لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ کلتوری گەندەڵی لە عێراقدا؛ لە دیدگای عەلی وەردییەوە

کلتوری گەندەڵی لە عێراقدا؛ لە دیدگای عەلی وەردییەوە

0 تێبینییەکان 18 بینینەکان

گەندەڵی لەم کۆمەڵگەیەی کە ناوی عێراقە، ڕەگی ریشەی قوڵی داکوتیوە. مرۆڤ لەم کۆمەڵگەیەدا زۆرجاران  گیرۆدەی دوو جۆر کەسایەتییە؛ کەسایەتییەکی  باش و کەسایەتییەکی خراپ و جەلاد و فەرهود چی. یان رەوایەتی بە بردنی موڵکی گشتی دەدەن و وەک دەرفەتی ژیان دەیبیننەوە. 
ئەگەر دیقەت بدەیت، زۆرێک لەو سیاسییانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون لەم ماوەیەدا، پێشتر خۆیان دروشمیان دژ بە گەندەڵی دەگوتەوە. وەک نمونەیەکی پاکی و نەزاهەت خۆیان دەردەخست.
کۆمەڵناسی ناسراوی عێراقی، عەلی وەردی هەزارجار رۆحی شادبێت، باش لە سروشتی ئەم کۆمەڵگەیە تێگەیشتبوو. لە دیدگای ئەودا، گەندەڵی تەنها کێشەیەکی ئەخلاقیی تاکی عێراقی نییە. بەڵکو بەرهەمی مێژووە، کە بۆتە کلتوری کۆمەڵگە لەژێر سەیوانی  دامەزراوە لاوازەکانی دەوڵەت.
دکتۆر عەلی وەردی چیرۆکێکی نێو خەڵک دەگێڕێتەوە کە دوو دز هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک، بەڵام لەسەرو بەندی دزییەکەدا بۆیان دەردەکەوێت ماڵەکە هی خێزانێکی بێ باوکە. 
لەو ساتەدا مشتومڕێکی ویژدانی لەنێوانیان خۆیان دروست دەبێت؛ لە کۆتاییدا ڕێگە بە خۆیان نادەن دزییەکە ئەنجامبدەن و پیاوەتی خۆیان دەردەخەن. 
ئەم چیرۆکە لای وەردی هێمای دوو فاقی کەسایەتی عێراقییە؛ کە ئەو بارە مرۆڤ لەنێوان باش و خراپدا دەهێڵێتەوە و زۆرجاریش جیاوازییەکی گەورە لەنێوان قسە و کرداردا دروستدەبێت.
هەر ئەم دووفاقییە لە هەڵسوکەوتی زۆرێک لە بەرپرساندا دەردەکەوێت. لە راگەیاندن باس لە پاکێتی، نەزاهەت و بەرژەوەندی گشتی دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا ڕەفتارێکی پێچەوانە ئەنجام دەدەن.
لە دیدگای عەلی وەردییەوە، ئەم دژبەیەکییە تەنها کێشەی تاکەکەس نییە..بەڵکو بەشێکە لە مێژووی قوڵی کلتوری عێراق؛ ئەم کلتورە لە ژێر کاریگەری هۆزگەرایدا گەشەی کردووە و بەردەوامی بەخۆی داوە، لەسەر باڵی دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوە و یاسا کە ژیانی کۆمەڵگە رێک-بخاتەوە.
عەلی وەردی، هەروەها پێی وابووە کە کۆمەڵگەش دەبێت لە خۆی بپرسێت: کاتێک گەندەڵی دەبێتە ڕەفتارێکی ڕۆژانە و خەڵک بە ئاسایی لەگەڵیدا خۆی دەگونجێنێت، ئەو پرسە کۆمەڵگە بەرەو کوێ دەبات جگە لە هەڵدێر؟
لە روانگەی قوڵی وەردییەوە، چارەسەری ئەم دیاردەیە تەنها بەند نییە بە گۆڕینی کەسەکانەوە، بەڵکو بەستراوە بە دروستبوونی دامەزراوەی بەهێز لە وڵاتدا، کەسەربەخۆ و پابەندبن بە یاساوەو کەس خۆی لەسەرویانەوە نەبینێت.
ئێستاش عێراق هەر لە ناو ئەو بازنەیەدا سوڕدەدات کە دکتۆر عەلی وەردی باسی کردووە. 
ئەگەر سەرەکانی دەسەڵات بە ڕاستی بیانەوێت؛ گەندەڵی بنبڕ بکەن، دەبێت پاککردنەوەی پلیکانەکە لە سەرەوەبکەن ئەوسا سەرکەوتوو دەبن لە هەنگاوەکانیان.

رێبین عومەر
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە