عەزیز ڕەئووف:
كچە خوێندكارێك لە عەربەت دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان خۆی سوتاند، چونكە وەك توتی نەیتوانی بەدوای مامۆستاكانیدا وشەكان بڵێتەوە، چونكە نەیتوانی كۆمەڵە زانیارییەكی كۆنی سەدەكانی ڕابردوو لەبەر بكات. ئەو خۆی سوتاند چونكە نەیتوانی باش ببێت بە توتی.
گەر خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین بێبەهاترین كایە لە كۆمەڵگەی كوردیدا پەروەردەیە. نە ئینسانی تیا بەرهەم دێت نە داهێنەر، بەڵكو كارخانەیەكە بۆ دروستكردنی ئیسنان كە لە نەوەی پێشوو دەچن، شوێنێكە بۆ بەرهەمهێنانی توتی، توتیەك كوت و مت لەم جیلە بێدەنگ و سەركزەی ئێستا دەچێت.
ئەوە كێیە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەوەی حورمەتی بۆ نەهێشتۆتەوە ئیسنان و منداڵەكانمانە، ئێستا لە شاشەكانەوە منداڵە یەكەمەكان نیشانی ئەوانی تر دەدەن. ئێوە لە 25 ساڵی ڕابردوودا هەر خەریكی جیاكردنەوە بوون، هەژار لە دەوڵەمەند و شار لە لادێ و سیاسی لە هاوڵاتی و ڤێلا لە خانوی گڵ، ئەوە كێیە خۆی و سەد پشتی باوكی هەر بێزی نایا منداڵەكانی بنێرێتە قوتابخانەی حكومی، ئێستا دێت لەشاشەكانەوە بەناوە زیرەك و تەمەڵەكان لەیەك جودا دەكاتەوە. بێ ئاگا لەوەی كەس زیرەك نیە و كەسیش تەمەڵ، بەڵكو ئەوە ئەو ژینگەیەیە كە نەوەكان وا لێ دەكات زیرەك بن، داهێنەر بن یان خوو بە تەمەڵییەوە بگرن. كۆمەڵگەیەكی تەمەڵ وەك زەرنەقوتە دەمی بۆ نیو موچە دەكاتەوە، دڵخۆشە بەوەی منداڵەكانی زیرەكن.
زۆرمان وت سیاسەت تەنها گۆڕینی كورسیەكان و گفتوگۆی بێجەوهەری هێزەكان نیە، زۆرمان وت ئەمانە لەیەك دەچن و كەسیان خەمی كۆمەڵگەیان نیە، زۆرمان وت وەرن لە پەرەوەردەوە دەست پێ بكەن، بەڵام بێئاگا لەوەی ئەم نوخبە سیاسیە بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ئەوەی نایزانێت میتۆدەكانی پەروەردەكردنی ئینسانە، ئەوەی دەیزانێت تەنها شەڕە جنێوی سەر شاشەكانە، بۆیە تادێت برینەكانی كۆمەڵگە گەورەتر دەبێت.
زیرەكی چی جیادەكەیتەوە؟ ئەوانەی ڕێك وەك توتی مەنهەجەكەیان لەبەر كردووە؟ بۆ كەی كۆمەڵگەی ئێمە كێشەی زیرەكی و تەمەڵی هەبووە؟ لەوەتەی بیرم دێت زیرەكەكان یان بوون بە دكتۆر یان موهەندیس، بەڵام نەبوون بە مرۆڤ، مرۆڤێك خەمی گشتی هەبێت. ئەگەر زۆرینەی خوێندكاری كۆمەڵگە تەمەڵ بێت ئەوە خەلەل لە تۆدایە، خەلەل لە بێئومێدكردنی نەوەیەكدایە كە تۆ سەرچاوەی ئەم خەمباریەی نەوەی ئێمەی.
بیرت كردۆتەوە لەوەی تۆی مامۆستا كە داوای موچەت كرد یەك خوێندكار ئامادە نەبوو لەگەڵت بێـتە سەر جادە، لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە خەمبار بووە، ئەی بۆ لە شیكاگۆ مامۆستاكان هاتنە سەرجادە داوای مافی خۆیان كرد، خوێندكارەكان زیاتر بوون لە مامۆستاكان كە هاتبوون داوای مافی مامۆستاكانی خۆیان دەكرد. ئەی شیكاگۆ هات خوێندكاری تەمەڵ و زیرەك جیا بكاتەوە؟ بە پۆینتات بۆم بسەلمێنیت كێ تەمەڵە و كێ زیرەك؟ بێ ئاگا لەوەی لە سەرۆكی حكومەتەوە تا بچوكترین بەناوسیاسی و بەرپرسی ئەم هەرێمە دەبێت ئیمتیحانیان بكەیت كە لەو پۆستە دانراون، دەبێت ئیمتیحانیان بكەیت كە بەشەرن یان نا. بێ ئاگا لەوەی ئەوە نەوەی ئێمە نیە تەمەڵە، ئەوە تۆیت ڕقت لە كتێب و مەنهەج و قوتابخانە و بیركردنەوەیە. ئەوە چ داماوێكە باوەڕ بە قسەی كۆمەڵە بەرپرسێكی پەروەردە دەكات كە لە شاشەكانەوە زیرەكەكانمان بۆ دەژمێرن، كەچی منداڵی كەسیان لە قوتابخانەی حكومی ناخوێنن.
گومان لە عەقڵی هەمووتان دەكەم نەچنە عەربەت و لەسەر گۆڕی ئەم كیژۆڵەیە نەگرین و شەقێك لە خۆتان و كورسیە شكاوەكەی ژێرتان هەڵنەدەن.