هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بەبۆنەی رۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی عیسای پێغەمبەر و ساڵی نوێی ٢٠١٩ پەیامێک بڵاودەکاتەوە ، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە :
سەرەتا بەبۆنەی ساڵرۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەر عیسای مەسیح، گەرمترین پیرۆزبای ئاراستەی خوشک و برا مەسیحیەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم ،بەهیواین ساڵرۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی عیسا ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە ناخۆشی و ئاوارەیی و دەستپێکی ژیانێکی پێکەوەیی و دوور لە توندوتیژی بەسەر ببەن .
هەر لێرەشدا بە دەرفەتی دەزانم بەبۆنەی کۆتایهاتنی ساڵی ٢٠١٨ و هاتنی ساڵی نوێی زاینی (٢٠١٩) پیرۆزبایەکی گەرم لەسەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بکەم ،بەهیوام ساڵی نوێ ساڵی خۆشی و ئاشتی و بەختەوەریان بیت و کۆتایی بە شەڕ و ناخۆشیەکان بێت ..
بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو چەند ساڵە ، ساڵانێکی دژوار و سەخت بوو لە رووی ئەمنیەت و ئابوری و ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی ، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورەترین قەیرانی دارایی و ئابوری بەرەو رووبوونەوە، بەهیواین لە ساڵی نوێ کۆتایی بەم قەیرانە سەختە داراییە بێت .ئەوەی جێگای دڵخۆشیشە بە قارەمانی و گیانفیدایی برا پێشمەرگە و شەرڤانان تیرۆرستان لە کوردستان و عێراق توشی شکستێکی گەورە هاتوون و خەریکە ئەو بەڵایە گەورە و مەترسیدارە لەسەر سەری خەڵک کۆتایی دێت ..
لەماوەی چەند مانگی رابردوو دوو هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ئەنجامدرا ،هەر لێرەشدا بەپێویستی دەزانم داوا لە لیستە براوە و حزبە حکومڕانەکانیان بکەم حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنن دوور لە هەستی تائیفی و قەومی و حزبی و بەکردار خزمەتی خەڵک بکەن کە ساڵانیکی زۆرە قوربانی گەورەیان داوە .
جارێکیتر جەژنی لەدایک بوونی مەسیح و ساڵی نوێی ٢٠١٩ لەهەموو لایەک پیرۆز بێت ..
مام خدر
سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
کۆتایی دیسێمبەری ٢٠١٨
هەولێر