لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت پاش 25/9 چی‌ روده‌دات؟

پاش 25/9 چی‌ روده‌دات؟

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان
ئامادەکردنی: نیاز محەمەد

26 رۆژی ماوە بۆ وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان. سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێشبینی جیاجیایان بۆ دوای 25ی ئەیلول كە بڕیارە ریفراندۆمی تێدا ئەنجام بدرێت هەیە. هەندێك پێیانوایە هەرێم روبەڕوی مەترسی دەبێتەوە‌و هەندێك بەگەشبینییەوە لە‌روداوەكان دەڕوانن.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی دیكە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان داوە لەو وادەیەدا دوای 25ی ئەیلول بە‌قۆناغێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان ناودەبات.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پێشبینی دەكات پاش 25ی ئەیلول پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە كە ئیجابی ترە‌و هەنگاوەكانی بونیاتنانی دەوڵەت دەست پێدەكەن‌و ئەو نیگەرانیانەی كە ئێستا خەڵك هەیەتی دەربارەی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم دەڕەوێنەوە‌و پێشیوایە لەدواجاردا هێزە كوردستانییەكان لەسەر پرسی بڕیاردان لە‌ئایندەی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر كۆدەنگ دەبن. 

هەروەك پێشبینیش دەكات كە نیگەرانییەكانی وڵاتانی دراوسێ‌و ئەو وڵاتانەشی كە بایەخ بە‌دۆخی كوردستان دەدەن كەمببنەوە‌و دەشڵێت”لەئێستاشدا تێگەیشتنێكی باشتر هەیە لەلایەن وڵاتانەوە لەچاو سەرەتای پرسەكە‌و لە‌ئایندەشدا ئەو تێگەیشتنە رونتر‌و باشتر دەبێت‌و دۆخێكی ئیجابی تر دێتە ئاراوە”. 

بزوتنەوەی گۆڕان لە‌كۆبونەوەی ئەو 15 حزب‌و لایەنە سیاسییەدا بەشدار نەبو كە رۆژی حەوتی مانگی رابردو لەپیرمام بە‌سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بڕیاریاندا لە‌25ی ئەیلول ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت. 

ساماڵ عەبدوڵا ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات ئەوان وەەك بزوتنەوەی گۆڕان دۆخی دوای 25ی ئەیلول بە‌باش نابینن هەر لەبەرئەوەشە داوای دواخستنی ریفراندۆمیان كردوە.

بەڵام پێشی وایە لەبەرئەوەی ریفراندۆم پەیوەندی بە‌بڕیاری مەسعود بارزانی‌و پارتییەوە هەیە ئەو ریفراندۆمە لەكاتی خۆیدا هەر دەكرێت، چونكە هەم هێزی چەك‌و هەم هێزی پارەیان لەبەردەستدایە. 

ئەو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی دەڵێت”دوای 25ی ئەیلول دنیا كۆتایی نایەت” بەڵام پێشبینی دەكات هەرێم روبەڕوی دو مەترسی ببێتەوە. 

مەترسی یەكەم بە‌مەترسی حكومەتی عێراق دەزانێت كە پێی وایە ئەگەر بە‌گفتوگۆ نەگاتە ئەنجام لەگەڵ هەرێم ئەوا دەست بۆ بژاردەی هێرشی سەربازی دەبات بەتایبەت لە‌ناوچە جێناكۆكەكان‌و هەروەها پێشی وایە ئەو ناوچانە لەڕوی كارگێڕیەوە بەپێی دەستور سەر بە‌حكومەتی عێراقن بۆیە عێراق پشتیوانی دەستوری‌و یاسایی بۆ هێرشەكانی دەدۆزێتەوە‌و پێشبینیش دەكات كە وڵاتان پشتیوانی بكەن. 

مەترسی دوەمیش بە‌بڕوای ساماڵ عەبدوڵا ئەوەیە كە بەهۆی ریفراندۆمە هەرێمی كوردستان ناوچە جێناكۆكەكان بدۆڕێنێت. 

ئەو پێی وا نییە ئێران‌و توركیا بتوانن لەداوی 25ی ئەیلول مەترسی بۆ هەرێم دروست بكەن. 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە سەركردایەتییەكەی لەگەڵ پارتی تاوەكو ئێستا پێداگری لە‌ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات بەڵام سەركردەیەكی ئەو حزبە‌پێی وایە هێشتا زوە بتوانرێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە پاش 25ی ئەیلول چی رودەدات

لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت رەنگە چەند رۆژێكی دیكە پێویست بێت تاوەكو بتوانرێت سەردێڕی پێشهاتەكانی دوای 25ی ئەیلول بخوێنرێنەوە.

چونكە ئەو سەركردەیەی یەكێتی وەك خۆی دەڵێت پێشبینی دەكات لەو چەند رۆژەی ماوە بۆ 25ی ئەیلول دەكرێت زۆر شت هەن روبدەن بۆ ئەوەی پاش 25ی ئەیلول رونببێتەوە. بەڵام لەبارەی ئەو روداوانەوە هیچی نەوت. 

یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، وێڕای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە‌25ی ئەیلولدا دەربڕیوە بەڵام سەركردەكی ئەو حزبە‌پێشبینی دەكات ریفراندۆم لەو وادەیە بەڕێوەنەچێت. 

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی وتی”بەبڕوای من دوای 25ی ئەیلول ئاسایی دەبێت چونكە پێشبینی دەكەم ریفراندۆم دوابخرێت”. 

هەڵەدنی پێشبینی ئەوەش دەكات كە تا دوای 25ی ئەیلول پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە‌و ئەوكاتە هەمو هێزە كوردستانییەكان لەسەر بەروارێكی دیكە رێكبكەون‌و یاسایەك لە‌پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ ریفراندۆم دەربكەن‌و كورد بە‌گوڕ‌و تین‌و بەشێوەیەكی سیستماتیكی خۆی بۆ ریفراندۆم ئامادە بكات‌و رۆڵ‌و ئەركەكان دابەشبكرێن. 

وتیشی”بەبڕوای من ئەو بەروارە نوێیەی دیاریدەكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە‌ساڵی 2018 واتە لانیكەم ساڵێك دوادەخرێت”.

شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، پێی وایە ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و ئەنجام نەدانی لەبەردەم ئەگەرێكدایە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی بكات دەكرێت‌و ئەگەرنا ناكرێت. 

پێشی وایە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی دو شتی جیاوازن‌و وڵاتان زیاتر دژایەتی سەربەخۆیی دەكەن نەك ریفراندۆم بۆیە پێشبینی دەكات بۆ پێكانی هەندێ ئامانجی خۆیان‌و تاقیكردنەوەی كورد‌و زانینی ئەنجامەكەی ئاسایی بێت ریفراندۆم بكرێت. 

پێشبینی ئەكات ئەگەر ریفراندۆمیش بكرێت پاش 25ی ئەیلول سەربەخۆیی راناگەیەنرێت‌و پارتی بە‌ئەنجامەكەی لەگەڵ بەغدا‌و وڵاتان دانوستان بكات‌و هەندێ دەستكەوتی پێ بەدەستبهێن

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە