مژدە نەورەس:
بە نزیکەی چەند مانگیک بەر لەئێستا، درەنگانێکی شەو بوو، شعرێکی شێرکۆ بێکەس سوتفە لە گۆگڵ هاتە بەرچاوم، ئەمە دووەمجارم بووە کە ئەم شعرە ببینمەوە، بەڵام جاری یەکەم نە بیرم ماوە، نە لەخۆشم پرسی ئەم شعرە بەبێ ئاماژەکردن بەناوی کەسێک دەبێت بۆ کێ وترابێت؟ بۆ جاری دووەم کە بەرچاوم کەوت بۆ هاوڕێیەکی نەتەوەییم نارد کە ئەو زیاتر سەروکار لەم بابەتانە دەردەکات، یەکسەر وەڵامی دایەوە، وتی ئەمە بۆ ئیسماعیل بێشکچی نوسراوە. منیش لەدڵی خۆمدا کە زانیارێکی لۆکاڵم لەسەر ناوبراو هەبووە، وتم باشە ئیسماعیل بێشکچی کۆمەڵناسێکی تورکە، چۆن شێرکۆ بێکەس شعری بۆ نووسیووە. بەڵام بۆ سبەی دەستوبردم برد و زۆر بەجوانی لەناوی دکتۆر ئیسماعیل بێشکچیم کۆڵیەوە، بەجۆرێک بەناوەکەی ئاشنابووم، کە پێشووتر بەهیچ جۆرێک نەبەدواداچوونم لێی کردووە، نە وردبوومەوەتەوە له ناوەکەی، چونکە ئەو ناوەم هەمیشە وەک ناوێکی ئاسایی بیستبوو، بەڵام لە ئەنجامی وردبوونەوە زۆر شتم بۆ دەرکەوت… بەڵام شعرەکە هەر داخبوو لەدڵمدا، هەفتەی ڕابردوو بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی شعرەکە بۆ کێ وتراوە یەکسەر منیش کۆپیم کرد و بۆ مامۆستا هەڵۆی کوڕی شێرکۆ بێکەسم نارد، وتم بەئەرک نەبێت ئەم شعرە بۆ د. ئیسماعیل بێشکچی نوسراوە؟ وتی بەڵێ، زۆرکەس وادەزانن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە بۆ ئیسماعیل بێشکچی نوسراوە. وتم سپاس.
شێرکۆ بێکەس، چونکە یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە شێعرێک ڕێزی لە ئیسماعیل بێشکچی گرتووە. لە شێعرەکەدا، شێرکۆی مەزن بە شێوەیەکی سیمبولیک باس لەوە دەکات کە چۆن ناتوانرێت بە ناوی بێشکچییەوە شەقام و باخچە و کتێبخانە و پەیکەر دروست بکرێت، بەڵام لای ئێمەی کورد دەتوانرێت وەک گوڵ و شیعر و ئازادی لە گیانی کورددا هەڵبگیرێت.
دەقی شێعرەکە بەم جۆرەیە:
دارێ وتی:
ئێمە ئیستاکە ناتوانین شەقامێکی دیاربەکر بە ناوی تۆوە ناو بنێین.
گوڵێ وتی:
ئێمە ئیستاکە ناتوانین باخچەیەکی نێو قامیشلی بە ناوی تۆوە ناو بنێین.
شیعرێ وتی:
ئێمە ئیستاکە ناتوانین کتێبخانەیەکی سابڵاخ بە ناوی تۆوە ناو بنێین.
بەردێ وتی:
ئێمە ئیستاکە ناتوانین پەیکەرێکت لە سنگی بابەبەگۆڕگۆڕدا بۆ داتاشین.
دوایی کوردستانیش وتی:
ئەوەی ئیستاکە ئێمە ئەتوانین بیکەین هەر ئەوەیە وەک گوڵ و شێعر و ئازادی لە گیانماندا هەڵتگرین.
لێرە بە دواوە بۆم دەرکەوت کاتێک بتەوێت باس لە ئیسماعیل بێشکچی بکەیت، بێ شک دڵنیابە تەنها باس لە کەسێک ناکەیت کە بە هەڵکەوت و بەرژەوەندی پشتیوانی لە دۆزی کوردەکان کردبێت وەکو زۆرێک لەو ڕۆژئاواییانەی کە بۆ بەرژەوەندی پشتیوانیان لە کورد و دۆزەکەی کردووە، بەڵکو کاتێک باس لە دکتۆر ئسماعیل بێشکچی باس لە پڕۆژەیەکی ژیاری و ژیانی دەکەین کە لە بنەڕەتدا خۆی وەقفی ڕاستییەک کردووە کە دەوڵەتی نەتەوەیی تورک بۆ ماوەی سەدەیەک هەوڵی داوە بیشارێتەوە و نزیک بە چەندین دەیەشە ئازاری ئەم مرۆڤەی داوە. ئەم مرۆڤە کۆمەڵناسێکی زۆر ورد و بە دیقەتە، هەتا دکتۆراکەشی زۆر سەرنجی ڕاکێشام بابەتەکەی لەسەر ناونیشانی(سیستەمی کۆمەڵایەتی یەکێک لە خێڵە کوردییە کۆچەرییەکان کە لە زستاندا لە ناوچەی (سیلڤان)نیشتەجێن و لە هاوینیشدا بەرەو چیاکانی نەمرودوسوڤان کۆچ دەکەن”نامەی دکتۆرا ـ ١٩٦٧)، ئەم ناونیشانە زۆر ورد و سەرنج ڕاکێشە کە کەم کورد هەیە بتوانێت خۆی لە قەرەی بابەتێکی وەها بدات. بۆ وردان مایەی خۆشحاڵیه کە دەوڵەتێکی وەکو تورکیا خۆی بە دژه کورد نیشان دەدات و ئەسڵەن ناوی کورد و کوردستان لەسەر زاریان قەدەغەیە، کەچی کەسێکی وەک د. ئیسماعیل بێشکچی تیایان هەڵکەوێت و پەی بە ڕاستیەکان ببات.
بێشکچی بە ڕەگەز تورکە، کە لە شارۆچکەیەکی چۆرۆم لە ١٩٣٩ز لەدایک بووە. کاتێک هاوڕێ زانکۆییەکانی و هاوکارانی لە زانکۆی ئەرزەڕۆم لە ژیانێکی ئاسوودەی ئەکادیمی و پۆستەکانی دەوڵەتی کەڵکیان وەردەگرت، ئەو هەڵیبژارد، ئەوەی لەناخیدا خۆی مەڵاس داوە بە ڕاستی بیڵێت و پۆست و ئاسودەی ناوێت. ڕاستییەکەش لای د. ئیسماعیل ئەوە بوو کە کورد لە تورکیادا نەتەوەیەکی جیاوازە، نەک “تورکی کێوی و چیایی”بێت، کە ئەمەش بەپێچەوانەی ئایدیۆلۆژیای کەمالیزم بوو کە دەیویست خەڵک بیر لەوە بکاتەوە کە کورد، تورکی کێوی و چیایین!
هەتا من لەنامیلکەیەکدا خوێندوومەتەوە، کە خۆی بە ئاشکرای دەڵێت «من کاتێک هەستم بەوە کردووه کە گەیشتمە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا(باکوری کوردستان) بۆ بەجێگەیاندنی خزمەتی سەربازی بەچاوەکانی خۆم بینیم گەلێک هەیە زمان و مێژوو و دابونەریتیان جیاوازە لە ئێمەی تورکەکان، ئەو گەلەش ئەو ناوەیان نییە کە تورکەکان ناودێری دەکەن، چونکە بەخۆیان ناڵێن تورکی چیایی، بەڵکو بەخۆیان دەڵێن کورد».
بێشکچی دوای درکردنی بەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە، بۆ پشتیوانیکردنی لە دۆزی کورد، باجیدا و پتر لە ١٧ ساڵ بە پچڕ پچڕی ژیانی لە زینداندا بەسەربردووە.
ئەم ژمارەیە بە خۆی وشەیەکی سادە نییە، بەڵکو گەواهییەکە لەسەر ئەوەی چۆن دەوڵەتێکی نەتەوەیی وەکو تورک، کاتێک ڕووبەڕووی ڕاستیبوون و هەبوونی نەتەوەی کورد دەبێتەوە، وەڵامەکەی نەک لۆژیکی و زانستی نییە، بەڵکو زیندان و سزایە. بێشکچی زیاتر لە ٣٤ کتێبی نووسیوە، کە زۆربەیان لە تورکیادا قەدەغە کراون. ئەڵبەتە کاتێک لە دادگاکاندا لێی دەپرسرا کە “بۆچی ئەم شتانە دەنووسیت؟”، هەمیشە دەیگوت “من ڕاستی دەنووسم، ئەگەر ئێوە ڕاستییەکەتان قەدەغە کردووە، ئەوە کێشەی ئێوەیە نەک کێشەی من.”
