لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا “ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان”

“ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان”

0 تێبینییەکان 9 بینینەکان

سۆما خالید:

ململانێی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە بە هێرشی هاوبەشی واشنتۆن و تەلئەبیب بۆ سەر ئامانجە سەربازی و حکومییەکانی تاران و بە ئامانجگرتنی چەندین بەرپرسی باڵای ئێران دەستی پێکرد و بە وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران گەیشتە لووتکە، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسییەوە. ڕاگەیاندنی فەرمیی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەبارەت بە ڕاگرتنی کاتیی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بەهۆی داواکاریی وڵاتانی کەنداو، نیشاندەری وەرچەرخانێکی گرنگە لە کێشە هاوبەشەکانیاندا کە تێیدا واشنتۆن بەدوای ڕێگایەکی دەرچوون دا دەگەڕێت.

هەرچەندە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی قورسیان لەسەر کەمکردنەوەی توانای بەرگری و هێرشبەریی ئێران دروستکردووە، بەڵام هاوکات لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکە واشنتۆنی ناچار بە گرتنەبەری دیپلۆماسی کردووە.

گۆڕانکاری لە ستراتیژی ئەمریکا؛ گەڕان بەدوای ڕێگای دەرچووندا

هەڵوێستی نوێی دۆناڵد ترامپ لە ڕاگرتنی هێرشەکان، تەنها نیشانەی خۆڕاگری ستراتیژی نییە، بەڵکوو زیاتر نیشانەی گەڕانی ڕێوەبەرایەتی ئەمریکایە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە پێش هەڵبژاردنەکانی شەش مانگی داهاتووی ئەمریکا، هەڵبەت هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشەیە بۆ بابەتی ئابووری دەگەڕێتەوە، سەرەڕای باشی ئابووری گشتی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گوشاری قورسی خستووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی، ترەمپ پێی وایە دەتوانێت لە پێگەی هێزەوە دانوستان بکات و دەیەوێت کۆتاییەکی سیاسی بۆ ئەم شەڕە بهێنێت کە وەک سەرکەوتنێک لە ناوخۆی ئەمریکادا پێشکەشی بکات.

ڕێککەوتنی گونجاو لە نێوان تاران و واشنتۆندا

سەرەڕای بێباوەڕی قووڵ، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دەریخست کە ئەگەری تێپەڕاندنی قەیرانەکە هەیە، ئێران پێشنیارێکی نوێی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە کە تێیدا تاران چاوی لە قەرەبووی شەڕ، کەمکردنەوەی گەمارۆکان و بەفەرمی ناساندنی سەروەری لەسەر گەرووی هورمزە، هاوکات، ئەمریکا تەنها مەیلی بۆ ڕێککەوتنێکی سنووردارە وەک ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە بەرانبەر لادانی گەمارۆی نەوتی ئێران، هەندێک داوای ئێران بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.

گەرووی هورمز و هەڵوێستی نێودەوڵەتی؛  ڕۆڵی چین و ئەورووپا

تێوەگلانی گەرووی هورمز ململانێکەی لە کێشەی ئەتۆمییەوە گۆڕیوە بۆ قەیرانی ئاسایشی ئابووری جیهان،  ئەگەر سەروەری ئێران بەسەر گەرووەکەدا بسەپێنرێت، ئەمە دەبێتە نموونەیەکی مەترسیدار بۆ تەواوی جیهان وەک گەرووی مالاکا لە ئەندۆنیزیا و سیستەمی بازرگانی دەریایی تێکدەدات، پەکین پێگەیەکی کاریگەر و هۆشیارانەی لەم قەیرانەدا هەیە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەکین نیشاندەری پێگەی سیاسی چینە لە ئاراستەکردنی ململانێکەدا، چین بەهۆی پشتبەستنی گەورەی بە نەوتی ناوچەکە، نایەوێت گەرووی هورمز دابخرێت، ئەمەش خاڵێکی هاوبەشە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا، چین لە لایەکەوە پێگەی ئابووری و سیاسی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەپارێزێت و لە لایەکی تریشەوە ڕێگە نادات ئابووری و پێگەی ئێران بە تەواوی دابڕمێت، چونکە تاران وەک هاوپەیمانێکی دژ بە هەژموونی ئەمریکا دەبینێت.

وڵاتە ئەورووپییەکان لە نێوان هاوسۆزیی تەواویان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و ترسیان لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکەدا دەخولێنەوە، ئەورووپا بە توندی نیگەرانه لەوەی شەڕەکە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەری بەرەو وڵاتەکانیان، بۆیە ستراتیژی ئەوان تەنها لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی چارەسەری دیبلۆماسی و زیندووکردنەوەی جۆرێک لە ڕێککەوتنی هاوشێوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیدا کورت دەبێتەوە.

پێگەی وڵاتانی عەرەبی و ئیمارات

وڵاتانی کەنداو ڕۆڵی سەرەکییان بینیووە لە ڕازی کردنی ترامپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، چونکە نایانەوێت ببنە سووتەمەنی شەڕی نوێی ئێرا،  لەم نێوەندەدا ئیمارات لە پێگەیەکی هەستیاردایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە توندی ڕەخنەی لێگرتووە و بە هاوبەشی چالاک لە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل ناوی بردووە بەهۆی بلۆککردنی پڕۆژەی بریکس، ئیمارات هەوڵدەدات ئاسایشی بازرگانی خۆی بپارێزێت بەبێ ئەوەی خاکەکەی ببێتە بنکەی هێرش بۆ سەر ئێران.

ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ بەردەوامیی شەڕ

ڕژێمی ئێران، دوای ئەو لێدانە قورسانەی بەری کەوتووە، لەبری پاشەکشە، هەوڵی داوە هاوسەنگیی ڕابگرێت، تاران لە ڕێگەی هێزەکانی بەرەی موقاومه لە ناوچەکەدا و بەکارهێنانی چەکی درۆن و موشەکی بالیستی، دەیەوێت تێچووی شەڕەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ستراتیژی ئێران لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای وریاییەکی زۆر لە دانوستانەکاندایە، تا نەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری پێگەی ناوخۆیی ڕژێمەکە.

هەروەها باس لە جمووجۆڵی کردنەوەی ڕێڕەوی موشەکە قەتیسبووەکانی ژێر زەوی دەکەن، کە ئەوەش دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەگەری ئامادەکاری بۆ هێرشی پێشوەختەی ئێران.

هەرێمی کوردستان وەک باجدەری بەردەوامیی گۆڕەپانی شەڕ

لەکاتێکدا هێزە جیهانییەکان لە پاکستان و پەکین خەریکی دۆزینەوەی ڕێگای دەرچوونن لە قەیرانەکە، هەرێمی کوردستان لەژێر ئاگری ڕاستەوخۆدا ماوەتەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا لەگەڵ تاران هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکان دەدات، بەڵام بێسوود بووە. گەورەترین کێشە ئەوەیە کە تەنانەت لە کاتی ڕاگرتنی کاتیی شەڕ لە نێوان هێزە سەرەکییەکانیشدا، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەوەستاون. ئێران بە پاساوی بوونی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەروەریی خاکی هەرێم پێشێل دەکات، لە ڕاستیدا، تاران هەرێمی کوردستان وەک گۆڕەپانێکی کەم تێچوو بۆ ناردنی پەیامی سەربازی و هەڕەشە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاردەهێنێت، ئەمەش ڕووبەڕووی ئاسایش و پێگەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانی دەکاتەوە.

ئاسۆی ئایندەی ململانێکە لە شەش مانگی داهاتوودا

گەمارۆدانی نەوتی ئێران لە لایەک و گەمارۆدانی ئابووری جیهانی لە گەرووی هورمز لە لایەکی ترەوە، کەشێکی وای دروستکردووە کە هەردوو لایەن ناچار دەکات لە شەش مانگی داهاتوودا بگەنە جۆرێک لە تێگەیشتن.

سیناریۆی بەهێز گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ کۆنترۆڵی گرژییەکان، نەک ئاشتییەکی هەمیشەیی، ململانێکە دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی ساردی کۆنترۆڵکراو، کێشە گەورەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەم سیناریۆیەدایە، لە قۆناغی گواستنەوە بەرەو ڕێککەوتن یان لە کاتی جێبەجێکردنی کێشە نوێیەکاندا، هەرێمی کوردستان وەک کارتێکی فشار لە دەستی تاراندا دەمێنێتەوە.

جگە لەم سیناریۆیە، چوار سیناریۆی تری دیکەش لە ئارا دان: یەکەمیان، دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ سەپاندنی ڕێککەوتنێکی سنووردار لە ڕێگەی دیپلۆماسیی زۆرەملێیەو. دووەمیان، پاشەکشە و سازانی ئێرانە لەژێر قورسیی فشارە ئابوورییەکاندا لە بەرانبەر کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆکان.

سێیەم و چاوەڕووانکراوترینیان، چوونە ناو شەڕێکی داڕزێنەری درێژخایەن و مەترسیدارکردنی بەردەوامی گەرووی هورمزە کە ئابووری جیهان تووشی شڵەژان دەکات، چوارەم و مەترسیدارترینیان، تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای وڵاتانی کەنداوە لەم شەڕەدا کە وڵاتانی ناوچەکە بەتەواوی تێوەدەگلێنێت و ئەگەری جەنگێکی جیهانی هەیە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە