دەمێكە گوتویانە ئەگەر ئازارێك بەرت بكەوێت نەتكوژێت ئەوە بەهێزت دەكات،بەڵام ئەگەر ئێمە مەنتقیانە لە دۆخی هەرێمی كوردستان لە پاش قەیرانێكی سێ ساڵەی دارایی بڕوانین ئەو دەبێت بڵێین ئەوجەڵتەیەی لە ئێمەی داوە تەنها و تەنها بە چاكسازی راستەقینە و ریفۆرمی ئابوری شوێنەوارەكەی ون دەكرێت و هەڵدەستینەوە سەرپێیەكانی خۆمان.
لە ساڵی پارەوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت خەریكی چاكسازین و بەشێكیش لە هەنگاوەكان راگەیاندراون و كاری باش لەو بوارە كراوە بەڵام ئەوەی هەیە تەنها بوارێكی كەمی كەرتی گشتی گرتۆتوە كە ئەوەش نابێتە فەراهەم بۆ چاكبوونەوەی ئەو جەڵتەیەی بەرمان كەوتووە.
بێگومان چاكسازی و چاككردنی دۆخی بازاڕو كەرتی تایبەت بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازی زۆر زەروورە، هاوكات جموجووڵێكیش بخرێتەوە ناو كاری بەڵێندەرایەتی و هەوڵ بدرێت وەبەرهێنان بهێنرێتە بواری جیاواز و هاوكاری كەرتی تایبەت بكرێت لەو شوێنانەی كە گرنگە بكرێ،لەوانە هەڵگرتنی رۆتینە زۆرەكان بۆ نمونە كەسێك بیەوێت كۆمپانیایەك لە هەرێمی كوردستیان دابمەزرێنێ پێویستی بە 32 رۆژە كەچی لە وڵاتێی وەكو نیوزلەندا دامەوراندنی كۆمپانیایەك پێویستی بە چەند كاتژمێرێكە.
نابێت ئەوەندە پشیمان بە بەرزبونەوەی نرخی نەوت خۆش بێت بەڵكو دەبێـ گۆڕانكارییەكی جۆری لە ئابووری رووبدات و لەلایەك هەلی كار بۆ خەڵكی بدۆزرێتەوە و ئەم بوارانەش ببنە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ ئەوەی جارێكی دی ئەگەر بەهای نەوت دابەزی، رووبەڕووی قەیرانی گەورەی دارایی نەبینەوە و بخنكێین.
ئەو جەڵتەیەی لێیداین لەو پووكانەوە ئابوورییەی كە تووشمان بوو، پێویستە ببێتە ئەزموونێك بۆ ئەوەی ئەمجارە سوود لەهەڵە ئابوورییەكانی رابردوو وەربگرین و كەرتی تایبەت بەهێز بێت بە رادەیەك ئەو هەموو كەموكورتییانەی كەم بكەینەوە، دەبێت هێڵێك لەنێوان كەرتی تایبەت و حكوومی بكێشین و چیتر كەسە سیاسیی و ناشارەزاكان كۆنتڕۆڵی كەرتی تایبەت نەكەن،دەبێت كەرتی تایبەت بۆ خودی كەرتی تایبەت بێ.
دەبێت حكوومەت لە پرۆسەی چاكسازیی كەرتی تایبەتدا هەموو سێكتەرەكان لەبەرچاو بگرێ هەر لە بواری بازرگانییەوە تاوەكو فڕۆكەوانی و گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەهەموو ئەم بوارانە دەبێت ئازادیی كێبڕكێ لە نێوان هەموو لایەك و ئەو بازرگان و پیشەسازیكارو بیزنسكارانە بڕەخسێندرێت كە دڵسۆزانەو بەپێی مەرج و رێنمایی و یاساكانی هەرێم دەیانەوێت كار بكەن و خزمەت بەكۆمەڵگەكەیان بكەن.
دەبیت چاكسازیەكان و بڕیارەكانی چاكسازی بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەرتی تایبەت و ئاوەڵاكردنی دەستی سەرمایە داران و خاوەن پێداوە دڵسۆزەكان بێت بۆ ئەوەی هەلی كاری زیاتر و دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بگەرێتەوە بۆ كوردستان، ئەوەندەش پارێزیمان كردبێت جەڵتەی تری ئابوریمان بەرنەكەوێت.