لەناو 50 وڵاتی جیهانی سێیەمدا، 40 شار بە شێوەی راستەوخۆ لە سەر هێڵی زەمینلەرزەن و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دوور نین لەو مەترسییە و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی لە زۆنی هێڵی مەترسی زەمینلەرزەدان.
زەمینلەرزە چۆن روودەدات؟
زەمینلەرزە لە ئەنجامی جوڵانی چینەکانی بەرگی بەردینی زەوی روودەدات، ئەو چینە بەردینانە یان لەیەكتر دوردەكەونەوە یاخود بەریەکتر دەکەون، ئەو کردارانە لە قوڵایی زەویدا روودەدەن.
بەرگی بەردینی زەوی لە ژمارەیەك چین پێكدێت كە نزیكەی 12 چینە و ئەم چینانە لە سەر چینێكی شل و نیمچە لینج و پلەی گەرمیی بەرزە، كاتێك زەوی لە سەر ڕێڕەوی خۆی دەخولێتەوە، چینە بەردین و لینجەکان لەیەکتر دووردەکەونەوەو بەرز دەبنەوە، بەهۆیەوە زەمینلەرزە روودەدات.
بەشێک لە پسپۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەڵکەندنی بیری نەوت یەکێکە لە هۆکارەکانی روودانی زەمینلەرزە، بەو پێیەی لەکاتی هەڵکردنی ئەو بیرانەدا، فشار دەخرێتەسەر توێکڵی زەوی و درز دروست دەبێت. زۆربەری کۆمپانیا نەوتییەکان هەوڵ دەدەن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بەوەی قەربووی دەرهێنانی نەوت لە قوڵایی زەوی بە تێکردنەوەی ئاوی دەریا چارەسەر دەکەن بۆ هەمان شوێن.
ئایا زەمینلەرزە پێشبینی دەکرێت؟
تا ئێستاش هیچ ئامارێکی دیارییکراو نییە کە بەشێوەیەکی دروست و زانستی بتوانێت پێشبینی روودانی زەمینلەرزە بکات، بەڵام چەند رێگایەک هەن بۆ ئەوەی ئاستی مەترسی لەسەر توێکڵی زەوی بزانرێت، لەوانە؛
1- ئامێری چاودێریی زەمینلەرزە (سازمۆگراف) کە بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی هەموو شێوە لەرزین و جوڵانەوەکان لەسەر زەوی، لەوانە جوڵەی شەمەندەفەر و بارهەڵگرەکان، ئەو ئامێرە دەتوانێت بەشێوەیەکی ڕێژەیی پێشبینی گۆڕانکارییەکان بکات لە جوڵەی زەویدا.
2- ئاشکرابوونی درز، یاخود لێژبوون و شکان لەبەشێکی توکێڵی زەوی لە ناوچەیەکی دیارییکراو.
3- هەروەها رێگایەکی دیکە کە زانایان دەیگرنەبەر بۆ پێشبینیکردنی روودانی زەمینلەرزە، تێڕوانینە لە رێژەی ئاو لە کەنداو و بیرەکان، هەروەها لەڕێگای بەرزبوونەوەی هەندێک غازی وەک “رادون” بەتایبەت لە کانەکانی خەڵوز.
4- هەروەها دەشێت کۆچکردنی لەناکاوی هەندێک لە ئاژەڵەکانیش وەک پێشبینی روودانی زەمینلەرزە بخوێندرێتەوە.
پێوانەی رێختەر چییە؟
زانایانی بواری زەویناسی، هێزی زەمینلەرزە بە پلەی رێختەر پێوانەدەکەن کە لە نۆ پلە پێک دێت، مرۆڤ هەست بە پلەی یەکەم و دووەم ناکات، بەڵام پلەکانی دیکە هەستپێدەکات و ترس لەلای دروست دەکەن.
زەمینلەرزەیەک بەپێوانەی سێ پلەی رێختەر، یەکسانە بەو هێزەی لە تەقینەوەی 20 ملیۆن تەن ماددەی تی ئێن تییەوە پەیدا دەبێت.
هێڵەکانی زەمینلەرزەی جیهان کامانەن؟
زاناکانی بواری زەویناسی هێڵەکانی زەمینلەرزەی جیهانیان بۆ چەند هێڵێکی جیاواز دابەشکردووە کە ئەمانەن؛
– هێڵی ئاگر؛ ئەم هێڵە لە باشوری ئەوروپاوە تێپەردەبێت تا دەگاتە وڵاتی چین.
– هێڵی بەیکگەیشتنی ئەوروپا و ئەفەریقا؛ ئەم هێڵە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی دەسپێدەكات و بە كەنارەكانی توركیا و وڵاتانی شام و میسر و وڵاتانی باكوری ئەفریقیا تێپەڕدەبێت.
– هێڵی ئەفەریقای رۆژهەڵات؛ لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین و ئوردن و زنجیرە شاخەكانی دەریای سور دەستپێدەكات تا دەگاتە ئەسیوبیا و کۆنگۆ.
– هێڵی ئاسیا و ئەوروپا؛ هێڵەکە لە نێوان چیاكانی هیمالایا و ئەلب دەستپێدەكات و لە پاكستان و ئیران و عیراق و كۆمارەكانی كومنولپ ئاسیا تێپەردەبێت تا دەگاتە ئەوروپا.
– هێڵی مەترسیدار؛ مەترسیدارترین هێڵی زەمینلەرزەیە لە گشت جیهان كە لە دەوروبەری زەریای هێمن لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە یابان تا كەنارەكانی ویلایەتە یەكگرتوكانی ئەمەریكا دەگرێتەوە و سێ لەسەر چواری زەمینلەرزەکانی جیهان لەسەر ئەو هێڵە روودەدەن.
زەمینلەرزە سوودی هەیە؟
سەرەڕای ئەوەی روودانی زەمینلەرزە ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانەیی بەدوای خۆیدا دێنێت، بەڵام زانایان پێیان وایە ئەو دیاردە سروشتییە سودیشی هەیە. بەو پێیەی ئەگەر روودانی زەمینلەرزەکان نەبن، زەوی وەک بۆمبێکی گەورەی ئەتۆمی دەتەقێتەوە، بەروودانی زەمینلەرزە بەجۆرێک لەجۆرەکان وزەی زیاد لە ناو توێکڵی زەوی بەتاڵدەبێتەوە.