لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت نەخشەی‌ سیاسی‌‌و سەربازی‌ دوای‌ داعش

نەخشەی‌ سیاسی‌‌و سەربازی‌ دوای‌ داعش

0 تێبینییەکان 14 بینینەکان

pkkشەڕی‌ خۆبەخۆی‌ ئێزدییەكان لەسەر دەستی‌ پارتی‌‌و پەكەكە

سایتی ئاشتی – نیقاش

هەشت مانگ بەسەر ئازادكردنی‌ شنگالدا تێپەڕیوەو هێشتا خەونی‌ ئێزدییەكان بۆ ژیانێكی‌ ئارام نەهاتووەتە دی، بگرە ئێستا بۆنی‌ هەڵایسانی‌ شەڕێكی‌ خۆبەخۆ لەو شارە دێت.
ئەو چەكانەی‌ رۆژانی‌ رابردوو لەیەك بەرەدا بوون دژی‌ داعش، ئەمڕۆ خەریكە روو دەكەنە یەكتر، ئێستا هەردوو بەرەی‌ ناكۆكی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، دان لەیەك تیژ دەكەنەوەو ئەم نائارامیەش كاری‌ لەژیان‌و گوزەرانی‌ هەزاران خێزانی‌ ئێزدی‌ كردووە.

لەتشرینی‌ دووەمی‌ 2015 هێزەكانی‌ پێشمەرگەو شەڕڤان‌و گروپە ئێزدییەكان بەهاوكاری‌ فرۆكەكانی‌ هاوپەیمانان شاری‌ شنگالیان (110كم خۆرئاوای‌ موسڵ) لەداعش سەندەوە، بەڵام هەرزوو ناكۆكی‌ كەوتە نێوان پارتی‌ كرێكاران‌و پارتی‌ دیموكراتەوە، گروپەكانی‌ سەر بەپەكەكە دەستیان بەسەر فەرمانگەو بینا فەرمییەكاندا گرت، پارتیش بەبیانووی‌ دەستكردن بەئاوەدانكردنەوە داوای‌ كشانەوەی‌ لێكردن، بەڵام پەكەكە گوێی‌ بەو داوایە نەدا.

ئەم ناكۆكییە رەگ‌و ریشەی‌ كۆنتری‌ هەیە‌و تەنها گرێنەدراوە بەشنگالەوە كە رۆژی‌ 3ی‌ ئابی‌ 2014 پێشمەرگەو هێزەكانی‌ سەر بەپارتی‌ بەبێ‌ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەك بۆ داعشیان چۆڵكرد‌و ئەویش كەوتە وێرانكردنی‌ شارەكەو لەناوبردنی‌ خەڵكەكەی‌، تا ئەو رادەیەی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان بە”كۆمەڵكوژی‌” ناساندی‌.
زۆربەی‌ ئەو ئێزدییەنەی‌ لەشنگال رزگاریان بوو لەرێی‌ هێزەكانی‌ سەر بەپەكەكەوە دەربازكران‌و رێگای‌ خۆ قوتاركردنیان بۆ كرایەوە لەچیای‌ شنگالەوە بۆ خاكی‌ سوریا، بۆیە بەشێكی‌ زۆریان خۆبەخشانە چوونە پاڵ پەكەكەو ئەمەش حیزبەكەی‌ بارزانی‌ نیگەران كرد.

نەخشەی‌ سیاسی‌‌و سەربازی‌ دوای‌ داعش
دیارترین گروپە كاریگەرەكانی‌ ناو شنگال بریتین لەیەكینەكانی‌ پاراستنی‌ شەنگالی‌ سەر بەپەكەكەو حەشدی‌ ئێزدی‌ كە دوو هەزار چەكداریان هەیەو نیوەیان لەحكومەتی‌ عێراقییەوە موچە وەردەگرن، هەروەها یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ ژنانی‌ شنگال.
تاكە گروپی‌ چەكداری‌ عەرەبی‌ لەدەوروبەری‌ شارەكە ناوی‌ (نەوادر)ە كە 250 چەكداری‌ عەشیرەتی‌ شمەری‌ لەخۆگرتووەو ئەوانیش حكومەتی‌ عێراقی‌ موچەیان دەداتێ‌‌و لەپاڵ یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ گەلدا دەجەنگن.
هەرچەندە نەوادر لەلایەن سەرۆكی‌ سوپای‌ (سەنادید)ی‌ سوریا حەمید ئەدهەم شمەرییەوە پشتیوانی‌ دەكرێن كە ئەمیش هاوپەیمانی‌ پەكەكەیە، كەچی‌ كاریگەرییان لەسەر مەیدان لاوازە، بەڵام گروپی‌ هەرە كاریگەر خودی‌ ئێزدییەكان خۆیانن كە جڵەوی‌ بەری‌ خۆرئاواو باشووری‌ شارەكەیان كردووەو لەلایەن پەكەكەوە رێبەرایەتی‌ دەكرێن‌و راهێنانیان پێدەكرێت.