ئەوەی زۆر جێی سەرنج و دەستخۆشییە ئەوەیە کە بێشکچی هەرگیز خۆی وەک “کەسێکی ماف پارێز” یان “دۆستی کورد” پێناسە نەکردووە بە شێوەیەکی ڕەخۆشکارانە. بەڵکو ئەو خۆی وەک کۆمەڵناسێک دەبینێت کە ئەرکی زانستی خۆی ئەنجام بدات و ئەرکی کۆمەڵناسیش ئەوەیە کە بێلایەن ڕاستی توێژینەوە بکات و بۆ خەڵکی ڕاستی ڕوون بکاتەوە. لە زۆر شوێن گوتیەتی ئەوەی من دەیکەم بۆ پاڵپشتی لەکورد نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە گفتوگۆیەک بکەمەوە کە زانستی بێت و شایستەی گفتوگۆ بێت، توێژینەوەیەک پێشکەش بکەم کەزانستی بێت. ئەم شێووازی دەربڕینەی بێشکچی بۆ ئێمەی کوردان زۆر لەوە گەورەترە وەک لەوەی بێشکچی وتبای من ئەوەی دەیکەم لەپێناو کوردە، ئاخر ئەو بە لۆژیک دەری دەبڕێت کە بابەتی کورد و مەسەلەی کوردان مەسەلەیەکی حاشا هەڵنەگرە و ڕاستیە… ئەم کەسانە زۆر گرنگن بۆ ئێمەی کورد، چونکە پشتیوانیی ئەو لە دۆزی کورد لە بنەڕەتێکی زانستی و ئەخلاقییەوە دێت، نەک لە هاوسۆزیی سیاسی یان مەرامی تایبەتی. کە ئەمەش لەمێژووی ئێمەدا کەم کەس هەیە بەمجۆرەبێت، بێشکچی ئێستادا و لەداهاتوودا دەبێتە بەشێک لەمێژووی ئێمە.
یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ژیانی دکتۆر ئیسماعیل ئەو کاتەیە کە چەندین خەڵاتی ئەورووپی ڕەت کردۆتەوە. لە ماڵپەڕی dckurd.org، لە بابەتێکدا کە لە December 4, 2018بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی Ismail Besikci: A tireless Turkish advocate for Kurdish rights،
بڵاوکراوەتەوە کە بۆچی ئەم خەڵاتانەی ڕەت کردۆتەوە، هەڵبەتە تەنیا جگە لە خەڵاتی ئازادی بیرکردنەوەی ئەکادیمی نەرویجی نەبێت کە ئەوی وەرگرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەی نەرویج لە فرۆشتنی چەک بۆ تورکیا بەشدار نەبووە بە شێوەیەی وڵاتانی تر. ئەو لە شوێنێکدا دەیگوت “چۆن دەتوانم خەڵاتی ئەو وڵاتانە وەربگرم کە حکوومەتەکانیان چەک بە ئەنقەرە دەفرۆشن، ئەو چەکانەش دەبنە هۆی وێرانکردنی گوندە کوردییەکان و کوشتنی مندااڵنی کورد؟” ئەم هەڵوێستە زۆر جوامێرانەیە ڕێک پێچەوانەی وەرگرتنی دیاری زۆرێک لەسەرکردەکانی کوردە کە چاوکوێرانە هەرچی هەبووبێت لە زۆر شوێن ڕەتی ناکەنەوە، بەڵام بێشکچی بە ڕەتکردنەوەی ئەم خەڵاتانەی تر بۆ ئێمە تەنیا ڕەتکردنەوەی خەڵاتێک نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو منافیقانەیە کە ڕۆژهەڵات لە پێداگرتنی ماف و ئازادییەکان دووڕوویانە پیشان دەدەن. بێشکچی تەنیا بە هاوپەیمانێک نییە بۆ نەتەوەکەمان، بەڵکو ناوبراو ئایدیایەکی سەربەخۆیە بۆخۆی، ئایدیای ئەوەی کە ڕاستی هەر سەردەکەوێت.
