
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 4ی تشرینی دووەمی 2016، پۆلیسی تورکیا بەجیا هەڵیکوتایە سەر ماڵەکانی هەریەک لەهاوسەرۆکانی هەدەپە فیگەن یۆكسەكداغو سەڵاحەدین دەمیرتاشو نۆ پەرلەمانتاری ئەو پارتەو دەستگیریکردن. هۆكاری دەستگیركردنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رەتیانكردووەتەوە لەبەردەم داواكاری گشتیی ئامەد ئامادەبنو وتەی خۆیان لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەی دۆسیەیەكی تایبەت بە “تیرۆر” پێشكەش بكەن.
فۆرین پۆلیسی (Foreign Policy) کە گۆڤارو سەنتەرێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوەو شیکاریکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لەبارەی رووداوەکانی دوێنیی تورکیاو دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “ئۆباما کوردەکەی تورکیا ئێستا لەزینداندایە” بڵاوکردوەتەوە.
“ڕێی تێدەچێت ئەم مانگە یاخود مانگی داهاتوو ئێمە زیندانی بکرێین. رەنگە هەموومان بگرن” سەڵاحەدین دەمیرتاش مانگی رابردوو لەلێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی بەم شێوەیە پێشبینی زیندانیکردنی خۆیو هاوڕێکانی کردووە.
گۆڤارەکە باسی لەوە کردووە کە لەحوزەیرانی 2015 دەمیرتاش رابەرایەتی پارتەکەی کردووە لە هەڵبژاردنەکانداو توانیویەتی 13%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە سەرکەوتنێکی بێ پێشینەبووە.
“دەمیرتاش بووە یەکێک لەگەورەترین رەخنەگران له سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانو کەیسێکی کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پەکەکەو ئۆتۆنۆمی دیموکراتی کە دەسەڵاتی حکومەتە لۆکاڵییەکانی بەهێز دەکرد”.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک دەستبەسەربوون، هاوسەرۆکانی هەدەپە هەر دوێنێ گواسترانەوە بۆ هەمان ئەو زیندانەی هەفتەی پێشوو سەرۆک شارەوانییەکانی ئامەدی لێ دەستگیرکرابوونو تا ئێستاش ئازاد نەکراون. لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیردکرنەکەش شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی لەسەر ئاستی میدیاو شەقام تورکیاو وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە.
لەبەشێکی دیکەی بابەتەکەدا فۆرین پۆلیسی بڵاویکردوەتەوە کە دەمیرتاش هەوڵی داوە کە شوناسی پارتەکەی تەنها بەجەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی کورد نەمێنێتەوەو بەڵکو ئەوە تێپەڕێنێت، ئەوەش بەدروستکردنی پردێک لەگەڵ تورکە لیبراڵەکانو بانگەشەکردن بۆ بابەتگەلی وەک مافی هاوڕەگەزبازەکانو پارێزگاری لەژینگە.
“ئەو هەوڵی دا جوڵانەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی چەپ بەشێوەیەکی بەرفراوان دژی ئەردۆگان دابمەزرێنێت. پارتە ئۆپۆزسیۆنە تەقلیدییەکان زیاتر لەدەیەیەکیان تێپەڕاندو هەمیشە لەهەڵبژاردنەکاندا لەسەر دەستی ئەردۆگان توشی شکست دەهاتن. لەکۆتاییدا بەشێک لەناو ئۆپۆزسیۆندا هیوایان خواست هەوڵەکان هەنگارێک بێت بۆ گەشەپیدان بە ئەڵتەرناتیڤێکی دروست”.
“ئەو هیوایانە ئێستا بەنزیکەیی بەتەواوەتی شکستی هێنا. هەدەپە لەهەڵبژاردنێکی خێرادا دەنگەکانی کەمی کردو پارتەکەی ئەردۆگان بوەوە خاوەن زۆرینە لەپەرلەماندا. دووبارە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکان لەنێوان پەکەکەو هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا کاریگەریی لەسەر هەدەپە دانا. هەندێک لەو تورکانەی دژی ئەردۆگانن دەستیان کرد بەرەخنەگرتن لێی بەوەی تەنها رەخنەگرتن لەو گروپە بەس نییە کە لەلایەن ئەمەریکاو تورکیاوە بەتیرۆرست ناسێنراوە. لەهەمان کاتدا ئەردۆگان داواکردنی ئۆتۆنۆمی لۆکاڵی بە خیانەت ناوبرد”.
پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاندبوو بەکۆی گشتیی 550 دۆسیە لەدژی پەرلەمانتارەکانی هەدەپە هەیە، خۆیشی بەتەنها روبەڕووی 102 کەیس بووەتەوە کە هەموویان پێکەوە ئەگەری حوکمی دووجار زیندانی هەتاهەتاییو 600 ساڵ زیندانیکردن دەکات.
