پێدەچێت دواڕۆژی رزگارکردنی موسڵ کۆتایی نزیکبونەوەی نێوان کوردەکان و سوننەکان بێت و دەستپێکی نزیکبونەوەی شیعەکان و سوننەکان بێت لەسەر بنەمای بازنەی عەرەبی.
نە داگیرکردنی موسڵ کۆتایی داعشەو نە گرتنەوەی بە واتای گەڕانەوەی ئارامیی دەبێت بۆ عێراق. خەڵکی “بەینولنەهرەین” تا ئەوکاتەی ناسنامەی خۆیان لە چوارچێوەی کورد، شیعە و سوننە پێناسە بکەن، لە راستیدا عێراقی بون هیچ واتایەکی نییە.
عێراق و عێراقییەکان بەهۆی کێشەی ناسنامەوە دەناڵێنن. عێراقییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی مەزهەب و نەتەوە دەرباز بن و ناسنامەیەکی نیشتمانی و لەسەروی نەتەوەوە بۆ خۆیان پێناسە بکەن.
ئەگەرچی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵدا هاوشانی هێزەکانی عێراق، حەشدی شەعبی و هۆزەکان و هێزەکانی سوننە بونیان هەیە، بەڵام ئەم یەکڕیزییە ئەگەر تەنیا بەرهەمی دۆخ و دوژمنی هاوبەش بێت، بەردەوام نابێت و لانیکەم لە ئاستی نیشتیمانیدا ناتوانێت هۆکارێکی بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری و لە هەموان گرنگتر یەکڕیزیی عێراق بێت.
لە سبەینێی کەوتنی موسڵدا یاریکەرانی گۆڕەپان لە جیاتی بیرکرنەوە لە عێراق، هەوڵی قۆرخکاری و سودوەرگرتن دەدەن لەو سەرکەوتنە بۆ پێودانگە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی خۆیان.
شیعەکان وەک گەمەکاری سەرەکی دەسەڵات لە عێراق، ئەگەرچی لە ئاستێکی بەرفراواندا توانیان بەسەر بێ ئەزمونیەکانیاندا سەرکەون، بەڵام ئێستاش ناتوانن لە گۆڕەپانی کرداریدا بە رەفتار نوێنەرایەتی دیموکراسییەکی فرەیی بکەن لە ئاستی حکومەت و دەوڵەتمەداریدا.
کوردەکان وەک دوەم پێکهاتە کە بەشێکی زیاتر لە دیموکراسیی فرەییان بەدەستهێناوە، بەردەوام ناکۆکییان هەیە و سەربەخۆیی وەک رێکخستنی هاوسەنگییەکانی نێوان ئەربیل و بەغدا لە پێودانگن و دانوستانەکانی ناوچەییدا بەکاردەهێنن و سودی لێوەردەگرن.
سوننەکان لە بیرو کرداردا ماونەتەوە و وێڵن. پەنابردن بۆ داعش و تا نزیکبونەوە لە کوردەکان و یاری لەگەڵ شیعەکان وەک رێگەچارەی خۆیان بەکارهێنا، بەڵام هیچکامیان نەیتوانی وەڵامی ئاواتە لەدەستچوەکانیان بداتەوە.
عێراقی سەدام کۆتایی هات. قبوڵکردنی ئەم قسەیە یەکێکە لە گرنگترین کلیلەکان بۆ ئەو گەمەکارانەی کە بیر لەخۆیان ناکەنەوە بەڵکو بیر لە عێراق دەکەنەوە. هەر گۆڕانکارییەک دەردی هەیە، بەڵام رەتکردنەوەی راستییەکان دەرمان نییە و قبوڵی بنەماکان دەبێتە دەرمان، تا ئەو کاتەی عێراقییەکان لە جیاتی سەرنجی ناوخۆیی بۆ دەرەوەی سنورەکانیان بڕوانن، عێراق سەقامگیر نابێت و تەنانە لە راستیدا شتێک نابێت بە ناوی عێراق.
نە واشنتۆن، نە ئەنکەرە و نە تاران ناتوانن لە راستیدا هۆکاری دەرمانی دەردەکانی عێراق و عێراقییەکان بن. تا ئاستی تێگەیشتنی نیشتمانی لە ئاستێکی باڵاتر لە مەیلی نەتەوەیی و مەزهەبی دروست نەبێت، عێراق زیاتر لە پێودانگی ناوخۆیی دیلی پێودانگی دەرەوە دەبێت.
دو کۆبونەوەی ئەمدواییانەی سوننەکان لە ئەنکەرە زیاتر لەوەی بیر لە عێراق بکەنەوە لە خزمەت ئەو بەرژەوەندییانەدا بو کە بواری دەرکەوتنی داعشی لە عێراق خوڵقاندو بوە هۆی کەوتن یان خۆبەدەستەوەدانی موسڵ بۆ داعش. عێراق و عێراقییەکان دەبێت خۆیان رزگارکەن لەوەی کە دەبنە ئامارازی گەمە.
لە سبەینێی کەوتن “کۆنترۆڵکردنەوەی” موسڵدا دەبینین کوردەکان، سوننەکان و شیعەکان داوای بەش دەکەن. ئاستی داواکارییەکان لە تێڕوانینێکی خۆشبینانەدا هۆکاری دانوستانەو لە تێڕوانینێکی رەشبینانەدا هۆکاری شەڕی ناوخۆیی و پێکدادانی دیکەیە.
سبەینێی موسڵ دەتوانێت کۆتایی پەیوەندی و نزیکایەتیی کوردەکان و سوننەکان بێت و دەستپێکی نزیکایەتیی شیعەکان و سوننەکان بێت لەسەر بنەمای بازنەی عەرەبی، ئیرادەی ئەیاد عەلاوی و موقتەدا سەدر بۆ بەدەستهێنانی ئەم نزیکایەتییە دەبێت.
لە عێراقێکدا کە موسڵ داگیرکرا کەس سەرکەوتو نییە، عێراقی و عێراقییەکان پێویستیان بە تێگەیشتن لەو خاڵە هەیە کە شەڕی ناوخۆیی، براوەی نییە. دوێنێ موسڵ گیرا و ئەمڕۆ ئازادکرا، بەڵام زامەکانی ئەم داگیرکردن و ئازادکرنەوەیە دەکرێت ببێتە هۆی جەنگێکی دیکە و داگیرکردن و ئازادکردنێکی دیکە.
دەبێت عێراقییەکان کۆتایی بە داگیرکردن و ئازادکرن بێنن، عێراقییەکان لە جیاتی گرتنی گۆڕەپانەکانی شەڕ، دەبێت تێڕوانینیان بگۆڕن و دەبێت دڵی یەکتر بەدەستبهێنن. تا ئەوکاتەی عێراقییەکان بۆ گۆڕانکارییەکان لە جیاتی ئاشتی بیر لە شەڕ بکەنەوە، ئارامی بە خۆیانەوە نابینن.
لە عێراقدا نە تاران و نە ئەنکەرە هیچیان سەرکەوتو نەبون، ئەوانەی تاران بە سەرکەوتو دەزانن، دەگەڕێنەوە بۆ دە ساڵی رابردو و دۆخەکە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا بەراورد دەکەن. ئەگەرچی تورکیا نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی لە عێراق بە تەواوی بەدی بێنێت، بەڵام بە سیاسەتە نەرێنییەکانی دۆخەکەی لە زیانی ئێران شکاندوەتەوە. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە، نابێت مایەی خۆشحاڵی ئەنکەرە بێت، چونکە دەستوەردانەکانی تورکیا لە عێراق و پەرەسەندنی بۆ سوریا، زیاتر لە تاران، شادەمار و بەرژەوەندییەکان بە تایبەت سنورەکان و خاکی تورکیا روبەڕوی هەڕەشە دەکاتەوە. بڵێسەداربونی شەڕی ناوخۆیی تورکیا بەشێکی گرنگی بەرهەمی هەڵە لێکدانەوەی ئەنکەرەیە سەبارەت بە عێراق و سوریا بو. ئەردۆغان کە لە ناوخۆو ناوچەکەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانانی خۆی بە پیلانگیڕی دژی تورکیا تۆمەتبار دەکات، دەبێت گۆشەنیگایەکی لەسەر خۆی بێت و لە جیاتی گیرۆدەبون بە تیۆری پیلانگێڕی، ئامادە بێت گۆڕانکاریی لەخۆیدا بکات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی لە عێراق هەنگاو بنێت.
گرتنەوەی موسڵ ئەگەر زیاتر لەوەی گرتنەوەی خاک بێت بۆ عێراقییەکان، دەبێت بەدەستهێنانی دڵەکان بێت، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە کە بوار بۆ نزیکیی دڵی عێراقییەکان دەڕەخسێنێت و سەرنجی بەغدا لە ئەنکەرە، تاران و واشنتۆنەوە بگۆڕێت بۆ سەرنجی بەغدا لەسەر سوننە، شیعەو کورد، عێراقییەکان وا لێبکات کە شایستەی بەدەستهێنانی ناسنامەی نیشتمانی بن و بە ئارامیی ئەوان ناوچەکەش ئارام ببێتەوە.
سادق مەلەکی
سەرچاوە/ دیپلۆماسی ئێرانی