لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ بایکۆت، ژمارەی یەکەمەکانی لەسلێمانی کەم نەکرد

بایکۆت، ژمارەی یەکەمەکانی لەسلێمانی کەم نەکرد

0 تێبینییەکان 18 بینینەکان

ئا: ساڤان ئاکۆ

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا پێی وایە بەهۆی بایکۆتەوە ژمارەی یەکەمەکان لە‌سلێمانی کەمی کردوە، بەڵام وتەبێژی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتیدەکاتەوە‌و دەڵێت “زۆرینەی یەکەمەکان لە‌سنوری دەڤەری بایکۆتدایە”، چونکە وەکو ئەو دەڵێت مامۆستایان هەوڵیان داوە قەرەبوی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە فەوتاوە”.

راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆو دوانزە، مشتومڕی سەبارەت بە‌کاریگەرییەکانی بایکۆت لەسەر ئاستی خوێندن لە‌ساڵی ڕابردودا، بەدوای خۆیدا هێنا. لەم بارەیەوە کەمال نوری بەڕێوبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا بە‌ئاوێنەی ڕاگەیاند “بایکۆت کاریگەری زۆر خراپی لە‌زۆر بواردا هەبو، لەوانە بواری دەرونی‌و کۆمەڵایەتی‌و زانستی. ئەم کاریگەریانە نەک هەر بۆ قوتابی خراپبون، بەڵکو بۆ مامۆستاکانیان‌و خێزانەکانیشیان. هەروەها ساڵانی پێشو یەکەمەکانی کوردستان لەسەر ئاستی سلێمانی بون، بەڵام ئەمساڵ بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە”.

بەڵام ڕێبوار محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەبارەت بە‌دواکەوتنی خوێندن‌و کاریگەرییەکەی گوتی “هەموکاتێک دواکەوتنی خوێندن نەک هەر بەهۆی بایکۆتەوە، بەهۆی هەر کارەساتێکەوە بێ، کاریگەری لەسەر خوێندکارو پرۆسەکە‌و خودی مامۆستاکانیش دروستدەکات. بێگومان بایکۆت کاریگەری نەرێنی دروستکردوە‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌و ئەمەش وایکردوە هەم مامۆستا‌و هەم خوێندکار پشت سارد ببێتەوە. بەڵام دواتر کە بایکۆت شکێندراوە یاخود بە‌شێوەیەک بایکۆت نەماوە، مامۆستاکان‌و خوێندکارەکانیش هەوڵیان داوە قەرەبوی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە فەوتاوە”. هەروەها گوتیشی “کاریگەرییەکانیش بەو ڕادەیە خراپ نین‌و باشترین نمونەش ڕێژەی دەرچوانمانە کە زۆر باشبوە ئەگەر هاوتای ساڵانی پاریش نەبوبێت، باشتر بوە”. سەبارەت بە‌دابەزینی ئاستی یەکەمەکانی کوردستان لە‌ناوجەی سلێمانی ڕێبوار محەمەد گوتی “زۆرینەی یەکەمەکان لە‌سنوری دەڤەری بایکۆتایە کە کۆیەشی دەگرتەوە‌و سلێمانی بو،هەڵەبجە بو، ڕاپەڕین بو، کفری بو، ئەمساڵیش یەکەمەکان کەوتۆنەتە ئەو ناوەندانەوە”.

هەرێم ئەحمەد مامۆستای کۆلێژی کارگێڕی‌و ئابوری سەبارەت بە‌بایکۆتی ساڵی پار گوتی “بایکۆتمان دەکەوێتەوە سەر مەسجەکەمان، بایکۆتی پار تەنها موچە نەبو، بەڵکو زۆر داواکاری تریشی لەگەڵدابو، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەوتەکە گەورە نەهەموپەیاممان نەگەیشتە جێ لەبەر ئەوە وازمان هێنا”.

گوتیشی “بەبڕوای من دوبارە گەر بێت‌و لایەنی پەیوەندیداری وەک دەسەڵات گوێنەدات بە‌داواکاریی خەڵکی، مامۆستایان بە‌کۆی گشتی لەوانەیە بیانەوێت چەکێکی دی بەکاربهێنن، بەڵام ئەمساڵ ئیشەکە بە‌ڕێکخراوەییتر ئەڕوات، چونکە ئەمساڵ لە‌زۆربەی پەیمانگا‌و زانکۆکان دەستەی داکۆکی لە‌مافەکانی مامۆستایان پێکهێنراوە”. هەروەها هەرێم ئەحمەد سەبارەت بە‌کاریگەری بایکۆت‌و قەیران بۆسەر پرۆسەی خوێندن گوتی “بەڵێ کاریگەری هەبوە زۆر بە‌دڵنیایەوە‌و بە‌لایەنی خراپیشدا”.

لۆڤان عومەر کە ساڵی پار خوێندکاری قۆناغی چواری کۆلێژی زمان بوە، سەبارەت بە‌کێشەی زانکۆ‌و خوێندنەکەی گوتی “کێشە بنەڕەتییەکانی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی پێشترهیچ جیاوازی نەبو، چونکە زانکۆی سلێمانی کێشەی قوڵتری هەیە کە لە‌کێشەی دارایی‌و دواکەوتنی دەوام گرنگترە: کێشەی نەبونی مەعریفە، نەبونی ناوەندێکی وەک ناوەندی زانستی‌و توێژینەوەی ئەکادیمی، بونی مەنهەجێکی خراپ‌و مامۆستاگەلی کەممەعریفە”. هەروەها گوتیشی “ئەمساڵیش کە کێشەگەلی ئابوری‌و سیاسی سەری هەڵدا، هێندەی تر کۆمەڵگە بێهیوا بو لە‌وەزارەتی خوێدنی باڵا”. سەبارەت بە‌کاریگەری بایکۆتیش لەسەر خوێندن گوتی “بێگومان کاریگەری هەبو، بەڵام سیستمی خوێندنێک کە نەتوانێت تاکێکی تەندروست دروست بکات، هەر بۆ بایکۆتکردن باشە. پێویست دەکات بایکۆتکردن‌و فۆڕمەکانی تری ناڕەزاییدەربڕین بە‌جۆرێکی بەرفراوان بگیرێنە بەر تا ئەم سستمە دەگۆڕێت”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە