لای هیگڵ سەرەتا ڕۆح که به‌مانای (عه‌قڵ یان مه‌عریفه) هه‌یه ئینجا جەستە. واتا مەعریفە دەکەوێتە پێش بوون. لەبەرئەوەی ڕۆح هەڵگری ئەنتی (دژەکەی) خۆیەتی بۆیە هەمیشە له‌ناوخۆیدا له‌ململانێ دایه‌و ئەو ململانێیەش دەبێتە مایەی گەشەی مەعریفی و دروستبوونی گۆڕان.
بەڵام لای مارکس بەپێچەوانەی هیگڵ سەرەتا ماده که به‌مانای (جه‌سته) بوونی هەیە دواتر مەعریفە (ڕۆح) دێ. هەروەها ئەوەشی هەڵگری دژەکەی خۆیەتی‌و لەململانێدایە هەر مادەیەو گەشەی مەعریفیش ڕەنگدانەوەی گەشەی مادییە. که‌واته ئەوە پێگەی ئابووری‌و مادییە ئاستی مەعریفە دیاری دەکات.
هه‌ر لەو ڕوانگەیەوه تەماشای مێژوو دەکاو پێیوایە کۆمەڵگا لەقۆناغی سەرەتایی بەجۆرێک بووە هێشتا کەس خاوەنی موڵکی تایبەت نەبووەو سروشت بۆ هەموان وه‌کیه‌ک بووە. بەس له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەو شێوە ژیانە هەڵگری دژەکەی خۆی بووەو لەناوخۆیدا لەململانێدا بووە بۆیە لەدواجار گۆڕاوە بۆ قۆناغی کۆیلاتی، واتا لەگەڵ پەیدابوونی موڵکی تایبەت خاوەن موڵکەکان بوونەتە کەسانی به‌دەسەڵات‌و ئەوانی تریان کردووە بەکۆیلە. پاشان ئەو قۆناغەش بەهۆی ململانێیه ناوه‌خۆییه‌کانی‌و لەگەڵ هاتنه‌پێشی قۆناغی کشتوکاڵی دیسان گۆڕاوەو کۆمەڵگەی ئاغا‌و جوتیاری بەرهەم هێناوە. کەچی دووبارە ئەو قۆناغە لەململانێی ناوەخۆی بەردەوام بووەو به‌هاتنه‌کایەی قۆناغی پیشەسازی ئەویش گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری. به‌هه‌مانشێوه قۆناغی سەرمایەداریش وه‌ک قۆناغه‌کانی پێش خۆی هەڵگری دژەکەی خۆیەتی‌و لەململانێ دایە بۆیە ئەویش حەتمەن دەبێ بگۆڕێ.
به‌گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌که‌ی مارکس له‌قۆناغی سه‌رمایه‌داری کۆمەڵگە دابەش دەبێ بەسەر دوو چینی سه‌رده‌سته‌و ژێرده‌سته یان چینی کرێکار‌و سەرمایەدار. سەرمایەداریش ئەو خاوه‌نکاره‌یه بەهۆی کەمی دەستهەق لەبەرانبەر کارپێکردنێکی زۆری کرێکاردا یان قازانجێکی زۆر لەفرۆشتنی بەرهەمە زۆرەکانیدا پاشه‌که‌وتێکی زۆری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌و پاشه‌که‌وته که‌ڵه‌که بووه موڵك‌و پڕۆژەی وردە دەوڵەمەندەکانی تر ده‌کڕێته‌وه‌و ده‌بێته خاوەن سامانێکی زۆرتر. وردە دەوڵەمەندەکانیش بەناچاری ده‌بن به‌کرێکار. به‌و هۆیه‌وه ڕێژەی کرێکار زیاد ده‌کاو نرخی کارکردنیش لەپڕۆژەی کۆمپانیاکان هەرزانتر دەبێ، له‌هه‌مانکات له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه پیشه‌سازییه‌کان‌و ئامێرەکانی به‌رهه‌مهێنان زۆربه‌ی کرێکارەکان بێکار دەمێننەوەو ئه‌وانه‌شی کاریان هه‌یه ناچارن بەهەقدەستێکی کەمو کارپێکردنێکی زۆر ڕازی بن. لەئەگەری ناڕازیبوونی هەر کرێکارێکیش له‌که‌می ده‌ستهه‌قه‌که‌ی کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان بێباکن چونکە بێکارەکان ئامادەن جێگەی کرێکاره ناڕازییه‌کان بەو نرخە که‌مه پڕ بکەنەوە.
لێره‌وه‌یه گەشەی عه‌قڵی‌و مه‌عریفی ڕوو دەداو کرێکارەکان هەست بەجیاوازی چینایه‌تی نێوان خۆیان‌و ژیانی سەرمایەدارەکان دەکەن. هۆکاری ئەو جیاوازییەش بۆ زۆری کارکردنی ئەوان‌و کەمی له‌دەستهەقیان دەگەڕێننەوە. له‌وکاته‌دا پێویستە کرێکارەکان چیدی بەو نرخە که‌مه‌ی کاره‌کانیان ڕازی نەبن‌و بێکارەکانیش جێگەی ئەو کرێکاره ناڕازییانه لەکۆمپانیاو پڕۆژەی سەرمایەدارەکان پڕ نەکەنەوە. بەڵکو هەموو کرێکارەکان یەکبگرن‌و پێکەوە بەشداری له‌ناڕه‌زایه‌تی‌و یاخیبوون بکه‌ن، له‌کۆتایی دەست بەسەر ئامێر‌و کۆمپانیاکان دابگرن. بۆ ئه‌وه‌ی لەموڵکی تاکە که‌س‌و سەرمایەدارێک بیکەن به‌موڵکی گشتی‌و هەموو کرێکاران. ئیدی به‌نه‌مانی سه‌رمایه‌داره‌کانیش قۆناغی سەرمایەداریش دەگۆڕێ و دەچێتە قۆناغێکی نوێتر، ئه‌ویش دروستبوونی کۆمەڵگایه‌کی بێ چین و یه‌کسان.