محەمەد رەئوف:
هەنگاوەكان پێچەوانە دەبنەوە، پەرلەمان دەبێتە شوێنگەی غەدرو ناعەدالەتی بۆ پێكهاتەكان و بارزانی هەلەكە دەقۆزێتەوەو بارەكە راست دەكاتەوە، دواجار بارزانی رەخنە لە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمسیۆن دەگرێت و رایدەگەیەنێت كە نادرووست و حیزبیانە بووە، ئەم وتانەی بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمانەكان هات، كە ماوەی یەك هەفتەیە دەنگ هەڵدەبڕن و دەچنە بەردەم بەردەم پارلەمان بەڵام پارلەمان گوێی لێنەگرتن، دواجار بارزانی هەلەكەی قواستەوەو تیرێكی توندی لە كەمەری پەرلەماندا، بەوەی ئەوان یاسایەك دەردەكەن پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیە چارەنووسازەكانی هەرێمی كوردستانە، پێچەوانەی ئەو درووشمانەیە كە بەردەوام دەڵێن هەرێمی كوردستان لانكەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیە.
بەم هەنگاوەی كە حیزبی كوردی نوێنەری حیزبیەكانی ناو پێكهاتەكانی هەڵبژاردووەو كردویەتی بە نوێنەری توركمان و مەسیحیەكان، عەقڵیەتی جاش و خۆفرۆشی لەناو ئەو پێكهاتانەدا درووست كرد، كە پۆست و نوێنەرایەتیەكان بەو كارەكتەران دەسپێرن كە سەربەخۆیانە، ئەمەش ئەوەی سەلماند كە حیزبی كوردی ئەو توركمان و مەسیحیانەیان قبوڵە كەسەر بەخۆیان بن و ئەوانەیان قبوڵ نیە كە خاوەنی بریارو كەسایەتی خۆیان بن.
ئەم هەنگاوە زیانی گەورەی بە هەڵوێست و پێگەی كورد گەیاند لە ناو پێكهاتەكانی ناوچە جێناكۆكەكان، بەوەی كورد ئەگەر رازی نەبێت لە كوردستان دان بە پێكهاتەكاندا بنێت، چۆن لەو ناوچانە پۆست و نوێنەرایەتی بەو پێكهاتانە دەدات كە لە داهاتوودا كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەو گەرانەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە بەم بریارەی پەرلەمانی كوردستان بێمتمانەیی گەورەی لە نێوان كورد و ئەو پێكهاتانەدا درووست كردووە، چونكە ئەمرۆ بۆ كۆمسیۆن غەدر لەوان بكرێت، گرنتی چیە بۆ ئەوان لەداهاتوودا لە پرس و پۆستەكانی دیكەشدا غەدریان لێناكرێت.
دەبوو ئەگەر حیزبەكانی كوردستانیش بەو نیەتە مامەڵەیان لەگەل پێكهاتەكاندا بكردایە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەو ناعەدالەتی و غەدرە لە پێكهاتەكان رازی نەبوایە، كە سەدان سیڤی بۆ ئەو پۆستانە پڕكراونەتەوە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان زۆر بوێرانە نوێنەری حیزبەكانی خستە دەنگدانەوە، ئەمە بە ئاشكرا دەست وپەنجە نەرمكردنی پەرلەمانی كوردستانە لەسەر تێپەراندنی بریاری حیزبەكان كە پێشتر ئەو نەریتە روبەرووی گەورەترین رەخنە دەبۆوە، بەڵام بەم جۆرە رەفتارانە خەریكە پەرلەمانی كوردستان دەبێتە تونێلێك بۆ تێپەراندنی بریاری حیزبی، بەم بریارەی پەرلەمانی كوردستان فاوڵێكی گەورەیان دا بەدەستەوەو ئامادەش نەبوون راستی بكەنەوە، بۆیە لەناو ئەو بێدەنگیەی پەرلەمان بارزانی هەلەكەی قۆستەوەو بارەكەی لە قازانجی خۆی راستكردەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو نوێنەرانەی كە حیزبەكان لە بری پێكهاتەكانی تر دایان ناوە لە پشكی حیزبەكەی بارزانیە.
له شار پریس-هوه وهرگیراوه