بەرەی‌ دووەم لەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێكهاتووە بەڕێبەرایەتی‌ مەسعود بارزانی‌، ئەم هێزە بریتین لەپێشمەرگەو ئاسایش‌و دەزگای‌ هەواڵگری‌‌و چەكداری‌ حیزبی‌، ژمارەیان 10 هەزار چەكدار دەبێت‌و جڵەوی‌ بەشی‌ باكورو خۆرهەڵاتی‌ شارەكەیان بەدەستەوەیەو پۆستە ئیدارییە گرنگەكانیان كۆنترۆڵ كردووە.

گروپی‌ سێهەمیش لە”هێزەی‌ پاراستنی‌ ئێزیدخان” پێكهاتووە كە سەر بەیەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانەو حەیدەر شەشۆ بەڕێوەی‌ دەبات، ئەم هێزە زیاتر دەیانەوێت نێوەندگیربن لەنێوان هەردوو بەرەكەی‌ تردا.

گەمارۆو گوزەرانێكی‌ خراپ
لەنێوان ئەم بەرە ناتابەیانەدا نزیكەی‌ 35 هەزار ئێزدی‌ دەژین كە هێشتا برینی‌ تاوانەكانی‌ داعش لەسەر جەستەیان ساڕێژ نەبووە، زۆربەیان گەڕانەوە بۆ شنگال بەهیوای‌ ژیانێكی‌ باشتر، بەڵام پێناچێت پێی‌ بگەن.

لەرووی‌ كردەییەوە دوو مانگە گەمارۆی‌ ئابوری‌ خراوەتە سەر شنگال، داوود جوندی‌ فەرماندەیەكی‌ سەر بەهێزەكەی‌ یەكێتی‌ بۆ “نیقاش”ی‌ باسكرد كە نە كۆمەكی‌ رێكخراوە مرۆڤ دۆستەكان‌و نە بەشە خۆراكی‌ مانگانەی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ ناگاتە خێزانە ئێزدییەكان، تەنانەت بەهۆی‌ ئەو رێوشوێنە توندەی‌ پارتی‌ لەسەر سنوری‌ فیشخاپور گرتویەتیە بەر بڕێكی‌ زۆری‌ كەمی‌ خۆراك‌و پێداویستی‌ لەسوریاوە پێیان دەگات.

سەعید حەسەن بەرپرسی‌ كارگیِڕی‌ یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ شنگال بە”نیقاش”ی‌ وت “ئەم گەمارۆیە لەدژی‌ ئێزدییەكان‌و بەتایبەتی‌ شەڕڤانانی‌ ئێمە گیراوەتە بەر، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ لەحكومەتی‌ عێراقییەوە شەرعیەتمان وەرگرتووەو دژی‌ داعش دەجەنگین”.

لەبەرامبەردا مەحما خەلیل قایمقامی‌ شنگال كە سەر بەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە ئەوە رەت دەكاتەوە گەمارۆ خرابێتە سەر شارەكەو بە”نیقاش”ی‌ وت “هیچ كەس رێی‌ لەهاتنە ناوەوەی‌ خۆراك نەگرتووە، ئەوەی‌ هەیە چەند رێوشوێنێكە پێشمەرگە دەیگرێتە بەر بۆ ئەوەی‌ دزە بەخۆراك نەكرێت بۆ دیوی‌ سوریا”.
مەحما خەلیل هۆكاری‌ خراپی‌ لایەنی‌ مرۆیی‌ دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی‌ خزمەتگوزاریی‌‌و بەردەوامی‌ مەترسی‌ داعش، ئەمە جگە لەبوونی‌ “چەند گروپێكی‌ یاخی‌ كە لەدەرەوەی‌ سنور هاتوون‌و رێز لەئیرادەی‌ خەڵكی‌ شنگال‌و بڕیارەكانی‌ حكومەتی‌ لۆكاڵی‌ نەینەوا ناگرن”. 
هەڕەشەی‌ شەڕ
هەردوو لایەنی‌ ناكۆك تۆمەت دەگۆڕنەوە، پارتی‌ داوا لەپەكەكە دەكات ناوچەكە جێبهێڵێت، ئەویش كەلەرەقتر دەبێت‌و زیاتر لەحكومەتی‌ عێراقییەوە نزیك دەبێتەوە، داعشیش هێشتا زۆر دوور نییە.
داوود جوندی‌ بەروونی‌ باسی‌ ئەم حاڵەتە دەكات‌و دەڵێت “بارودۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات كە لەبەرژەوەندی‌ خەڵكی‌ شنگال نییە، بۆیە ئێمە هەوڵی‌ نێوەندگیری‌ دەدەین”، لەگەڵ ئەوەشدا گەشبین نییەو دەڵێت “پێدەچێت شەڕی‌ خۆبەخۆ نزیك بێت”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە