راپۆرتی: ئاننە مارییە:
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف:
چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی قەڵا سەرەکییەکانیان لە دەستداوە، بەڵام بۆ ئێزیدییەکی رزگاربووی وەک نادیە موراد، شەڕێکی نوێ تازە دەستی پێکردووە.
دوای سێ ساڵ لە راکردن لەژێر چنگی چەکدارەکان لە باکووری عێراق، نادییە موراد پەردە لەسەر یادەوەرییەکی تۆقێنەر هەڵدەماڵێت ” دوایین کچ” لەبارەی ئێش و ئازار و نەهامەتیی ئەوە وەک کۆیلەیەکی سێکسی. هەوڵە تاکەکەسییەکانی نادیە موراد، لەرێی ئەمەل کلۆنی پارێزەری مافەکانی مرۆڤەوە، بۆ پەلکێشکردنی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامییە بۆ بەردەم دادگا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژیی لە دژی گەلی ئێزیدی.
“ئەوە شتێک نییە خۆم هەڵمبژاردبێت” نادییە مورادی تەمەن ٢٤ ساڵان لە دیمانەیەک لە لەندەن وای وت. “دەبوو کەسێک ئەم چیرۆکانە بگێڕێتەوە. ئەمە ئاسان نییە”
کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی لە ٢٠١٤ دەستی گەیشتە ناو باکووری عێراق، هەزاران کەس لە ئێزدییەکان کوژران و بە هەزاران زیاتریش رفێندران، لەنێویاندا ژنان و کچەکانیان کرانە کۆیلەی سێکسی. بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) رایانگەیاندووە کە ئەو توندوتیژییەی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدرا چووە خانەی جینۆساید، هەروەها ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیەکگرتووەکان تیمێکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەبارەی ئەو کارە وەحشیانەی لەمبارەیەوە لە عێراق ئەنجامدراون.
نادیە موراد بووە یەکەمین باڵیۆزی فەخریی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بۆ رزگاربووانی دەست بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ٢٠١٦، ئەو هەروەها هەوڵ و کۆششەکانی خۆی چڕکردووەتەوە لەبارەی چارەنووسی هەزاران لە ژنان و کچانی دیکەی ئێزیدی کە تائێستا یان لەژێردەستی داعش ماون یانیش لە کامپەکاندان ئەوانیش لەوێدا دەرباز بکرێن.
“ئامانجی ئەم کتێبە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هەموو کەسێک بزانێت چی بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و ئەوان تووشی چ ئێش و ئازارو دەردەسەرییەک بوونەوە” نادییە وای وت. “کەسانی دیکەی رزگاربوو ماون کە خەون بەوە دەبینین رۆژێک بێت ئەوانیش قسەکانیان وەربگیرێت لەبارەی ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسلامی چی بەرامبەر بە ئەوان کرد. دەکرێ چیرۆکەکانمان جیاوازی بێننە کایەوە”
کاتێک شەڕەکە دەستی پێکرد، نادیە موراد ئەو لە گوندەکەی خۆیان لە کۆجۆ لە باکووری عێراق خوێندکار بوو ژیانێکی ئارامی خۆی دەژیا.
“هەموو کەس هەژار بوون” ئەو وای وت. “ئێمە رازی بوون بەو ژیانە سادە و ساکارەی کە هەمانبوو” “ئێمە خەڵکێکی ئاشتیخواز و کراوە بووین”
چەکدارەکان لە ئابی ٢٠١٤ گەیشتنە کۆجۆ و فەرمانیان بە هەموو خەڵکەکە کرد کە بچنە نێو قوتابخانەی گوندەکە. دواتر پیاوەکان ناچارکران کە قوتابخانەکە بەجێبهێڵن، و زۆری پێنەچوو دەنگی تەقە بیسترا. بەمەش دەیان پیاو هاتنە کوشتن، لەنێو کوژراوەکاندا شەش برای نادیەی تێدا بوو.
نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانی تر، کەس و کارەکەی و دراوسێیەکانی خرایە نێو پاسێکەوە، و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستیان کرد بە دەستبردن بۆ جەستەی کچ و ژنەکان. یەک لە چەکدارەکان کراسەکەی لەبەر نادییە دەکاتەوە و هەوڵدەدات شتێک بکات “کە لەنێوان دوو عاشقدا روودەدات ئەو کاتەی کە هاوسەرگیری دەکەن” دەوڵەتی ئیسلامی دایکی نادیە جودا دەکەنەوە بۆئەوەی بیکوژن. ئەوان ئاگر لە ژنێکی بە تەمەن بەردەدەن.
نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانی تر دەبرێنە ماڵە دەوڵەمەندێک لە شاری موسڵ، لەوێدا حەشامەتێک لە پیاو دەست دەکەن بە پڕکێشکردنی ئەو کچە گەنجانە و هەرکەس کچێک بۆ خۆی رادەکێشێت.
پیاوێک جغارەکەی بەسەر گەدەی نادیە دەکوژێنێتەوە. پیاوێکی تر سێ ژن هەڵدەبژێرێت، لەبەرامبەردا دۆلاری ئەمریکیان پێدەدات. باقی تری کچ و ژنەکان دەبرێنە بازاڕی ئاشوبی کۆیلە، و هەر ئەو کەسەش بۆ خۆی دەیبات کە یەکەمین کەس دەبێت ئازارو ئەشکەنجەی دەدات.
“من وردەکارییەکان لە کتێبەکەدا باش دەکەم، لەبەرئەوە ناکرێ هەموو جارێک چیرۆکەکە بگێڕمەوە” ئەو بەوپەڕی نائومێدییەوە وای وت.
سەرکردایەتی دەوڵەتی ئیسلامی لۆژیکێکی ئایینی تایبەت بەخۆیانی هێنایەکایەوە تاوەکو رەوایەتی بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچان و ژنانی ئێزیدی بدات، لەنێویاندا کچانی تەمەن نۆ ساڵانیش.
بەشێک لە ژنانی ئێزیدی ژیانی خۆیان لەمەدا لەسەر دانا.
نادیە دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵیشی کرایە سەر وەک سزادانێک لەبەرامبەر ئەوەی کە هەوڵی راکردنی دا بوو.
“ئەوەی هێزی دایە بەر من ئەو سەدان کچە بوو، ئەگەر نەڵێم هەزارانیش، کە هاوشانی من دیل کرابوون” نادیە وای وت. “بەخۆمم وت، ئێمە دەبێ لەم کارەساتە بە زیندوویی بمێنینەوە و دەرباز بین”
رۆژێک، چەکدارێکی دەوڵەتی ئیسلامی نادیە بەتەنیا لە خانووێک بەجێدەهێڵێت، و نادیەش دەبینێت دەرگایەک کراوەتەوە. ئیدی دەچێتە حەوشە، بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێت و خۆی فڕێدەداتە خوارەوە بۆ نێو شەقامێکی چۆڵ و سامناک.
“مەسەلەکە پەیوەندی بە بوێرییەوە نەبوو” ئەو وای وت. “تۆ لە بارودۆخێکدایت کە تۆقێنراویت بەوەی بوونت خراوەتە ژێر هەڕەشەی مەرگ یان ئەشکەنجەدان. بۆیە تەواوی ئەوەی کە بیری لێدەکەیتەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانیت بەزیندوویی بمێنیتەوە و رزگارت بێت”
نادیە بەخێرایی بەنێو شەقامە تاریکەکانی موسڵدا بە پێ دەڕوات، رووخساری بە حیجابێکی درێژ داپۆشراوە. لەناکاو بەتوندی لە دەرگای ماڵێک دەدات و داوایان لێدەکات کە بەهانایەوە بچن.
ماڵەکەش رێگەی پێدەدەن کە بچێتە ژوورەوە و دواجار بە رێگای قاچاخ دەیگەیەننە دەرەوەی ناوچەکانی ژێردەستی دەوڵەتی ئیسلامی، بەناوی ژنی یەک لە پیاوەکانی ماڵەکەیان دەیپەڕێننەوە. لەو کاتەی کە بەنێو دوایین خاڵی پشکنیندا تێدەپەڕن، نادیە لەناکاو چاودەکەوێتە سەر وێنەی خۆی کە لەسەر کاغەزێکی نمایشکراو وەک یەکێک لە کەسە راکردووە داواکراوەکان.
