ئێستا بژێوی رۆژانه‌ی ئاسۆ عه‌بدوڵا، له‌سه‌ر فرۆشی سۆپای دار‌و ته‌نكی ئاو گهرمكردنو ته‌باخی نه‌وته، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان شه‌وو رۆژیان پێ بهرێدهكردن، نه‌بونی كاره‌باو نه‌وتی پێویست له‌ساڵی 2016و له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی 2017دا وایكرد ئه‌و كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ستی ئاسۆ له‌گه‌ڵ چراو لایت شهحنو سۆپای غاز جارێكی تر هاوڵاتیان په‌نایان بۆ به‌رنه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان، به‌كۆمه‌ڵێك قهیرانهوهی ماڵئاوایی له‌ساڵی 2016 دهكاتو تا دێت گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌شی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، كاتێك پێشوازی له‌ساڵی نوێ ده‌كرێت خهمو خه‌ونی دانیشتوانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه چۆن بتوانن شه‌وێك بهروناكیو رۆژێك بهگهرمكهرهوهو ئاوی گه‌رمه‌وه به‌سه‌ر به‌رن.
سۆپای دار، چرای نه‌وت، لایت شه‌حن، ته‌نكی ئاو گه‌رمكردن، ته‌باخ بۆ ژێر ته‌نكی، بۆیله‌ری گیزه‌ر، سۆپای غاز، ئه‌و ئامێر‌و كه‌ره‌ستانه‌ن بازاڕیان گه‌رمه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌شێكی زۆر له‌و كه‌ره‌ستانه ئه‌وانه‌بوون هاوڵاتیان له‌ساڵانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ژیانیان پێ تهیدهكردن.
ئاسۆ عه‌بدوڵا 18 ساڵه كاری دروستكردنی ته‌نكی ئاو‌و نهوتو حه‌مام ده‌كات، به”نیقاش”ی وت “كاره‌با نیه نه‌وت نیه، ئه‌وه‌ش وایكردوه سۆپای دار‌و ته‌نكی ئاو گه‌رم كردن‌و ته‌نكی هیته‌ر زۆر بفرۆشرێن”.
ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی ئاسۆ باسیان ده‌كات ئه‌وانه بوون له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، هاوڵاتیان سودیان لێوه‌رده‌گرتن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی گه‌مارۆی ئابوری سه‌ر عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان، شه‌ری ناوخۆی هێزه كوردییه‌كانیش وایكرد بوو، به‌زه‌حمه‌ت هاوڵاتیان نه‌وتی پێویستیان دهستكهوێتو ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێكیش كاره‌با ده‌درایه هاوڵاتیان.
ده‌ستیكرد به‌گیرفانیدا 80 هه‌زار دیناری دا به‌خاوه‌ن دوكانه‌كه، سۆپایه‌كی غازی كڕی بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه، عه‌لی عه‌بدوڵا (55 ساڵ) له‌مانگی دوانزهدایهو چاوه‌رێی وه‌رگرتنی موچه‌ی خانه‌نشینی مانگی پێنج ده‌كات.
ئه‌و به”نیقاش”ی وت “هیچ نه‌وتمان وه‌رنه‌گرتووه، هیتهرمان به‌كارده‌هێنا كاره‌با نه‌ما، ناچار ئه‌م سۆپای غازه ده‌كڕم، ئه‌ویش گران بووه جاران به 55 هه‌زار دینار بوو ئێستا 25 هه‌زار دینار گرانتر بووه”. ئه‌و به‌نیگه‌رانیه‌وه وتی “هیچ حه‌لێك نه‌ماوه‌و دۆخی سۆماڵ زۆر له ئێمه باشتره”. كاتێك پێشوازی له‌ساڵی نوێ ده‌كرێت خهمو خه‌ونی دانیشتوانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه چۆن بتوانن شه‌وێك بهروناكیو رۆژێك بهگهرمكهرهوهو ئاوی گه‌رمه‌وه به‌سه‌ر به‌رن
شانۆ هاوڕێ بریكاری هێنانی سۆپای غازه، رۆژانه‌ی 40 تا 50 سۆپا ده‌فرۆشێت، به”نیقاش”ی وت “نه‌وت نه‌ماوه خه‌ڵك خوی داوه‌ته‌وه سۆپای غاز ئه‌مساڵ له‌بازاڕی مهزادهكهی خواره‌وه (بازاڕێكی میللی سلێمانی) بڕواناكه‌م هیچ ساڵێك به‌قه‌د ئێستا به‌كه‌می سۆپای نه‌وت فرۆشرابن”.
سۆپای غاز نرخه‌كه 55 هه‌زاره‌وه بۆ 80 هه‌زار دینار ده‌ستپێده‌كات، ئه‌گه‌ر 24 كاتژمێر ئیشی پێبكرێت بتڵێك غاز كه نرخه‌كه‌ی حه‌وت هه‌زارو پێنج سه‌د دیناره به‌شی 5 رۆژ ده‌كات.
جگه لهسۆپای غاز ئێستا چراوو گڵۆپی شه‌حن خواستی زۆریان له‌سه‌ره، هاوڵاتیان بۆ رووناك كردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان به‌كاریان ده‌هێنن.
چرا چه‌ندین ساڵ ده‌بێت هاوڵاتیان له‌به‌ر رووناكیهكهدا دانه‌نیشتوون، به‌ڵام بێ كاره‌بای جارێكی تر هاوڵاتیانی ناچار كرد له‌به‌ر رووناكیهكهیدا رۆژ بكه‌نه‌وه.
به‌پێی خشته‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی كاره‌با بۆ ئه‌م مانگه ده‌بێت رۆژانه 14 سه‌عات كاره‌با بدرێت، به‌ڵام زۆربه‌ی رۆژه‌كان ته‌نیا چوار بۆ پێنج كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت، هه‌روه‌ها حه‌وت سه‌عاتی تر كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی ده‌بێت هه‌بێت كه خه‌ڵكی به‌پاره ده‌یكڕن‌و نرخی یه‌ك ئه‌مپێری نۆ هه‌زار دیناره، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ماڵهكانیشی له‌و ماوه‌یه‌دا سێ ئه‌مپێر كاره‌بایان ده‌بێت، كه زۆربه‌ی ئامێره سه‌ره‌كییه‌كانی خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ئیش پێناكرێت، ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌ی كه ده‌مێنێته‌وه به‌بێ هیچ كاره‌بایه‌ك به‌ڕێی ده‌كه‌ن.
سالار عه‌لی، له‌وڵاتی ئێرانه‌وه چراو ته‌باخی نه‌وت ده‌هێنێت، به”نیقاش”ی وت “چراو ته‌باخ بازاڕیان زۆر باشه، دوو جۆر چرامان هه‌یه، مانگانه هه‌زار تهباخو هه‌زار چرا ده‌هێنم”.
كه‌مال محه‌مه‌د ماوه‌ی 15 ساڵه ئامێری كاره‌بای ده‌فرۆشێت، هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا گلۆپی شه‌حنی نه‌فرۆشتووه.
ئه‌و به”نیقاش”ی وت “زیاتر به20 جۆر لایت شه‌حن هه‌یه‌و هه‌موو دوكاندارێك رۆژانه 100 دانه ده‌فرۆشێت چونكه كاره‌با نیه”. ئه‌و لایته شه‌حنانه چه‌ند سه‌عاتێك ده‌بێت به‌كاره‌باوه بكرێن دوایی به‌شی پێنج سه‌عات رووناكی ده‌ده‌ن.
بۆ ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان به‌بڕیارێك دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه ڕاگرت‌و داوای له‌پارێزگاكان كرد خۆیان هه‌وڵی دابینكردنی ئه‌و سوته‌مه‌نییه بده‌ن بۆ هاوڵاتیان.
دوای ئه‌و بڕیاره ئاسۆ فه‌ریدون، پارێزگاری پێشووی سلێمانی، سه‌ردانی شاری به‌غدای كرد‌و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌وێوه به‌ڵێنی دابینكردنی نه‌وتی پێ درا بۆ پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه، له‌ئێستاشدا له‌زۆربه‌ی ناوچه شاخاوییه‌كانی سنوری پارێزگاكه نه‌وت دابه‌ش كراوه.
