حكومەتی عێراق دەیەوێت لەڕێگەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بەڵام حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان ئەوە رەتدەكەنەوە. وێڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات لەبەردەوامبونی لەسەر دابەشكردنی موچەی موچەخۆران.
ئا: نیاز محەمەد
لەڕەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا، سەرەڕای ئەوەی پشكی هەرێم لە لەسەدا 17ەوە بۆ لەسەدا 12.62 كەمكراوەتەوە، ناوی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم كوردستان گۆڕاوە بە هەرێمی پارێزگاكانی باكور و حكومەتی پارێزگاكان، دەسەڵاتی تەواویشی داوەتە پارێزگاكان تا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكەن.
حكومەتی هەرێم ئەو هەنگاوەی حكومەتی عێراق بە تاكلایەنە و نادەستوری ناودەبات كە بەبێ بەشداری پێكردنی هەرێم رەشنوسی پرۆژەكە ئامادەكراوە.
دكتۆر ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەكاتەوە كە موچە بەگوێرەی دەستوری عێراقی لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشدەكرێت، وتیشی”حكومەتی هەرێم چ لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتن یان رێككەوتن نەكات بەردەوام دەبێت لەپێدانی موچە”.
لەگەڵ ئەوەی باسی لەوەكرد كە لەئێستادا حكومەتی هەرێم رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات ئەو داهاتەش لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ بە داهاتێكی زۆر كەمتر لەوەی پێشتر هەبوە ناوبرد، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم هەمو هەوڵی خۆی دەدات موچە دابین بكات و لەئێستاشدا بەردەوامە لەپێدانی موچە.
بەپێی قسەی ئاراس نزیكترین ئەگەر ئەوەیە بەگوێرەی دەستوری عێراقی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێنەوە. چونكە ئەو دڵنیایە لەوەی بەغدا لەپەیوەست بەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەبێ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم هیچی پێ ناكرێت و وتیشی”بۆیە بەغدا لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو رەشنوسی بودجەیەشدا هەر پێویستی بەوەیە جارێكی دیكە رێكەوتنێكی تازە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكات بەتایبەتی لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك و داهاتی دەروازە سنورییەكان”.
ئەو قسانەی ئاراس خۆشناو لەكاتێكدا حكومەتی عێراقی رایگەیاندوە كە دەستیان كردوە بە بەگەڕخستنەوەی بۆرییە نەوتە كۆنەكەی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لەسەردەمی داعش تێكشكێنراوە بەڵام ئاراس پێی وا نییە لەو هەوڵەدا بەغدا سەركەوتوبێت چونكە “بەشێكی ئەو بۆرییە كۆنەش كە باسی بەگەڕخستنەوەی دەكەن لەناو خاكی هەرێم و ژێر دەستی پێشمەرگەدایە.”
كێشەیەكی دیكەی هەرێم و عێراق لەو پرۆژە یاسایەدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بەغدا 784 هەزار فەرمانبەر لە هەرێم بەڕەسمی دەناسێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە كە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 كەسە و بڕی موچەی مانگانەیان 897 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
بەگوێرەی پرۆژە یاسای بودجەكە عێراق دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم مامەڵە بكات بەڵام پێناچێت هیچ پارێزگایەكی هەرێم بەو پرۆژە یاسایە رازی بێت.
حكومەتی هەرێم لەكۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا رایگەیاند سیاسهتی حكومهتی عێراق مهبهست لێی ههڵوهشاندنهوهی قهوارهی دهستوریی ههرێمی كوردستانه و نابێت بڕیاره نادهستورییهكانی حكومهتی عێراق، كاریگهری لهپارێزگاكان و ئهنجومهنهكانیان بكات.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد حەمەئەمین رەتیدەكاتەوە ئەوان بەدەم ئەو پرۆژە یاسایەی عێراقەوە بچن وتیشی”بەغدا ئەگەر لەسەر ئەو كێشەیە لەگەڵ هەرێم رێكنەكەوێت ئەوە لەگەڵ پارێزگاكانیش ناتوانێت رێكبكەوێت، لەبەرئەوەی بڕی ئەو موچەخۆرانەی هەرێم بەغدا پێی وایە زیادن لە هەمو پارێزگاكان زیادە بۆیە ئێمە ناتوانین بچینە ژێر ئەو بارەی موچەی نیوەی موچەخۆر وەربگرین”.
بەبڕوای ئازاد باشترین چارەسەر ئەوەیە حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو كێشانە یەكلایی بكەنەوە و وتیشی”ئەگەرنا وەك پارێزگاش مامەڵە بكەیت هەر كێشەت بۆ دروست دەبێت”.
باسیشی لەوەكرد كە لەئەگەری دواكەوتنی رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراقدا، حكومەتی هەرێم دڵنیایی داوەتە پارێزگاكان كە تاوەكو توانای بەردەوام دەبێت لە دابینكردنی موچە.
وتیشی”ئەوە دابەشكردنی موچەی مانگی هەشت بەردەوامە و من دڵنیام دوای ئەوەش بەردەوام دەبێت”.
بەپێی قسەی ئازاد هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رادەستكردنی سەرجەم داهاتەكانی لەپێناو دەستپێكردنی گفتوگۆدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا.
بەڵام پێناچێت ئەوە هیچ كاریگەرییەكی هەبێت كاتێك بەغدا جەخت دەكاتەوە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادەی گفتوگۆ نییە لەگەڵ هەرێم.
بڕیاردەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید پێی وایە لەئێستادا حكومەتی عێراق دەتوانێت موچە دابین بكات و هەرێم ئەو توانایەی نەماوە و عێراقیش هەزار و یەك مەرجی هەیە و دەیەوێت هەرێم ماندو بكات تا بە هەمو مەرجەكانی رازی بێت.
وتیشی”حكومەتی هەرێم ئەو هەمو نەوتەی كەركوكی لەبەردەستدا بو چارەكە موچەی پێ دابین نەدەكرا ئێستا هیچی لەبەردەست نەماوە چۆن دەتوانێت دابینی بكات”.
وێڕای ئەو دۆخەی حكومەتی هەرێم، پێناچێت كێشەی موچەی نێوان هەرێم و عێراق بەئاسانی چارەسەر بكرێت، چونكە ئەوە لەكاتێكدایە كە عێراقیش نزیكەی 162 ملیار دۆلار قەرزارە.