نیاز عەبدوڵڵا:
حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدانAKP بە دەستگیرکردنی سەرۆک و هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، دەیەوێت چاوی جیهان لە جموجۆڵە نوێیەکانی سوپای تورکیا لە شاری موسڵ بگوازێتەوە بۆسەر دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی و نەخشە سەربازی و سیاسییەکانی لە عێراق و سووریا جێبەجێ بکات.
جگە لە ئامانجەکانی AKP بۆ دوورخستنەوەی سیاسەتمەدارە باڵاکانی HDP لە خەباتی سیاسی و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە بەرامبەر هەر دەنگێکی جیاوازتر، ئەردۆغان ئامانجێتی پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەست تا هەشت ساڵی تر کۆتایی پێبهێنێت و بەهێزتر رووبەڕووی پارتی کرێکاران ببێتەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
رۆژانی داهاتووش ئەوە باشتر رووندەکاتەوە، کە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق ئەوەی تا ئێستا وەک کاردانەوە رایانگەیاندووە گەمەیەکی میدیاییە و بەیەکەوە نەخشەکە دادەڕێژن لە موسڵ.
تورکیاش بە نهێنی وەک دەستە راستی عێراق دەبێت بۆ دوورخستنەوەی کورد لە هەندێک ناوچەی رزگارکراو، كه بە خوێنی پێشمەرگەکانی کوردستان و پارتی کرێکاران و پارتی یەکێتی دیموکراتی ئازاد كراون.
بۆ جوڵەپێکردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و دروست کردنی بۆشایی ئەمنی لە هەندێک ناوچەی کوردستان، تورکیا و ئێران باشترین هاوکاری ئەو خەونە سێ لایەنە دەبن لەگەڵ عێراق، بۆئەوەی لە بەرامبەر بوونی بۆشایی ئەمنی دواتر سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی یان وەتەنی وەک شوێنگرەوەی هێزە کوردییەکان جوڵەپێ بکرێت.
تورکیا بە هەنگاوەکانی لێدان لە نەیارە سیاسییەکانی، کە لە رێگای هەڵبژاردنەوە پێگەی سیاسییان هەیە لە نموونەی HDP، روونتر رووی راستەقینەی ئامانجە سیاسییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان دەخاتە روو لە داهاتووی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەدا.
بە تایبەت، کە دەسەڵاتەکانی سوپا و دادگا و دارایی وەک سێ کۆڵەکەی گرنگی بەڕێوەبردنی وڵات ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی تەواوی ئەردۆغاندان، لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموز و راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتدا.
ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان لە دژی HDP و رووبەڕوو بوونەوەی ئەو لایەنانەی بە پشتیوانی کودەتا سەربازییەکە تۆمەتباریان دەکات، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدان، ئەمانەش نیشانەی سیاسی ئەوەن کە تورکیا وەک دەوڵەتێک دەستبەرداری هەوڵی چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا بووە و گەڕاوەتەوە بۆ خەونە ریشەییەکەی دەسەڵاتی فراوانخوازی حوکمی دەوڵەتی ئیسلامی سوننەگەرا لە ژێر فەرمانڕەوایی تورکەکان. ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە سوڵتان ئەردۆغان بە هەر نرخێک بێت دەیەوێت بە سڕینەوە و ملکەچکردنی ئەوانی تر بەدەستی بهێنێت.