هەردی مەهدی:
لە جنێوەکەی ئەو “مامۆستا”یەوە کە وتی “مەعاشەکە و جوانە گەواو”، رێک کۆمەڵگەیەکی جنێوبەدەست و دەسەڵاتێکی کوتەکبەدەست و فاشیل دەدۆزرێتەوە، دیارە ئەو مامۆستایە ئەگەر لە دەسەڵات و پۆلەکەیدا بێت بە دڵنیاییەوە دار و شەقەکەی بەکاردەهێنێت، خۆ ئەگەر لە ئۆپۆزسیٶن و شەقامیشدا بێت وەک ئێستا هەرچی بە دەمیدا بێت دەیدات. هەروایە نەوەیەک بە مامۆستای لەمجۆرە پەروەردەکراون، خوێندکارەکانی یان دەچنە دەسەڵات دزی دەکەن و خەڵک دەکوژن یان دەبنە ناڕازی و جنێو دەدەن. لە هەردوو بارەکەدا هەر “نەریتی شەقاوەکان” بەرهەمدێت.
لە ئێستادا رێکكەوتنێکی نا راگەیەندراو لەنێوان “ناڕازییەکان” و “دەسەڵات” لە کوردستان و بە تایبەت لە سلێمانیدا بەدیدەکرێ، ئەویش رێگەدانی دەسەڵاتە بە خاڵیبونەوەی ناڕازییەکان بە شتە پوچ و ناکاریگەرەکان و خۆخاڵیکردنەوەی دەستەبژێری “بە حساب ریفۆرمخواز” و ناڕازییەکانیش بە رێگەی کردنە بیانووی “شتی پوچ” بۆ دەربڕین و خاڵیکردنەوەی ناڕەزایی راستەقینە. ئەی ئەوە نییە بۆ سەعاتێک، جنێوێک، سەرخۆشێک مانگێک میدیا و ماس میدیا سەرگەرمە، بەڵام بۆ برسێتییەکی راستەقینە، ژنکوژی، شەڕی عەشایەر، سوتاندنی مناڵێک و کوژرانی دەیان گەنج بە دەستی خۆمان فزەیەکی راستەقینەی لێ نابینرێ.
لە وڵاتانی ناتەندروست یان حکومەتی فەوزا و بێدادیدا هەروادەبێ، بۆ نموونە لە وڵاتە دەوروبەریدا هەروایە لەپەنای ئەو ستەم و برسێتی و نائازادیەدا چەپەکان و شۆڕشگێڕەکان و ئۆپۆزسیۆنەکان لەبەر قەدەغەی خواردنەوە و ئەنجامنەدانی کۆنسێرتێک یا مردنی هونەرمەندێک دێنە سەرشەقام خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکەن و خۆیان رووتدەکەنەوە وەک ئەوەی دەسەڵات بە جنێو و میز بڕوخێت یان لەبەر سنگی رووتیان شەرم بییگرێ، بەڵام بۆ مردنی هەزاران و زیندانی هەزارانیتر و ریشەکێشی سیستم و سەرمایەی مرۆیی و مادیدا نقە ناکەن.
یانی خەڵک ناوێرێت رێک بچێت یەخەی ئەوە بگرێ کە قوڕی کردووە بەسەریدا و دەچێت بە ناوی شتیترەوە خۆی خاڵیدەکاتەوە. یانی دەسەڵاتیش ئەترسێ خەڵک بەڕاستی بێتە گۆ بۆیە هەوڵدەدات بە ناوی “ئازادی و ڕادەربڕینەوە” بۆ شتێکی پووچ و موزەیەف دەرگا بکاتەوە و خەڵک خۆی پێخاڵیبکاتەوە هەم خەڵک وا هەست بکات ئازادە هەم دەسەڵاتیش بە شێوەی کاتی لە توڕەییەک رزگاریبوو. ئەمە یەعنی رێککەوتن لەسەر بەپاڵاوانکردنی خودی شەقاوەکان یان لانیکەم زمان و نەریتی شەقاوەکان و لۆمپنەکان.
تۆ ببینە لە ئێستادا پاڵەوان و دوگمە رەمزییەکانی نەوەیەک لە ئەمین زەکی و ساحبقران و حیلمیەوە بوونەتە بەردوەشێن و حەسەنی شیرین، مامۆستایەک کە دەڵێ “مەعاشەکەت جوانە گەواو”، هوهاکێشەکان، سەعاتەکەی ئاوات، هەواڵێکی هەڵە و خەوتن و تەجمیلی هونەرمەندێک، یا ئەوانەن کە رقیان لە شارێکیتر و ئاوارە و نەتەوەی تر و گەشتیارەکانە، یان پاڵەوان مناڵێکی ٥ سالانە کە هەرچی قسەی دڵی باوکە ناڕازی و مەحروم وکەبتکراو وگەورەکانە دەیخەنە مێشکی ئەو پاکیزەیەوە کە دەبوو بیانوی جۆلانێ و پلەیستەیشنی بگرتایە نەک بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپێک کە هەرچی گەورەکان ناوێرن بە حکومەتی بیڵێن ئەو بیڵێت. سیاسی و سەرۆکی حزب هەن بە دەیان رۆژ وندەبێت و بۆ دەیان موسیبەت نایەنەگۆ بەڵام بۆ بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری لەسەر سەرخۆشێک، شایەرێک و درۆزنەکانی شار بە دیار کامێراکانەوە چەنە ئەدەن.
ئاخر ناکرێ بیرنەکەینەوە لەوەی ئەو هەموو مامۆستایە خزمەت ئەکەن و پاکزمانی و نیانیمان فێردەکەن کەس نایانناسێت، بەڵام “مامۆستایەکی جنێودەر” بە پۆلیسێک دەڵێ “گەواو” جنێوەکەی کیشوەرەکان دەبڕێ و “کوردانی جیهان” کۆدەکاتەوە. دیارە زەمانە زەمانی ئەو مامۆستایانەیە کە تەنها دار و جنێو دەزانن. ئەی ئەوە نیە لەجیاتی وشە هاندەرەکانی “ئافەرین، هەربژی، جوانە، پاڵەوان، نایاب و چەند بەتوانایە” بە یەکەم و چاکان و بەتوانا و داهێنەرەکان دەڵێن: “بێناموس، بەراز و سەگ”.. دیارە کە جنێو لە جیاتی نیانی و هاندانی مرۆیی بە میرات ماوەتەوە.
ئاخر نەنگیە مامۆستا و پێشمەرگە لە برسێتیا خۆی دەکوژێت کەس دەنگی لێنایەت بەڵام جنێوی “مامۆستایەک” هەرا دەنێتەوە، تاکەکانی کۆمەڵگەیەک زەق زەق دەبینن، دەیان هەزار فەرمانبەری تەزویر و بندیوار و خانەنشینی ناموستەحەق دەسوڕێنەوە و قوتی دراوسێکانیان دەخۆن کەس فزە ناکات، ١٥ ملیۆن دۆلاری کارەبا و ١٥ی تری خانوو بۆ کرێنشین وندەبێ و ناودەنرێ کەمتەرخەمی و کەمتر لە هەواڵەکانی سمتی کارداشیان گرنگی هەیە. بەغدا و بێباکی حکومەتی هەرێم فلسێکی لە گیرفانا نەهێشتووە، کچەکانی لەسەر شەقامەکان هوهایان لێدەکێشرێ، ژنەکانیان بە فیشەک لە پارکی دایکدا سارددەکرێنەوە، داعش لاوەکانی لە تابوتا رەوانەی دایکانی حەسرەتکێش دەکاتەوە،
گەنجانی رێگای ئیجە و هاتونەهاتیان ئاوادانکردۆتەوە و لە وەبەرهێنانی خۆماڵیش تەنها تور ماوە. سەرۆکی پەرلەمانەکەی لە شارێکدا گەمارۆدراوە، سەرۆک وەزیرانەکەی پێش هەموو شتێک لە حکومەتەکەی ناڕازیە و بێباکیشە بە گیرفانی بەتالەوە هەر خەریکی نمایش و گفتوگۆی بێبنە، چارەنوسی کورسی سەرۆکایەتیەکەی و سەرۆکی هەرێمەکەی روون نییە و ئەوەی لە بیرکرابێ “نیشتمانێکە بۆ هەمووان”. لەبەردەم بەغدا و تاران و ئاستانەدا زەلیل،
لەبەردەم جیهاندا شەرمەزار. بەربوینەتە یەکترو جیهانیش دەیەوێ “کوردستان”ێک هەبێت بەڵام نایبیستین، ملیۆن ونیوێک! ئاوارەی بەسەرەوەیە نە سیاسیانە، نە ئابوورییانە، نە کۆمەڵایەتیانە بۆ سودی هەرێم لە رووی دیپلۆماسی و توانا مرۆییەکانییەوە هیچ وەبەرنەهاتوون و بێباکیشن و کەچی دەیان سیاسی و مستەشار و وەزیر بەسەر ئەم پرسەوە دەوڵەمەندبوون، لە کاتێکدا وڵاتێکی تر بیست هەزار ئاوارەیەک وەردەگرێ بەقەد شۆڕش و جەنگێکی دەیان ساڵە دەسکەوتی لێئەچنێتەوە، بەشەبودجەی کورد لە بەغدا و بودجەی٢٠١٥ی هەرێم تۆ خۆش، پێشینەی خانوو و هاوسەرگیری و وەبەرهێنان و قەرزی وەبەرهێنان هەر نەما، پرۆژەکان وەک کەلاوە جێهێڵراون و دەیان روداوی سەختتر، بەڵام هەمووان مات و کەڕ لە ئاستیدا. کۆمەڵگە سەرگەرمی و خۆ فریودانە بە کلیپ و توڕەبونی سەیر و بێجێ و داهێنان لە جنێودا دەکات و دەسەڵاتیش خۆی ناکات بە ساحێبی هیچ، بێباکی و چاوقایمیشی بە ڕادەیەکە زوو زوو دەڵێت لەگەڵ مەینەت و حەسرەتی هاوڵاتیانداین وەک ئەوەی دێوێک ئەو هەموو قەیرانەی نابێتەوە.
هەموو ئەمانە دەگوزەرێن و کەسێک شەپۆلێکی راستەقینەی ناڕازی و هەست بە لێپرسراوی لای خەڵک و بەرپرس نابینرێ. ئەمەیە رێکكەوتن لەسەر هیچ و شەقامی موزەیەف کە ئەم هەموو خەمە دەگوزەرێ و دەیان مرۆڤ گیانیان دەکەوێتە خەتەر، بەڵام بازاڕ بازاڕی شەقاوەکانە شەقاوەکانی سیاسەت و شەقاوە کۆمەڵایەتییە جنێودەرەکان و بێبەهاکان: یانی دنیا دنیای “لۆمپێنەکان”ە.