عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەیەكی مێژوویی گەلی كوردە، سەلاحەدین دەمیرتاش سەركردەیەكی مۆدێرنو لاو، هەردوكیان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردو ناساندنی وەك نەتەوەو كلتورێكی سەربەخۆ لەهەوڵدان، لەكاتێكدا كە یەكەمیان وەك “تیرۆریست” لەپشت شیشەكانی زیندانەوە ژیان بەسەردەبات، دوەمیان لەنێو كەشی سیاسی توركیادایەو بەردەوام دەدرەوشێتەوە.
روداوێك كە چارەنوسی سەلاحەدین دەمیرتاشی گۆڕی
سەركردە لاوەكەی باكوری كوردستان پێشهاتێك لەتەمەنی 19 ساڵیدا چارەنوسو هەمو رەوتی ژیانی ئەو گۆڕی، ساڵی 1992 كە گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بو، خێزانو زێدی خۆی لەدیاربەكرو ئەناتۆلییەوە بەرەو باشوری رۆژهەڵاتی توركیا بەجێهێشتو چووە سەر سنوری عێراق.
ئەوكات سەلاجەدینی لاو دەیویست بەمبەستی خەباتو تێكۆشان لەپێناو بەدیهێنانی هیواو ئاواتەكانی كورددا بچێتە پاڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی توركیا (پەكەكە) لەچیای قەندیل، بەڵام لەم گەشتەیدا روداوێكی بۆ هاتەپێشو ئاڕاستەی ژیانی بەجارێك گۆڕی: ئەو كەسەی چاوساغی دەكرد كە بەرەو لای هێزەكانی گەریلای پەكەكەی بەرێت. دەكەوێتە دەست هێزە ئەمنیەكانی توركیاوەو دەستگیر دەكرێت. ئیتر دەمیرتاش كە كەسی تری لەو ناوچەیەدا نەدەناسی، پاش ماوەیەك چاوەڕوانی، دەست لەمەبەستو نیازی خۆی بۆ چونە ناو گەریلا هەڵدەگرێتو بەناچار دەگەڕێتەوە بۆ نێو خێزانەكەی. لەڕاستیدا دوای ئەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ یەكجاری دەستی لەخەباتی چەكداریی بۆ هەمیشە هەڵگرتو رێچكەیەكی دیكەی گرتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردا.
دەمیرتاش هیوای ئایندەی گەلی كورد
پاش تێپەڕینی 23 ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا، سەلاحەدین دەمیرتاش هیوایەكی نوێی كردوەتەوە بە بەر گیانی شەكەتو ماندوی گەلی كورددا، كە بەدرێژایی ساڵانی رابردو لەژێر گوشارو جەورو ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیادا بووە.
ئەم پارێزەرە 42 ساڵەیەی كورد، تەقینەوەیەكی گەورەی ئەنجامداوە لەنێو كەشی سیاسی توركیادا، هەڵبەتە تەقاندنەوەی تۆپو تفەنگ نا، بەڵكو تەقینەوە بەهۆی گەمە سیاسیو هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیەوە.
ئەو بەگرتنەبەری ئەم رێچكە ئاشتیخوازانەیەو بەتێكۆشانی شێلگیرانەو ماندونەناسانەی خۆی، هیوایەكی نوێی نەتەنها بەگەلی كورد، بەڵكو بەتەواوی كەمایەتییە نەتەوەییو ئازادیخوازەكانی ئەم وڵاتە بەخشیوە. بەدەستهێنانی 13%ی كۆی دەنگی هەڵبژارادنەكانی پەرلەمانی توركیا لە7ی تەموزی رابردودا، ئەو بزوتنەوە دیموكراتیەی كە ئەو سەركردایەتی دەكرد، واتە پارتی دیموكراتی گەلان، 80 كورسی پەرلەمانی توركیای بەدەستهێناوە.
ئەم نمایشە پڕ لەهێزو دەسەڵاتە سیاسیو دیموكراتییە، بوەتە هۆی ئەوەی كە بۆ یەكەمینجار لەماوەی 13 ساڵی رابردودا، پارتی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە، واتە پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، نەتوانێت زۆرینەی رەهای پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت.
ئەمە بەشكستێكی گەورە دادەنرێت بۆ ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، كە لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتردا بەنیازبو دەستوری توركیا بگۆڕێتو بۆ بەدیهێنانی ئەمەش گرەوی لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای ئەو پارتە كردبو كە خۆی سەركردایەتی دەكات لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا.
سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت “هەر كاتێك كە لەرابردو دەڕوانم، بەخۆم دەڵێم باشترین بژاردەم بۆ ئایندە هەڵبژاردوە”.
بۆ ئەوەی كە سەلاحەدین دەمیرتاش بتوانێت سەركەتو بێت لەوەی گەلی كورد لەنێو هەناوی سیاسی توركیادا جێبكاتەوە (گەلێك كە لەو وڵاتەی لەلایەن كەمال ئەتاتوركەوە دامەزرا بو، هیچ مافێكی نەبو)، نازناوی “ئۆبامای كورد”یان پێبەخشی.
ئەو كە لەماوەیەكی كورتدا توانی پارتی دیموكراتی گەلان لەبەربەستو گەمارۆ نەتەوەییەكان دەرباز بكاو ئەم پارتە بكاتە پارتێكی تەواو مۆدێرنو گشتگیر كە زۆرێك لەگەڵ پارتی چەپی “سیریزا” لەیۆنان بەراوردی دەكەن.
پارتی دیموكراتی گەلان، مۆدێرنترین پارتی توركیا
پارتی دیموكراتی گەلان، مۆدێرنترین پارتی ئێستای توركیایە، پارتێك كە لەپێناو ئازادییە بنەڕەتیەكانی هەمو خەڵكی توركیا تێدەكۆشێت. پارتێك كە لەیەككاتدا رێز لەبەها فێمێنیستییەكان دەگرێتو هەوڵ بۆ ناسینی مافی كەمایەتییە نەتەوەییو ئایینی دەداتو لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆو كاركردی خۆیدا جێی كردوەتەوە. پارتێك كوشتاری ئەرمەنەكان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەرابردودا ئیدانە دەكات. پارتێك كە مافی كەمینەی هاوڕەگەزبازەكان لەئاستی كۆمەڵگەدا بەفەرمی دەناسێتو تێدەكۆشێت تا كۆمەڵگە لەتوندوتیژیی نەیتە باوەكانو پیاوسالاریی توركیا رزگار بكاو بەرەو مۆدرێنێتەی بەرێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئێستا یەكێكە لەسیما گرنگە سیاسیەكان لەكەشی كۆمەلایەتی توركیادا، كە گفتوگۆكانی لەكەناڵەكانی توركیادا ریكۆردی بینەران دەشكێنێت.
ئۆجەلان، سەركردەكانی كۆریای باكورمان بیردەخاتەوە
كاتێك لەعەبدوڵا ئۆجەلانی سەركردەی زیندانیكراوی پەكەكە دەڕوانین، زیاتر سەركردەكانی كۆریای باكورمان دێتە پێشچاو، پیاوێك كە بەزیندانی هەتا هەتایی حوكم دراوەو لەیەكێك لەزیندانە هەرە قایمەكانی توركیادا زیندانیكراوەو چواردەوری پڕە لەپاسەوان، ئەو زیاتر لەسەركردەیەكی پارتیزانی دەچێت وەك سەركردەیەكی سیاسی.
بەپێچەوانەی سەلاحەدین دەمیرتاشەوە، لەوەتەی كە پارتی كرێكارانی كوردستان “پەكەكە”ی دامەزراندوەو هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی توركیادا لەجەنگو ململانێدا بوە.
ئۆجەلان لەلای زۆربەی گەلی كورد رەمزی تێكۆشانە
ئۆجەلان هێشتا لەلای زۆربەی گەلی كورد لەتوركیا بەسەركردەیەكی كارامەو كارا دادەنرێتو لەنێو دڵی ئەو خەڵكەدایە. ئەو وەك نیمچە خودایەك لەلایەن زۆربەی كوردەكانی باكورەوە سەیر دەكرێت. وێنەكانی ئەو بەروانینی مڕومۆچەوە، بەسمێڵێكی پڕەوە، بەجلی سەربازیو كڵاشینكۆفێك بەشانەوە، زۆربەی دەرو دیواری ناوچە كوردنشینەكانی ئەو وڵاتەی پێڕازاندراوەتەوە. هەندێك نازناوی “ستالینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”یان لێناوە.
دەمیرتاشو ئۆجەلان.. ئامانجێكو دو رێگەی جیاواز
سەرباری ئەوەی ئۆجەلان لەو دیو شیشەكانی زیندانەوەیەو سەلاحەدین دەمیرتاش بەرواڵەت مۆدێرنو بەقاتو بۆینباخەوە لەپەرلەمانی توركیادا دەردەكەوێتو بێ سرەوتنو بەگوڕوتینێكی بێوێنەوە داكۆكی لەگەلی كوردو كەمایەتییە نەتەوەییو ئاینییەكانی وڵاتەكەی دەكاتو ئەم دو سەركردەیە سەر بەدو نەوەی جیاوازن. لەڕاستیدا سەلاحەدین دەمیرتاش هەر بەكوڕی ئۆجەلان دەشێت. بەڵام ئەم دوانە جیاوازییەكی زۆریان هەیە لەگەڵ یەكدی. سەرباری ئەم هەمو جیاوازیانەش، ئەم دو سەركردەیەی كورد، ئایدیالو ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە، كە یەكێك لەگرنگترین ئامانجەكانیان، بوژانەوەی گەلی كوردو چەسپاندنی مافە مرۆییەكانی ئەم گەلەیە كە تا ئێستا لەلایەن حكومەتەكانی توركیاوە نادیدە گیراوە.
هەفتەنامەی لۆبسی فەرەنسی
وەرگێڕانی: ئاوێنە