چەوساندنەوە (قسە و رەفتاری ناشرین) بریتییە لە رەفتارێکی دوژمنکارانەی بەردەوام کە ئامانجی زەرەر گەیاندنە بە کەسێک بەمەبەست، جا ئەگەر ئەم رەفتارە بە جەستەیی بێت یاخود دەرونی و ھەندێک لەو رەفتارانەی کە بە چەوساندنەوه دادەنرێن بریتین لە لێنانی ناو و ناتۆرە لە کەسی بەرامبەر ئازاردانی جەستەیی و زارەکی دورخستنەوەی کەسەکە لە بۆنە کۆمەڵایەتی و چالاکییەکان.
ھەروەھا توێژەری نەرویجی دان ئۆلیوس پێناسەی چەوساندنەوەی بەمشێوەیە کردوە کە دەڵێت، چەوساندنەوە ڕوبەڕوبونەوەی بەردەوامی کەسێکە بۆ کاری نەرێنی لەلایەن کەسێکی دیکە یان کۆمەڵێک کەسی دی وەکاری نەرێنیش بریتییە لەوەی کاتێک کەسێک بە ئەنقەست دەیەوێت کەسێکی دی بریندار و ئیزعاج بکات و ئارامی لێ تێکبدات، جا چ لە رێگەی جەستەییەوە بێت یاخود لە رێگەی قسەوە.
جۆرەکانی چەوساندنەوە:
1. چەوساندنەوەی راستەوخۆ: ئەو جۆرە چەوساندنەوەیە کە لێدان و پاڵنان و ڕاکێشانی قژ و بریندارکردن و زلە و گەز و چڕنوک و ھەمو ئەو کارانەی کە ئازاری راستەوخۆ بە جەستە دەگەیەنن دەگرێتەوە.
2. چەوساندنەوەی نا راستەوخۆ: ئەو جۆرە چەوساندنەوەیە دەگرێتەوە کە ھەڕەشە لە قوربانی دەکرێت بە دورکەوتنەوە لێی ئەویش بە چەندین رێگا دەبێت وەکو ھەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی درۆ لەسەری ڕەتکردنەوەی تێکەڵبون و قسەکردن لەگەڵ قوربانی، چەوساندنەوەی ھەمو ئەو کەسانەی کە قسە لەگەڵ قوربانییەکە دەکەن وە ڕەخنەگرتن لێی لە ڕوی جلوبەرگ، شێوە، ڕەچەڵەک، ڕەنگ، ئاین و چەندان شتی دی.
به شهكانى چەوساندنەوە:
دەکرێت چەوساندنەوە بۆ چەندین بەش دابەش بکرێت بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە چەندین رێکخراوی جیھانی ئەنجامیان داوە لەم بوارە:
– چەوساندنەوەى زارەکی.
– چەوساندنەوەى جەستەی.
– چەوساندنەوەى کۆمەڵایەتی.
– چەوساندنەوەى جنسی.
– چەوساندنەوە لە پەیوەندییە کەسی و سۆزدارییەکان.
– چەوساندنەوەى ئەلکترۆنی.
– چەوساندنەوەى دەروونی.
– چەوساندنەوە لە قوتابخانە.
– چەوساندنەوە لە شوێنی کار.
-چەوساندنەوەی خێزانی.
– چەوساندنەوەی سیاسی.
ئایا هەمو هەراسانکردنێک بە چەوساندنەوە (bullying) دادەنرێت؟
هیچ منداڵێک نییە کە لەلایەن برایەک یان برادەرێکەوە گاڵتەیان پێ نەکرابێت یان هەراسان نەکرابێت و ئەمەش بە شتێکی زیانبەخش نازانرێت ئەگەر بە شێوەیەک بکرێت کە تایبەتمەند بێت بە نوکتە و دۆستایەتی یەکتر کە بۆ هەردولا قبوڵکراو بێت، بەڵام ئێمە بە چەوساندنەوە دەزانین کاتێک وتارەکە ئازاربەخش و بە مەبەست و دوبارەبونەوەی بێت، هێڵی نێوان گاڵتەجاڕی و گاڵتەکردن بیڕێت و منداڵە چەوسێنەرەکان هێز بەکاردەهێنن (چ جەستەیی بێت، زانینی زانیارییە هەستیارەکان یان شەرمەزارکەرەکان سەبارەت بە منداڵە چەواشەکراوەکە، یان ناوبانگیان) بۆ کۆنترۆڵکردن یان زیانگەیاندن بە کەسانی تر.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە ئەوکەسانەی کە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە بریتین لەو کەسانەی:
1. جیاوازن، لە ڕوی شێوە، باکگراوندی كلتوری، ئایینی. بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان ئەوانەی کێشەی تەندروستیان ھەیە یان خاوەن بیداویستی تایبهت.
