نەدا ئەلیاس کچێکی تەمەن ١٩ ساڵە، لە شارۆچکەی بەحزانی سەربە قەزای شنگال لە دایک بووە، لە خێزانێکی ئاست بژێوی مامناوەند ژیانێکی سادەی هەبووە وەک هەر کچێکی ئاسایی تا کاتی هاتنی داعش، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەیان لەلایەن داعشەوە، ماڵباتەکەی هەوڵی ڕزگاربوون دەدەن بەڵام لەم هەوڵەیان سەرکەوتوو نابن و نەدا و دایکی دەکەونە ژێر دەستی داعش و باوک و براکەم و مامیان بەجێدەهێڵن .
نەدا باسی نەهامەتییەکانی دەکات بەم شێوەیە هاتە قسە: کاتێک زانیمان شارۆچکەکەمان کەوتووەتە دەستی چەکدارانی داعش لەگەڵ خێزانەکەم ڕامان کرد بەو نیازەی بگەینە دهۆک و دوور بین لە مەترسییەکانی داعش، بەڵام لەبەر لەهۆشخۆچونی باوکم و تێکچوونی باری تەندروستیی پەشۆکاین و نەمانتوانی هیچ بکەین، لەو هەڵوەستەکردنەدا بووین، چوار چەکداری داعش لە ئۆتۆمبێلێکی جۆرێ هەمەڕەوە چواردەوریان گرتین و من و دایکمیان برد و باوکم و برا و مامیشمیان بەجێ هێشت.
وتیشی: زۆر پاڕاینەوە کە باوکم بەو حاڵەوە بەجێ نەهێڵین، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین و بگرە ئازاریشیان پێ گەیاندین، کە دواتر هەر لەوێدا باوکم گیانی لە دەست دابوو .
نەدا بەدەم گریان و هەنسکێکی زۆرەوە کە وشەکانی پچڕ پچڕ کردبوو بەردەوام بوو: ئێمەیان برد و لەهۆڵێکی گەورە لەگەڵ چەند کچ و ژنێکی تریان داناین، لەگەڵ ئەوەی هاوزمان و هاونەتەوە بووین، بەڵام هیچ یەک لە ئێمە بوێری دواندنی ئەوی تری نەبوو.
ئەو کچە ئێزیدیە ئاماژە بەوەش دەدات: لە سەرەتای فڕاندنی لە دایکی جیای دەکەنەوە و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە چەکدارێکی داعش دەستدرێژی دەکاتە سەری و چەند ڕۆژێک دواتر لە چەکدارێکی تر مارەی دەبڕن .
نەدا ئەلیاس لەبارەی لەدەستدانی دایکی دەڵێت: دایکم لەژێر ئەشکەنجەی چەکدارانی داعش گیانی لەدەست دا، چونکە ڕەزا نەبوو بە داواکارییەکانیان.
گریان بڕستی لەو کچە ئێزیدیە بڕیبوو وەلێ بەو حاڵەشەوە بەردەوام بوو لە باسکردنی کڵۆڵییەکانی: هەر کاتێک داواکاری یەکێک لە چەکدارەکانمان ڕەت بکردبایەوە، نە ئازاریان دەداین و نە زۆریان لێ دەکردین تەنیا بە هەڵکردنی پانکەیەکی دەنگ تیژ و بەهێز بۆ ماوەیەکی زۆر سزایان دەداین.
ئەو کچە ئێزیدیە دەربارەی ئەو سزا سەمەرەیە دەڵێت: ماوەی بەرگری گوێگرتنمان لەو دەنگە زۆر سنوردار بوو، بۆیە هەر زوو بەناچاری گوێمان بۆ داواکارییەکانیان شل دەکرد.
شیاوی باسە نەدا چەند جارێک هەوڵی خۆ کوشتنی داوە و جارێکیان لە ڕێگای خواردنی ئەو دەنکە حەب زۆرانەی کە لە ژوری ئەو چەکدارە دەیدۆزینەوە کە مارەی بڕیبوو، جارێکی تریش لە ڕێی بڕینی دەماری مەچەکی هەوڵی داوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت.
لە دوای نزیکەی سێ مانگ لە فڕاندنی نەدا و چەندین هەوڵی شکست خواردوو بۆ ڕاکردن، شەوێکی تاریک لە ڕێگای شکاندنی پەنجەرەوە ڕادەکات تا ئەو کاتەی دەگاتە سەر شەقامێک کەخۆی دەڵێت بیری نەماوە کوێ بووە، لەوێ دوای مانەوەی نزیک سەعاتێک لەسەر شەقامەکە شۆفێری بارهەڵگرێک نەدا دەگەیەنێتە هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای باشیک .
هەروەها دوای ڕزگاربوونی و گەڕانەوەی بۆ ناو خێزانەکەی نەدا باس لەوە دەکات کە هەمیشە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکات و دەڵێت کەوا نەیتوانیوە لە کابووسی مەرگی دایک و باوکی ڕزگاری ببێ و هەمیشە بە بازنەی خەیاڵیدا گوزەر دەکەن .
جێی ئاماژەیە کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ شنگال و ناوچە ئێزیدی نشینەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکران و فڕاندنی چەندین کچ و ژنی ئێزیدی لێکەوتەوە، تا ئێستاش کە نزیکەی سێ ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک کچ و ژنی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعش ماون، کە بە پێی چەند سەرچاوەیەک بەرەو لوبنان و میسڕ براون و بازرگانییان پێوە دەکرێت.