسیحییەکان)ەوە دابینکرابوو. هەروەها ١٠ هەزار و ٨٢٥ کەسیش لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەرکدارکرابوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
ئەو هەڵبژاردنە سێیەم هەڵبژاردنە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت. پێشتر و لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٧دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنە خۆجێیەکان (کۆمینەکان) و لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٥ یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە کانتۆنی جزیرە و بە دوای ئەویشدا لە کانتۆنی عەفرین بەڕێوەچووبوون.
بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی هەرێمەکان و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (پەرلەمان) بۆ سیستمی فیدڕاڵی دیموکراتیکی باکووری سوریا لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ بەڕێوە بچێت، کە بە گرنگترین قۆناغی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا دادەنرێت.