نادیە رێگای کەمپی پەناهەندەیی دەگرێتە بەر و لە ٢٠١٥ وەک پەناهەندەیەک لە ئەڵمانیا قبوڵ دەکرێت. ئەو ئێستا، وەک بێوەژنێکی جەنگ، لەگەڵ خوشکێکی دەژیت، لە ئەپارتمانێک لە شتوتگارت.
نادیە ئێستاش هەر خەفەتێکی زۆر لەوە دەخوات و توڕەیە لەو خەڵکەی نێو موسڵ کە زۆربەیان ئامادە نەبوون یارمەتی ژنانی ئێزیدی بدەن بۆ دەربازبوونیان لە دەست داعش.
“نزیک بە دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی لە موسڵ دەژین و ٢٠٠٠ کچ و ژنی رفێندراویشی لێیە” ئەو وای وت. “هەزاران خانەوادە لە موسڵدا هەن کە دەیانتوانی یارمەتی کچە ئێزیدییەکانی تر بدەن، بەڵام نەیانکرد. ژنان لە موسڵ دەبوو حیجاب بپۆشن. لەبەرئەوە ئاسان دەبوو تاوەکو بەهۆی ئەمەوە ژنانی ئێزیدی دەرباز بکرێن”
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە کە یارمەتی ئێزیدییەکانیاندا بۆ رزگارکردنیان بە رێگەی قاچاخ ئەوا داوای هەزاران دۆلاریان دەکرد- براژنی نادیە یەک لەو ژنانە بوو کە بەبڕی 20,000 دۆلار بۆ ناوچەیەکی ئارام دەرباز کرا، نادیە وای وت.
هاوینی رابردوو، نادیە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆیان لە کۆجۆ وەک پاڵەوانێک پێشوازی لێکرا، و ئەو کاتەی کە پێی نایە نێو ماڵە وێرانکراوەکەی خۆیان، ئیدی دەستی بە گریان و فیغانێکی زۆر کرد.
“ئێمە تەمەننامان دەکرد چارەنووسمان وەک چارەنووسی پیاوەکان ببوایە و بکوژراباین، بەڵام لەجیاتی ئەوە، چەکدارە ئەوروپیەکان، سعودییەکان، تونسیەکان و هی وڵاتانی تریش هاتن و دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر ئێمە و کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە کرد” نادیە لە لێدوانێکی ئیرتیجالی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەوەی بە پەیامنێران وت.
نادیە ئومێدەوارە رۆژێک بێت ئەو لە دادگا چاوی بەو پیاوانە بکەوێتەوە کە دەستدرێژیی سێکسیان کردبووە سەر ئەو و لاقەیان کردبوو، هەروەها تراژیدیای ئەو ببێتە دوایین تراژیدی کە لەمبارەیەوە بەسەر کچان دابێت.
ئەو خۆزگە و بەرخوازییەکی (تموحێکی) دیشی هەیە و دەخوازێت ببێتە کەسێکی دەستڕەنگین لەبواری مکیاژ و قژبڕین، یان تەنانەت بتوانێت ببێتە خاوەنی ئارایشگای خۆی- ئەو شوێنەی کە عادەتەن خۆشترین شوێنە بۆ ژنان کە تێیدا نازیان رادەگیرێت و خزمەت دەکرێن.
“دەکرێ خەڵک لە ئایندە من وەک ستایلستێک بەیادبهێننەوە، نەوەکو وەک کەسێکی رزگاربووی دەست مەرگ”ی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو وای وت. “ئەوان دەکرێ ئەوە لەبیربکەن”
تێبینی: ئەم راپۆرتە لە رۆژنامەی واشتن پۆست لە رۆژی ٢٣ نۆڤێمبەری ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
https://www.washingtonpost.com/world/middle_east/somebody-had-to-tell-these-stories-an-iraqi-womans-ordeal-as-an-isis-sex-slave/2017/11/22/4241145c-c8be-11e7-b506-8a10ed11ecf5_story.html?utm_term=.02645c8d92c7