پرسی كۆچ كردن بۆ هه‌نده‌ران كه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داراییدا وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون له دۆخی ناهه‌موواری هه‌رێم سه‌یر ده‌كرێت و بووه‌ته ئافاتێك بۆ گیانی ژنان و كچانی كورد.
ئه‌گه‌ر له ساڵانی ڕابردوودا دیارده‌ی كۆچكردنی به زۆرینه‌ی ڕه‌ها له ناو توێژی گه‌نجادا هه‌بووبێ، ئه‌وه له‌م ساڵانه‌ی كۆتاییدا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له خێزانه‌كانیش وڵات به‌جێ ده‌هێڵن و ڕوو له ئه‌وروپا ده‌كه‌ن.
ئێمه وه‌ك ڕێكخراوی وادی ئاڵمانی به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌و پرسه كردووه، بۆمان ده‌ركه‌وتووه كه له‌م پرۆسه‌ی كۆچكردنه‌دا چه‌ندین كچ و ژن بوونه‌ته قوربانی و باجی قورسیانداوه.
ئه‌و كچ و ژنانه كه‌وتوونه‌ته به‌ر به‌رداشی كه‌له‌ڕه‌قی كه‌سوكار و كلتور و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌و، بێ به‌زه‌ییانه ده‌یانهاڕن.
به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه به‌نیازن به خێزانه‌وه كۆچ بكه‌ن، هه‌ندێكیان پێیان وایه كه كه‌لتوور و دابونه‌ریتی وڵاتان‌ی ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی ئه‌واندا ناگونجێت و چه‌ندین خێزان له كاتی كۆچ كردن‌دا ئه‌و كچانه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌بردووه كه له ته‌مه‌نی پێگه‌یشتندان، یان هه‌وڵیانداوه له‌گه‌ڵ خۆیانی نه‌به‌ن و لای كه‌سوكاری تریان له كوردستان به جێیان بهێڵن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و كچانه داناوه.
جگه‌له‌مه‌ش كه‌سوكاری به‌شێك له‌و ژنانه‌ی كه ویستوویانه به‌خێزانه‌وه كۆچ بكه‌ن، ڕێگه‌یان نه‌داوه كه كچه‌كانیان له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان كۆچ بكه‌ن و پێیان وابووه ئه‌و نه‌ریته‌ی له ئه‌ورووپا هه‌یه پێچه‌وانه‌ی نه‌ریت و په‌روه‌رده‌ی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مانه و ئه‌وه‌ش زۆر كێشه‌ی وه‌ك لێدان و سوكایه‌تی و جیابوونه‌وه‌و ته‌ڵاقی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
خه‌بات ئیبراهیم ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵه و یه‌كێكه له‌و قوربانیانه. ئه‌و ده‌ڵێ “هاوسه‌ره‌كه‌م فه‌رمانبه‌ره، ژیانێكی زۆر هه‌ژارانه‌مان هه‌یه و توانای به‌ڕێكردنی ژیانمان نه‌ماوه، له‌به‌رئه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌م بڕیاریدا هه‌رچیمان هه‌یه بیفرۆشین و ڕوو له هه‌نده‌ران بكه‌ین” .
ئه‌و ژنه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانێ هه‌ڵوێستی ماڵی باوكی له‌سه‌ر ئه‌مه باش نابێت كێشه‌یه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ دروست ده‌بێ ده‌ڵێ “هه‌وڵمدا هه‌رچۆن ئه‌بێ خۆم و كچه گه‌وره‌كه‌م له‌گه‌ڵی نه‌ڕۆین، به‌ڵام ئه‌و مكوڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موومان ئه‌بات”.
كێشه‌كه‌یان ئه‌گاته لێواری جیابوونه‌وه و ماڵی باوكی پێیان باشتره كه ته‌ڵاق له هاوسه‌ره‌كه‌ی وه‌ربگرێـت وه‌ك له‌وه‌ی له‌گه‌ڵی بڕوات بۆ ئه‌وروپا، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ئه‌كه‌وێته نێوان به‌رداشی كه‌له‌ڕه‌قی هاوسه‌ر و تونڕه‌ویی ماڵی باوكیه‌وه، ئه‌بێـت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و وتی “دواجار ناچار بووم بڕیاری هاوسه‌ره‌كه‌م قه‌بووڵ بكه‌م و له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ختی خۆمان تاقی ئه‌كه‌ینه‌وه”.
