١٥ ساڵ بەر لە ئێستا ڕووداى ١١ى سپتەمبەرى ٢٠٠١ جیهانی هەژاند. لە رووداوێکی بێ وێنەدا ئەندامانی رێکخراوی قاعیدە هێرشیان کردەسەر هەر دوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیهانی لە شارى نیۆیۆرک و بینای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) لە واشنتۆن، نزیکەی سێ هەزار کەس لەم هێرشانەدا کوژران.
دوای رووداوەکە ئەمەریکا شەڕی لە دژی تیرۆر راگەیاند، کەمتر لە مانگێک دوای رووداوەکە بە مەبەستی بنەبڕکردنی تیرۆر ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێرشیان کردەسەر ئەفغانستان و دەسەڵاتی تالیبانیان روخاند، ساڵ و نیوێک دواتریش هێرشیان کردەسەر عێراق و دەسەڵاتەکەی سەدام حسێنیان روخاند.
دوای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر روداوەکەی ١١ی سێپتەمبەردا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی سەرباری دەستپێکردنی شەڕی دژی تیرۆر، جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر نائارامترە لە جیهانی پێش ١١ی سێپتەمبەر؟
رووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەر ناوی رێکخراوی قاعیدە و ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوەکەی خستە سەر زمانی هەموو خەڵکی جیهان، کە پێشتر بۆ زۆر کەس نەناسراوبوون، رێکخراوی قاعیدە پێشتر توانیبووی تەنها چەند هێرشێک لە چەند وڵاتێکی ئەفریقیدا ئەنجام بدات، جگە لەوەش لە تەقینەوە و هێرشەکانیدا رێکخراوەکە کەمتر خەڵکی مەدەنی دەکردە ئامانج، بەڵام دوای ١١ی سێپتەمبر ستراتیژی قاعیدە گۆڕا.
دوای هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆسەر ئەفغانستان ئەندامانی قاعیدە ئەو وڵاتەیان جێهێشت و پەرتەوازەی وڵاتانی دیکەبوون، ئەمەش ئەو دەرفەتەی بۆ رێکخراوەکە ڕەخساند کە لە وڵاتانی دیکەدا زۆرترین ئەندام لە ریزەکانیدا رێکبخات.
دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراقیش، ئەندامانی قاعیدە لە عێراق بۆشایی دەسەڵاتیان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە و جگە لە رێکخستنی ئەندام و ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی بۆسەر هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئەمجارەیان لە هێرشەکانیاندا خەڵکی مەدەنیان کردە ئامانج.
ساڵى ٢٠١١ خۆپیشاندان و ناڕەزایى زۆربەى وڵاتانى عەرەبى گرتەوە کە دواتر بە بەهارى عەرەبى ناسرا، ئەو ڕووداوانە لە وڵاتانی تونس و لیبیا و یەمەن و سوریا بۆشایی دەسەڵاتیان دروستکرد و دەرفەتێکی گەورەی خستە بەردەم رێکخراوی قاعیدە و گروپە هاوشێوەکانى، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠١٣دا رێکخراوی داعش لە قاعیدە جیابووەوەو گەیشتە ئاستێک کە ئێستا ئەو ڕێکخراوە بە گەورەترین مەترسی بۆسەر جیهان دادەنرێت.
ئەگەر بەر لە ١١ی سێپتەمبەر رێکخراوی قاعیدە تەنیا لە ئاستێکی بەرتەسکدا مەترسی بوو بۆسەر بەرژەوەندی هەندێک لە وڵاتان، ئەوە لە ئێستادا داعش و گروپە هاوشێوەکانى بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هەموو جیهان، لە ئوسترالیاوە تا ئەمەریکا هەر جارەو وڵاتێک دەکەنە ئامانجى هێرشەکانیان.
سەرچاوە : ئێن ئاڕ تی