سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی تا شەستەکانی سەدەی رابردوو بازاڕی مامەڵەکردن بە کۆیلەوە تیایدا گەرم بوو، بەئاشکرا بازاڕی کۆیلەکڕینی کوڕو كچانی زۆرێک لە وڵاتە هەژارەکان، بەتایبەتی ئەفەریقاو رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیایی تێدا دەکرا، لەناوەراستی شەستەکاندا بەهۆی فشاری رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان و رای گشتی جیهانەوە بڕیار لەسەر قەدەغکردنی ئاشکرای درا، بەڵام تا ئێستا بەشێوازی جیا جیا بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت. پاش دەسەڵات گرتنەدەست لەلایەن بنەماڵەی ئال سعودەوە، بازرگانی كۆیلە كزی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت دوای ئەوەی بەریتانیەكان لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە لەساڵی 1927 رێكەوتن بە رێگەگرتن لە بازرگانی كۆیلە، ئەو رێكەوتنەی بە (رێكەوتنی جدە) ناسراوە لە مێژودا. بەڵام هەر لەهەمان ساڵدا لە دیكۆمێنتەكانی قونسوڵیەتی بەریتانی ئەوە هاتوە كە زیاتر لە 300 تا 400 كۆیلە لە سنورەكانی سعودیای نوێوە هێنراون بەمەبەستی كۆیلەیی، كە بەگشتی كچی مناڵی ئەسیوپی بوون. ساڵێك دوای ئەوە ناوی (عبدالله بن محمد دوار ) وەكو گەورەترین بازرگانی كۆیلە لەهەموو نیوەدورگەی عەرەبی بڵاو بۆوە، كە لەكەنارەكانی دوبەیەوە كۆیلەی كەراتشی دەگەیاندە بازارەكانی كوێت و سعودیاو بەحرەین. بەڵام لەگەڵ هاتنی سیەكانی سەدەی رابردوو، بەرزبونەوەی وشیاری كۆمەڵایەتی و زیاد بونی كەرەستەو كاڵای تری بازرگانی و ئاسانتر بونی هۆكانی گواستنەوەی حاجیەكان، وردە وردە بازاری كۆیلەش كەمی كرد. لەو چوارچێویە، ساڵی 1931 كێشەیەكی دبلۆماسی گەورە كەوتە نێوان حكومەتی بەریتانیاو فەرمانڕٍەوایانی بنەمااڵەی سعود، ئەویش بەهۆی ئەوەی كۆیلەیەك كەناوی ( بەخیت) بو، پەنای بردە بەر كونسوڵیەتی بەریتانی و داوای پەناهەندەیی و ئازادكردنی كرد، بەڵام بنەماڵەی ئال سعود داوایانكرد كە بەریتانیەكان تەسلیمی ئەوانی بكەنەوە. لەكاتێكدا بەریتانیەكان بێ پرسی فەرمانرەوایان سعودیە بەسواری كشتیەك ناردیان بۆ بەریتانیا، بۆیە وەڵامی سعودیەكانیان دایەوە كە بەپێی (رێكەوتنی جدە) ئەم كۆیلەیە مافی خۆیەتی ئازادبكرێت، بەڵام سعودیەكان وتیان ئەمە كۆیلەی بنەماڵەی پاشایەتیەو مافی ئەوەی نیە داوای ئازادبوون بكات، چونكە ئەم رێكەوتنە ئەو كۆیلانە ناگرێتەوە كە لەكۆشەكانی بنەماڵەی ئال سعود خزمەت دەكەن. هەر بۆیە بریاریاندا كەلەمەودوا بەریتانیەكان مافی ئەوەیان نیە هیچ مافێكی پەناهەندەیی بدەن بەهیچ كەسێك لەسەر خاكی سعودیە، وەیاخود بینێرنە دەرەوەی ئەو خاكە بەبێ رەزامەندی راستەوخۆی پاشای سعودیە.