2. ئەو کەسانەی کە لە پلەیەکی باڵان و بەھرەمەندن یان ئەوانەی گرنگی زۆریان پێ دەدرێت.
3. ئەو کەسانەی کە شەرمنن و زۆر کۆمەڵایەتی نین و حەزیان بە قسەکردن نییە وەکو نێچیرێکی ئاسان دادەنرێت بۆ چەوساندنەوە.
4. کەسە تازەکان، وەک قوتابی تازە لە قوتابخانە یان کەسی تازە لە گروپێک.
5. ئاشتی خوازان، ھەندێك جاریش ھیچ یەک لەمانە نییە چونکە هەمو کەسێک ئەگەری ئەوەی ھەیە بچەوسێنرێتەوە.
ئەو ھۆکارانەی کە وا دەکەن کەسێک ببێت بە چەوسێنەر:
ھیچ کەسێک بە خراپی لە دایک نابێت بەڵام دەکرێت ھەر کەسێک ببێت بە چەوسێنەر و خراپە بەرامبەر کەسانی دیکە بکات لە ژێر ھۆکاری جیاواز ھەندێک لەو ھۆکارانەش بریتین لە:
1. زۆربەی ئەوکەسانەی چەوسێنەرن پێشوتر خۆیان ئەوکارەیان بەرامبەرکراوە.
2. دەکرێت لەناو رێککەوتنێک دابێت ئەویش بە چونە ناو گروپێک لە چەوسێنەران ئەویش بۆ ئەوەی ھەست بە ناوبانگ و ڕازی بونی کەسانی دی بکات لێی، ھەروەھا دورکەوتنەوە لەوەی بچەوسێنرێتەوە.
3. فێربونی رق و چەوساندنەوە لە قوتابخانە یاخود لە ماڵ یاخود لەرێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.
4. ھەستکردن بەوەی کە گرنگی پێ نادرێ و پشتگوێخراوە لە ماڵەوە ھەروەھا پەیوەندی خراپ لەگەڵ دایک و باوک.
5. ھەستکردن بە لاوازی لە ژیانیاندا، کاتێک کەسێک لە شەڕێکدا نازانێ چی بکات پەنا دەباتە بەر ڕێگای تر بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوە.
6. غیرەکردن و گەڕان بە دوای گرنگی پێدان.
چۆن چەوساندنەوە کاریگەری دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە ڕوداوێکی چەوساندنەوە دەبینن؟
کاتێک کەسێک بە بەردەوام کەسانی دی لە بەرچاو دەچەوسێنرێتەوە و ھەست بە لاوازی دەکات بەرامبەر ئەوەی دەیبینێت ئەمەش دەبێتە ھۆی:
1. ھەستکردن بە تاوان.
2. ھەستکردن بەوەی کە ھەیە و ناتوانێت ھیچ بکات (وە لە ھەندێک بارودۆخدا لەوانەیە ببێتە ھۆی شۆک بون).
3.ھەستکردن بە قەلەقی و ترس کە لەوانەیە ئەویش وەک ئەوانی تر بچەوسێنرێتەوە.
ئەو نیشانانە چین کە دەری دەخەن منداڵ یان کەسێک چەوسێندراوەتەوە و نایەوێت باسی بکات:
1. شوێنەواری جەستەیی کە ھۆکارێکی برواپێکراوی نەبێت وەک (برین و پەڵە)بەتایبەت کاتێک دوبارە ببێتەوە.
2. کەسەکە نایەوێت بچێت بۆ قوتابخانە یان تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببێت.
3. بزرکردنی شتەکانی بێ ھیچ ھۆکارێک یان بزربونی شت لە ماڵەوە.
4. کەسەکە باسی ھەستکردن بە تەنیایی دەکات.
5. گۆڕانی دیار لە ڕەوشتی (قەلەقی و شەڵەژاوی و ھۆگربونی زیاد لە پێویست بە خێزانەوە) یان خوەکانی ڕۆژانەی بگۆرێت (بۆ نمونە ڕەتکرنەوەی ڕۆشتن بە ڕێیەکی دیاری کراو و خواردن).
6. دوژمنکارانە و ڕەوشتی نەرێنی بێ ھیچ ھۆکارێک.
7. ھەندێک نەخۆشی کە ھیچ ھۆکارێکی پزیشکی نییە (وەک سەرگێژ خواردن و خەو لێ نەکەوتن).
8. دەستکردن بە چاوساندنەوەی ئەوانی دی بۆ نمونە خوشک و براکانی.
9. لە ناکاو نمرەکانی دادەبەزێت و ناتوانێت تەرکیز بکات.
چۆن مناڵەکەم یان کەسێک ھان بدەم کە باسی کێشەت خۆیم بۆ بکات؟
دەکرێ بەدوای ھەر ھەلێکدا بگەڕێیت یاخود خۆت رێکی بخەیت بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەیت بۆ نمونە ئەکرێ سەیری فیلێک یان درامایەک بکەیت لەگەڵیا کە باس لە چەوساندنەوە بکات و ئەو ھەلە بقۆزیتەوە و پرسیاری لێ بکەیت بۆنمونە پاڵەوانەکە دەبێت ھەست بە چی بکات؟ یاخود ئایە بەڕای تۆ چی بکات باشە؟ دواتر پرسیارەکە بگۆڕیت بەوەی کە ئایە شتی وا لە ڕاستیدا بەرامبەر تۆ ڕوی داوە؟ تۆ و ھاوڕێکانت توشی مەوقیفی وا بون؟
پێویستە چی بکەم کاتێک کەسێک باسی کێشەی خۆیم بۆ دەکات؟
1. سوپاسی بکە و پێزانینی خۆتی بۆ دەربڕە لە بەرامبەر ئەوەی کێشەکەی بۆت باس کرد.
2. دڵنیای بکەوە لەوەی کە ئەم کارەی ھەڵە نییە.
3. ھاوسۆزی دەربڕە بۆی.
4-یارمەتی بدە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات.
5. لێی بپرسە کە پێویستە چی بکەیت تا ھەست بە پارێزراوی بکات.
6. لەگەڵ هەر منداڵێک کە بەتەنها بەشداری لە چەوساندنەوەکە کردوە قسە بکە، خۆت بەدوربگرە لە تاوانبارکردنی، ڕەخنەگرتن لێی، یان هاوارکردن بەسەریدا
7. ڕۆڵی گروپەکان پشتگوێ مەخەن، چونکە چەوساندنەوە هەندێکجار لەلایەن گروپەکانەوە ڕودەدات، هەرکەسێک بەشداریی کردوە دەبێت سزابدرێت.
8. ئیجرائات بەرامبەر بە چەوسێنەر بکە وە بۆ دایک و باوک و قوتابیانی ڕون بکەرەوە.
9. بەدواداچون بە شێوەیەکی بەردەوام بکە بە پرسیارکردن لە چەوساوەکە کە شتەکان چۆن دەڕۆن.
10. داوای یارمەتی دەرەکی بکە ئەگەر پێویستی کرد کاتێک کێشەکە گەورەبو یا نەتزانی چۆن چارەسەری بکەیت.
چۆن ڕوبەڕوی چەوساندنەوە ببمەوە؟
1. ھەلیان پێ مەدە: ئەگەر ڕۆژانە چەوسێنەران دەبینیت ئارامبە و سەیری چاوەکانیان بکە بێ ترس.
2. بەرگری لە خۆت بکە؛ ئەگەرێک ویستی لێت بدات بەرگری لە خۆت بکە گەر نەتتوانی خێرا دوربکەوە و داوای یارمەتی لە کەسانی دی بکە.
3. وازیان لێ بھێنە و دوربکەوەرەوە؛ ئەگەر کۆمەڵێک ویستیان گاڵتەت پێ بکەن وازیان لێ بێنە و دوربکەوەرەوە بێ ئەوەی دەری بخەیت گرنگی دەدەیت بەوەی دەیڵێن.
4. بە تەنھا مەبە؛ ھەوڵبدە بە تەنھا مەمێنەرەوە زۆربەی کات ئەگەر کەسێکیش ویستی ئازارت بدات بە دەنگی بەرز قسە بکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کەسانی دەوروبەر.
5. قسە کورت بکەرەوە؛ ڕێ مەدە ئیستغلالت بکەن بە قسە بۆ ئەوەی جوابیان بدەیتەوە جوابدانەوەیان کێشەی زیاتر ئەھێنێ.
6. داوای یارمەتی بکە؛ بۆ نمونە قسە لەگەڵ مامۆستایەکدا بکە کە بڕوات پێیەتی و داوای یارمەتی لێ بکە.
دەشنێ هاشم- خەندان لایڤ