بەباوەڕی من لۆژیکی زانستی بێشکچی لە کتێبی “کوردستان کۆلۆنیێکی نێودەوڵەتی”دایە، چونکە لەوێدا شرۆڤەیەکی زۆر وردی خستووەتە ڕوو کە بۆچی حاڵەتی کورد لە جیهاندا لە هیچ نەتەوەیەکی تر ناچێت. واتە لە کاتێکدا هەموو کۆلۆنیاڵیزمە کلاسیکییەکانی وەک بریتانیا و فەڕەنسا و بەلجیکا سنووری جوگرافی جیاوازیان لەگەڵ کۆلۆنیاڵەکانیاندا هەبوو، کەچی کۆلۆنیاڵکردنی لەسەر خاکی کوردستان بەشێوەیەکی دانسقە لە لایەن چوار وڵاتی دراوسێوە کە (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)ن، ئەنجام دراوە. ئەمە دیاردەیەکە بێشکچی ناوی دەنێت “کۆلۆنیزەکراوی نێودەوڵەتی و بەشکراو”. ئەم بۆچوونە زۆر گرنگە و بەجێیە و لۆژیکیە، کە کەم کەس هەیە زانیاری لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە و بەو وردیەتە هەبێت، هەروەها کەم کەس هەیە لەڕووی کۆمەڵناسییەوە لەسەر ئەم بابەتە قسەی کردبێت، چونکە ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە بۆچی کوردەکان بە پتر لە ٥٠ میلیۆن کەسەوە هەتا ئێستا مافی چارەی خۆنووسینیان نییە، لە کاتێکدا خەڵکانی وەک وڵاتی توڤالو بە ١١ هەزار دانیشتووەوە خاوەن دەوڵەتن و تەنانەت کورسیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەیە! ئەمە دەبێتە پرسیار و وەڵامیش لەلایەتی ترەوە، وەڵامەکە بۆ بێشکچی ڕوونە و خۆی جوابی دەداتەوە دەڵێ چونکە سیستەمی نێودەوڵەتی خۆی بەشدارە لەم چەوسانەوەیە، نەک تەنیا ئەو دەوڵەتانەی داگیرکارن بەشداربن لەپرسی کوردا، ئەگەر وانیە بۆچی سیستەمی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە پتر لە ٤٠ملیۆن کوورد ناکات؟
ئەم قسانەی سەرەوە تا ڕادەیەک کۆنن، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆکە، باوەڕ و وشەکانی بێشکچی بخوێنینەوە، هێشتا ڕەنگدانەوەیان دەبینین و نوێ دەبنەوە باوەڕەکانی.
دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی دەیگوت لە باکووری کوردستاندا، دوای دەیان ساڵ لە عەقدی هەرێمی و لە ژێر سیاسەتی حکوومەتی تورک، هێشتا کۆمەڵگای کوردی مافێکی سیاسی و کولتووریی ڕەسمی و دەستوورییان نییە. لەبەرامبەردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ژێر دەسەڵاتی جمهووری ئیسلامی، کوردەکان بەردەوام بەرەنگاری چەند شێوازێک لە توندوتیژیی سیستەماتیک دەبنەوە. لە ڕۆژاوای کوردستاندا، سەرەڕای هەموو ئەو قوربانییانەی لە شەڕی داعش دراون، کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا ناتوانێ چارەسەرێکی دەستووری و پێناسەیەکی ڕوونی بۆ ئەم ناوچەیە دیاری بکات. تەنانەت لە هەرێمی کوردستان کە بەشێوەیەکی دەستووری ناسراوە، ڕەفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ و پاشەکشەکانی ١٦ی تشرینی یەکەم نیشانی دان کە حەق و مافی چارەی خۆنووسین هێشتا لە پرسیارە قووڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە گیری خواردووە و نایەتە دەرەوە بۆ کورد.