ساڵانی رابردوو بۆ هه‌ر خێزانێك له‌ناو شاردا وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان (400) لیتر نه‌وتی سپی به‌هه‌رزان به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرد، ئه‌و بڕه بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ناوچه شاخاوییه‌كان ده‌ژین ده‌گه‌یشته (800) لیتر.
محه‌مه‌د حه‌سیب، به‌رێوه‌به‌ری نهوتو كانزاكانی سلێمانی، به”نیقاش”ی راگه‌یاند هیچ ماڵێك بهبهرمیلێك نه‌وت زستان تێناپه‌ڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وان هه‌وڵیانداوه به‌رمیلێك نه‌وت بۆ هه‌ر ماڵێك دابین بكه‌ن.
وتیشی “له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتنێك هه‌یه به‌وه‌ی 30 تا 40 ملیۆن لیتر نه‌وت بنێرێت بۆ سلێمانی، ئامانجمان راگرتنی هاوسه‌نگی نرخی نه‌وته له‌بازاڕ، له‌و بڕه 19 ملیۆن لیتر هاتووه، له‌ناوچه‌كانی پێنجوێن‌و قه‌ڵادزێ‌و رانیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادق دابه‌شمان كردووه”.
محه‌مه‌د حه‌سیب، بۆ “نیقاش”ی رونكرده‌وه 11 ته‌نكه‌ر غازیان له‌وێستگه‌ی كۆرمۆوه وه‌رگرتووه، هه‌ر ته‌نكه‌رێك 20 ته‌ن غاز ده‌گرێت نرخی بوتڵێك غاز هه‌ر به‌حه‌وت هه‌زارو 500 دیناره، تائێستاش غاز نرخه‌كه‌ی به‌رز نه‌بوه‌ته‌وه هه‌رچه‌نده خواستی زۆری له‌سه‌ره.
كاره‌با یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ی به‌درێژایی حكومڕانی هێزه كوردییه‌كان له‌دوای ساڵی 1991ه‌وه تائێستا به‌رۆكی هاوڵاتیانی گرتووه، هه‌رچه‌نده چه‌ندینجار به‌ڵێنی كاره‌بای 24 كاتژمێری دراوه به‌گوێی هاوڵاتیاندا به‌ڵام به‌ڵێنه‌كان هیچیان لێ سه‌وز نه‌بووه.
سیروان محه‌مه‌د، وته‌بێژی كاره‌بای سلێمانی، به”نیقاش”ی راگه‌یاند “دوو ساڵ زیاتره پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین ره‌وشی كاره‌با به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌رێوه‌بردنی كه‌رتی وزه له‌هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه”.
سیروان محه‌مه‌د، ده‌ڵێت “حكومه‌ت به‌رده‌وام پلانی هه‌بووه بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ڵام پلانی نه‌بووه بۆ چۆنیه‌تی كۆنتڕۆڵكردنی، ئه‌مه كێشه‌ی كاره‌بای زیاتر كردووه”.
پارێزگای سلێمانی دوو هه‌زار مێگاوایت كاره‌بای پێویسته، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ی ئێستا بۆی دێت نزیكه‌ی 500 بۆ 600 مێگاوایته.
وته‌بێژی كاره‌بای سلێمانی، وتیشی “دوو ساڵ ده‌بێت تۆڕه‌كانی كاره‌با سیانه نه‌كراون، پێنج هه‌زار محاویله‌مان هه‌یه كه پێویستیان بهسیانهكردن هه‌یه، ساڵ هه‌بووه 20 ملیار دینار به‌ته‌نیا بۆ سیانهكردنهوه ته‌رخانكراوه ئه‌مساڵ یه‌ك دینار دابین نه‌كراوه، یه‌ك محاویله‌مان نیه له‌گه‌نجینه”.
سیروان محه‌مه‌د، دابه‌شنه‌كردنی نه‌وتی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا به‌دروستكه‌ری بارگرانی به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه ناوبرد‌و وتیشی “سوتانی محاویله‌كان كێشه‌یه‌كی تره له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا 50 محاویله‌مان سوتاوه كولفه‌ی چاكردنه‌وه‌یان نزیكه‌ی نیو ملیۆن دۆلاره”.