نمونه‌ی تری ئه‌م جۆره قوربانییه زۆرن، هه‌شیانه كێشه‌ی جیاوازه و هۆكاره‌كه‌ی هه‌مان هۆكاری كۆچكردنه بۆ ئه‌ورووپا.
خێڵان محه‌مه‌د ته‌مه‌نی ٢٨ ساڵه، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه نه‌توانێت له‌غه‌ریبیدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ژیان به‌ڕێ بكات و خۆی له‌گه‌ڵ باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وروپادا بگونجێنێت.
ئه‌و ده‌ڵێ “لێره كێشه‌م له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر زۆره ته‌نانه‌ت نایه‌وێـت تێچووی نه‌خۆشییه‌كانیشم بگرێته ئه‌ستۆ، نێوانمان لێره زۆر خراپه، ماڵی باوكم هاوكاریم ئه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بچمه ئه‌ورووپا ڕه‌نگه له‌وێ له هاوسه‌ره‌كه‌م جیاببمه‌وه، چونكه به زۆری ماڵی باوكم لێره درێژه‌م به ژییانداوه له‌گه‌ڵی”.
هه‌ندێ له ژنانی كورد ئه‌زموونی تاڵیان له‌گه‌ڵ كۆچی خێزانی بۆ ئه‌وروپا هه‌یه و ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌شه كه ژنانی تری ترساندووه.
ڤیان محه‌مه‌دی ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی كردووه بۆ ئه‌وروپا و هاوسه‌ره‌كه‌شی كه‌سی نزیكی خۆیه‌تی، پاش ماوه‌یه‌ك له هه‌نده‌ران لێی جیابووه‌ته‌وه و به بیانووی تووش بوونی به نه‌خۆشیی ده‌روونی ناردوویه‌تییه‌وه بۆ هه‌رێمی گوردستان.
ئه‌و وتی “به كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه سه‌فه‌ری ئه‌وروپامان كرد، كێشه‌كانمان هه‌ر به‌رده‌وام بوون، باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه بۆ ئه‌ورووپا نه‌ده‌گونجا، ئه‌وێ شوێنێك نییه به عه‌قڵیه‌تی ئێره‌وه بتوانیت به ئاسووده‌یی لێی بژیت، كه ڕۆشتیت یان ئه‌بێ ده‌ست له كۆمه‌ڵێك نه‌ریتی ئێره هه‌ڵبگریت، یان ئه‌بێ وه‌ك كه‌سێكی ته‌واو گۆشه‌گیر بژت و تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بیت، كه من وام لێ به‌سه‌ر هات”.
به وته‌ی ئه‌و خانمه، ئه‌وان نه‌یان ئه‌توانی وه‌ك ئه‌ورووپییه‌ك خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌ریته‌كانی ئه‌وان بگونجێنن، ئه‌وه كێشه‌ی به‌رده‌وامیان بووه، له‌وێ له‌غه‌ریبییه‌كی تاقه‌ت پڕوكێن و گۆشه‌گیریدا ژیاون، تا دواجار هاوسه‌ره‌كه‌ی بڕیار ده‌دات به بیانووی ئه‌وه‌ی كه ژنه‌كه‌ی تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بووه ده‌ینێرێـته‌وه بۆ كوردستان و لێی جیائه‌بێـته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش دا زۆر كێشه‌ی تر بۆ كچانی عازه‌ب و تازه پێگه‌یشتوو دروست بووه‌و كه‌سانێك كه كۆچ ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌ورووپا هه‌ندێ جار خۆیان و هه‌ندێ جاریش كه‌سوكاریان ڕێگه‌یان ناده‌ن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كان بڕۆن، ئه‌مه‌ش به بیانووی ناموس پارێزی و بۆ ئه‌وه‌ی تووشی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بنه‌وه، به‌و بیانووه‌ی له‌وێ وه‌ك كوردستان ناتوانرێت چاودێری كچان بكرێـت و كۆنترۆڵ بكرێن.
به پێی به‌دواداچوونه‌كانی ئێمه زۆرن ئه‌و كچانه‌ی كه باجی ئه‌م بۆچوون و بیروباوه‌ڕه‌یان داوه‌و دراون به‌سه‌ر مام و ماڵه باوك و باپیراندا.
ئامادەکردنی: له‌یلا ئه‌حمه‌د – ئه‌ندامی ڕێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی