ڕاگەیاندنی کۆتایی بە بوونی «هێزەکانی سوریای دیموکرات» و گواستنەوەی هێز و دامەزراوەکانی بۆ ناو سیستەمی دەوڵەتی سوریا، تەنها بڕیارێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورد لە سوریا و لە هاوکێشەی هێزەکانی ناوچەکەدایە.
شایانی باسە، هەسەدە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە هێزی سەرەکی لە شەڕی دژی داعش و توانی لەگەڵ ئەوەی هێزێکی سەربازیی بەهێز دروست بکات، جۆرێک لە بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و دواتریش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزرێنێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای هەموو کێشە و کەموکوڕییەکانی، یەکێک بوو لە کەم ئەزموونەکانی سوریا کە تیایدا کۆمەڵێک پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بە شێوەیەکی هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا بەشدار بوون.
لێرەوە پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات:
ئایا کۆتایی هاتنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی، کۆتایی بە پڕۆژەی سیاسیی کورد لە سوریا دێنێت، یان تەنها شێوەی بەرەنگاربوونەوە دەگۆڕێت؟
وەک دەزانرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەسەدە لە یەک لایەنەوە هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا لە شەڕی داعش بوو، و لە لایەکی دیکەوە بووە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی نیگەرانیی تورکیا.
ئەم دۆخە هەسەدەی خستە ناو هاوکێشەیەکی دژوار: ئەمریکا هەسەدەی بۆ شەڕی داعش پێویست بوو، بەڵام تورکیا بوونی هێزێکی کوردیی بەهێزی لەسەر سنوورەکانی بە مەترسی دەزانی.
ئەمەش وانەیەکی گرنگی بۆ کورد هەیە:
هیچ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی هەتاهەتایی نییە؛ بەرژەوەندییەکان دەمێننەوە، بەڵام هاوپەیمانییەکان دەگۆڕێن.
ئەوەی ئەمڕۆ هاوپەیمانە، لەوانەیە سبەینێ تەنها لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و بڕیارێک بدات کە چارەنووسی هاوپەیمانییەکەی پێشوو بگۆڕێت. ئەوەیان لە پاریس لە ڕێکەوتنی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل بە چاودێری تورکیا و ئاگاداری ئەمەریکا ڕوویدا.
بەڵام فشارەکانی ناوخۆی کورد لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان و کوردانی دایاسپۆرا، نیگەرانییەکانی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نوێکانی ناوچەکە، تورکیای ناچار کرد لە هەندێک داواکاریی خۆی پاشەکشە بکات و بە چارەسەرێکی ناوەڕاست ڕازی بێت.