تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایهاتنی کۆبونەوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی بارزانی و سەرۆک کۆماری عێراق لە هاوینەهەواری دوکان، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان چوونە ناو شاری کەرکوک و لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵیان کرد.
لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی یەکتریان بە ڕادەستکردنی کەرکوک تۆمەتبارکرد، میدیاکانیشیان وشەی خیانەتیان بەرامبەر یەکتر بەکارهێنا.
ئەو شەڕەی لە کەرکوک روویدا، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی یەکێتی و نوسەران دەڵێن بەشێکی لەسەر نەوتی کەرکوکە، بەتایبەتیش کێڵگە نەوتیەکانی هاڤانا و بای حەسەن، ئەم کێڵگە نەوتیانە زیاتر لە سێ ساڵە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە و لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت و نەوتەکەی دەفرۆشرێت.
بە هەردوو کێڵگەکەوە ڕۆژانە نزیکەی زیاتر لە ٢٧٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت کە داهاتەکەی لە مانگێکدا دەکاتە ٣٦٥ ملیۆن دۆلار.
ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان وەک کەرکوکیەکان سود و خێریان لە نەوتی کەرکوک نەبینیوە، تاوەکو ئێستا کوڕ و گەنجی کەرکوکی لەسەر نەوتەکەی بە کوشت بدەن.
وەک شیکەرەوان دەڵێن، یەکێتی ویستویەتی خۆی کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و هاڤانا بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نەک بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانی حکومی پێوە بکات.
بەشێک لە بەرپرسان و ڕەخنەگران دەڵێن، هۆکارێکی سەرەکی ئەو شەرەی لە کەرکوک ڕویدا و خەڵکی گەیاندە ئەم دۆخە، کە تەنهاش هاوڵاتیان لێی زەرەمەند بوون، لەسەر کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک و بەتایبەتیش بای حەسەن و هاڤانا و داهاتەکەیەتی.
پێدەچێت ئەوەی لە کەرکوک روویدا و، میدیاکانیان و بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی یەکتری لەسەر تۆمەتباردەکەن وشەی خیانەت دەدەن پاڵ یەکتر، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بخاتە قۆناغێکی دیکەوە، کە هاوشێوەی ساڵانی نەوەتەکان بێت.
دە ساڵ بەر لە ئێستا یەکێتى و پارتى ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنەوەى وەزارەتى پێشمەرگە، بەڵام ئەو دوو حزبە نەک هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ ئەو پرسە، بەڵکو بەردەوامن لە تۆخکردنەوەى گیانی حزب حزبێنهوه لهناو هێزەکانى پێشمەرگەدا.
ڕووداوەکانى دوو ڕۆژى ڕابردووى سنورى کەرکوک و دەوروبەرى، وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن جارێکى تر کاریگەرییە خراپەکانى نەبوونى هێزێکى یەکگرتووی نیشتمانى دەرخست تا لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا بەرگریى بکەن و یەکدەنگبن.
لە ڕووداوەکانى کەرکوکدا بەرپرسانى پارتى و یەکێتى و میدیاکانیان جارێکى تر هێزەکانى پێشمەرگەیان بەستەوە بە ناوى حزبەکانیان و فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەى کوردستانیش کە خودى بارزانى سەرۆکایەتى دەکات بێئاگاىی خۆى لە کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک ڕاگەیاند ئەوەش ئەوەى دەرخست کە سەربارى بانگەشەکانى دە ساڵى ڕابردوو بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە تائێستاش بارزانى ناتوانێت بڕیارێک بدات و بەسەر هەموو پێشمەرگەدا جێبەجێ بکرێت.
شارهزایانی كاروباریی سهربازیی دهڵێن، له بنهڕهتدا بڕیاری یهكگرتنهوهی پێشمهرگه لهلایهن مهكتهبی سیاسی پارتی و یهكێتییهوه دراوه و وهك حزب سهرپهرشتی جێبهجێكردنیان كردووه، بۆیه دواى ١٠ ساڵ بهسهر بڕیارەکەدا ئهنجامێكی نهبووه و له ههر ئاڵۆزی و ڕووداوێکی ئهمنیدا، خۆیان له یهكتر جیادهكهنهوه و دیسان باسى هێزى پارتی و هێزى یهكێتی دەهێننەوە بەرباس. بەپێی ووتەی بەڕێوەبەڕی گشتی تەندورستی سلێمانی تا ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆڕتە لە هێرش و پەلاماردانەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر شاری کرکوک ٢٤ پێشمەرگە شەهید بونە و زیاتر لە ٧٠ پێشمەرگەیتر بریندار بوونە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی سلێمانی