ئەمرۆ ئەگەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە هەرێمی بەتەمای خودای پێ تێپەڕدەبێت بەشێوەیەکی زانستی و مەعریفیانە لێک بدەینەوە دەبینین کە دەسەڵاتی هەردوو حزب ( پارتی لە زۆنی زەرد، یەکێتیش لە زۆنی سەوز و نیلی ) بەشێوەیەکی تەواو هەست پێکراو بەرەو تاکڕەوی دەڕوات ورۆژ لەدوای رۆژیش لەو بەڵێنانەی کە بە هاوڵاتیانیان دابوو پاشگەز دەبنەوە ، گرنگترین پاشگەز بوونەوەش لە بواری دیموکراسیەت و مافی هاوڵاتیان و بەرتەسکردنی ئازادی تاک و ڕادەربرین و شکاندنی شکۆی مرۆڤەکان خۆی دەنوێنێت ..
هەروەک دەزانین کە دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەڕبڕین و خۆشگوزەرانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەوئامانجە پیرۆزو ڕەوایانەبوون کە گەلەکەمان لە پێناو بەدیهێنانیاندا بەهیچ شێوەیەک نەک تەنها کەمتەرخەمی نەکردووە ، بەڵکو دەریایەک خوێن وهەزاران شەهیدی نازداری لەم رێگایەدا داوە .
بۆیە لە رۆژگارێکی دژوارو ڕەشی وەک ئەمرۆکە هەرێمی بەتەمای خودای پێدا تێپەڕدەبێت ، خەریکە ئەو ئازادی و ئەو بڕە دیموکراسیەتەی کە هاتبووە ئاراوە لەپاڵ ئامانج و دەسکەوتە ڕەواکانی دیکەی گەلە ستەمدیدەکەماندا ، خەریکە بەدەستی دەسەڵاتدارانی کورد و بەهیمەتی کەسانی گەندەڵ و دوور لە لێپرسراوەتی لەناودەچێت.
سەرەڕای پەیرەوکردنی سیاسەتی برسیکردن و بڕینی مووچەو دزینی داهات و هەڕاج کردنی کەرتە گشتیەکان و فرۆشتنیان بەکەرتی تایبەتی کە هەژارەکان هەژارترو دەولەمەندەکان دەولەمەندتردەکات ، دەسەڵاتی کوردی هێزێکی تۆقێنەرو سەرکوتکەری ( بەلتەجی ) هێناوەتە مەیدان و هەریەکێ داوای مافی ڕەوای خۆی بکات ، بەبێ سێ ودوو (پەل بەست و شلم کوت )و نان بڕێ دەکەن و دواتریش شاربەدەری دەکەن .
ئەمرۆ ئەو ناعەدالەتییەی کە لە هەرێمی بەتەمای خودا دەگوزەرێت ، لە بڕین و پاشەکەوتکردنی مووچە ی فەرمانبەران زۆر گەورەترو خەتەرناک ترە ، بۆیە هاوڵاتیان هەلەیەکی گەورەدەکەن ، کە داواکارییەکانیان لە بازنەیەکی بچوک چوارچێوەگیردەکەن ، هەروەک ئەوەی کە کێشەی سەرکی خەڵکی کوردستان تەنها ( مووچە) یەو بەس …!!
ئەمرۆ هەرێمی بەتەمای خودا لە کابوسێکی زۆر ترسناکدا دەژیت کە ئەویش کابوسی ( تێکشکاندن و بێدەسەڵات کردنی پرسۆناڵی کوردو، چەسپاندنی کۆلەکەی تاکڕەوی حزبی فەرماندەو ، قۆرخکردنی دەسەڵات و خنکاندنی ئازدی ڕادەربڕین و تەسککردنەوەی بنەما سەرکییەکانی مافی مرۆڤە کە لەلایەن ( پارتی و یەکیتییەوە) بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەیرەودەکرێت ) …. !!
بەواتایەکی دیکە ، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ، نابێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو کێشە سەرەکیانەی کە ئەمرۆ یەخە و بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووەو خەریکە لەناویان دەبات ، بۆیە بەبڕاوی من دەبێت داواکاریەکان و خەباتی خەڵک لەئاست کێشە ترسناک و گەورەکاندا بێت نەک لە چوارچێوەی مووچە قەتیس بکرێت و( ئاوان بێنەو دەستان بشۆ )…
هەربۆیە دەبێت هەرهەمووان بە جیاوازی دەنگ و ڕەنگەکانمانەوە ڕۆڵی دیارو بەرچاومان هەبێت و ، خەبات بۆ گەڕاندنەوەی کەڕامەت وئیرادە و بەها و کەسایەتی و شکۆی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و مافە سەرەکییەکانمان بکەین ،نەک تەنها داوای (مووچە )بکەین کە مافێکی سەرەکی خۆمانە وەک ( خێرو سەدەقە ) چەند مانگ جارێک ( فیرعەونەکانی هەریمی بەتەمای خودا ) بەسەرمان دابەشی دەکەن ….!!
لەکۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم :
باهەموومان بەیەک دەنگ ڕووبەرووی گەندەڵکاران ببینەوەو هاواربکەین و بڵێن : ( مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە ) نابیت و ناکرێت لەوە زیاتر سوکایەتی بە شکۆی ئازادی و مافە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن ….!!