هەتا ناوبراو دەیگوت چۆن دەکرێت لە قەرنی بیست و یەکەمدا، نەتەوەیەک بە قەبارەی نەتەوەکانی وەک ئیسپانیا و پۆڵەندا یان کەنەدا، بێبەش بێت لە ئاساییترین مافی مرۆیی، کە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەییە؟ ئەوەندە بەسە بۆ هەموو دونیا ئێمە موقاڕەنە بکەن بەو گەلانە… ئەم هەڵوێستانە هەڵوێستێکی تاکەکەسی نین، بەڵکو نیشاندەری ئەوەیە کە ڕاستی و ئەخلاق پەیوەندییان بە نەتەوە و بۆشاییەکی جوگرافییەوە نییە، ئەوەتا ئەو تورکە و دانیش بەم ڕاستییانە دەنێت. ڕوونە ئەو بەردەوام دژی ئەو بیرۆکەیە بووە کە “کورد و تورک دوژمنی سروشتیی یەکترن”. بە پێچەوانەدا، ئەو دەڵێت کە دوژمنی هەردووکیان ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی نەتەوەییە کە ڕاستی سیاسی و کولتووریی زیندووی هەردوو کۆمەڵگا سڕدەکاتەوە…
ئەو دەیگوت “من پاڵپشتی لە کورد دەکەم، بەڵام دژی توانەوەی کوردم بەرەو کۆمەڵگای تورک”، ئەم قسەیە ڕوونکردنەوەیەکی ئەخلاقییە دەیدا بەگوێی دەوڵەتی تورک. ئەمە دەرسێکە کە بۆ کاتی ئێستای کۆمەڵگای کوردی زۆر پێویستە. لە هەرێمی کوردستاندا، کاتێک باس لە پرسی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنووسین دەکەین، دەبێت لە بیرمان بێت کە ئامانج لە توانەوە یان دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو دەرخستنی ئەو ڕاستییە زانستی و ئەخلاقییەیە کە نەتەوەیەکی ٥٠ میلیۆنی شایستەی مافه سیاسی و دەستوورییەکانیەتی. بۆیە بەباوەڕی هەر کەسێکی ویژدان زیندوو، بێشکچی نابێتە نموونەیەکی دانسیقە تەنیا لە پێناوی کورددا، بەڵکو ئەو نموونەیەکی جیهانییە بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە بۆ دونیا چۆن یەک تاک دەتوانێت لە بەرامبەر سیستمی ستەمکار ڕابوەستێت. بێشکچی باجی ئەم ڕاوەستانەی دا دژی دەسەڵاتدارانی تورک… بەڵام هەمیشە وجار بۆ جار ئەو لە زینداندا ئازادتر بوو لە زۆرێک لە ئەوانەی لە دەرەوەی زیندان دەژین و بەناوی کوردایەتی و ئیسلامەوە لەگەڵ قڕکردنی گەلی خۆیانن، کە ئەڵبەتە نموونەشمان لەوانە زۆرن.
بۆ خوازیاران، زیاتر زانیارییەکان لەم سەرچاوانە چڕترن:
١. ئیسماعیل بێشکچی، کوردەکان و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان، و: رەوا حاجی، دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی، لە بڵاوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران، ٢٠١٠.
٢. ئیسماعیل بێشکچی، (کوردستانی کۆلۆنیای نێودەوڵەتی). ئەم کتێبە بنەڕەتیترین بەرهەمی بێشکچییە کە تیایدا نەزەرییەکەی سەبارەت بە کۆلۆنیزەکراوی نێودەوڵەتیی کوردستان پێشکەش کردووە. لەڕێگەی ئەم کۆدەوە لە گۆگڵ کتێبەکە بەردەستە:
ISBN: 9786059073455
٣. زانست، ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی، دەوڵەت، دیموکراسی و کێشەی کورد). ١٩٩٠. ئەم کتێبە بۆ ماوەی شەش ساڵ بێشکچی لەسەری زیندانی کرا.
٤. ئیسماعیل بێشکچی، کوردستان: کۆلۆنیێکی نێودەوڵەتی وەرگێڕانی بۆ کوردی حەمە ڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠٠٢. ئەم کتێبە لەم بەستەرەدا بەردەستە:
https://kurdipedia.org/default.aspx?q=2010122214410718917&lng=27
٥. ئیسماعیل بێشکچی، یادەوەرییەکان، وەرگێڕانی: محەمەد عزەدین، کە فەرهاد پیرباڵ پێشەکی بۆ کتێبەکە نوسیوە، لەبنەڕەتدا زنجیرەیەک لە یادداشتەکان کە لە چەند بەرگدا بڵاوکراوەتەوە.
٦. Rûdaw Media Network، ئەرشیفی چاوپێکەوتنە کوردییەکانی بێشکچی سەبارەت بە زمانی کوردی و بارودۆخی هەرێمی کوردستان.
٧. بنکەی ژین، ئەرشیفی دیجیتاڵی و ئەسڵی وێنە و بەڵگەنامەکانی سەردانەکانی بێشکچی بۆ کوردستان.
٨. Kurdsat. چاوپێکەوتنێکی درێژ لەگەڵ بێشکچی سەبارەت بە بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان.
٩. بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە ماڵپەڕی: dckurd.org، لەژێر ئەم ناونیشانە:Ismail Besikci: A tireless Turkish advocate for Kurdish rights.
لەم بەستەرە بەردەستە:
https://dckurd.org/2018/12/04/ismail-besikci-a-tireless-turkish-advocate-for-kurdish-rights/
٨ی گەلاوێژی ٢٠٢٦