عەبدوڵا مەحمود:
راپۆرتەکەی سێرجۆن چیلکۆت، کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی پشت بەستووە بە هەزاران بەڵگەنامە، جەنگ و داگیرکاری عێراق بە نارەوا و تاوانی نێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدات. هاوکات وەکو شکستێکی سترایجیش لێی دەروانێت. هەر لەم سۆنگەیشەوە جێرمی کۆبین سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، و زۆرێک لەکەس و کاری قوربانیانی جەنگ ولایەنی تر… تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشویی بەریتانیا و هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە هەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ بە تۆمەتبار دەزانێت و دوا دەکەن ئەمانە لە دادگای نێودەوڵەتی(ICC) دادگایی بکرێن.
“نەزمی نوێی دنیا” کە ستراتیجی نێونەتەوەیی ئەمریکا بوو بۆ سازدانەوەی دنیای دوای شکستی بلۆکی شەق و سەرمایەداری دەوڵەتی، کە ناوی کۆمۆنیزمیان بەسەردا سەپاندبوو، ئەو دنیابییە بوو کە دەیویست دنیا لەسەر بنەمای یەک قوتبی دابرێژێتەوە. ئەمریکا و غەرب کەخۆیان بەلایەنی سەرکەوتوو لە ململانێی بلۆک بەندی پێشوو دەزانی، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو لە لایەکەوە شکستی بلۆکی شەرق و داروخانی سەرمایەداری دەوڵەتی روسی بە شکستی کۆمۆنیزم دەرخواردی دنیا بدەن و بەهەر نرخێک بووە ئازادیخوازی و عەدالەتخوازی بخەنە قەفەزی تاونباریی و پاشەکشە بەهەموو ویست و خواستێکی ئینسانی و بەرابەری خوازی و بکەن. لەلایەکی تریشەوە بەتایبەت ئەمریکا دەیویست نەخشەی دنیا بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە پایەکەی یەک قوتبی بێت و خۆشی ژاندارم و تاکە شاسواری ئاژوتنی ئەم دنیا یەک قوتبیە بێت.
بۆ ئامانجێکی لەم شێوەیە هێز نواندن و نمایشی توانایی و سەربازی و دەست رۆشتووی بۆ بێدەنگە کردنی نەیارانی سیاسەت و نەخشەکانی لە ئاستی دنیادا، ئەو ستراتیجیە بوو کە جەنگ و ملهوری نواندن و قۆستنەوەی هەر کەیسێک، کە ئەو ملهوریی و توانیایەی پێ نیشانی دنیا بدات، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو سەردەمە بوو. داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، کرایە ئەو ئەو بیانوەی کە ئەمریکا بۆ سازدانی نەزمە نوێکەی بەدەستیەوە گرت… پاشانیش دۆسیەی بوونی چەکی کیمیایی و پەیوەندی بەعس بە رێکخراوی قاعیدەو هەرەشەی بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە جیهان بوونە ئەو کەرەستانەی کە زەمینەی بۆ جەنگ و ملهوری سازدەکرد… ئەوە لە کاتێکدا کە خودی ئەمریکا خۆی خاوەنی دۆسیەی بەکارهێنانی چەکی بایەلۆژی لە ڤیتنام و چەکی ئەتۆمی لە هیرۆشیما بوو، وە چەندین دەوڵەتی تر نە بەدزی و بەڵکو بەئاشکرا خاوەنانی چەكی بایەلۆژی و کیمیایی و ئەتۆمی بوون. بە پێی راپۆرتەکەی چیلکۆتیش ئێران، کۆریایی باکور و لیبیا، بە بەراورد بە عێراق، مەترسیان زیاتر بووە…
لە نێو ئەم وڵاتانەدا عێراق، بەهۆی داگیرکردنی کوێت و درندیی سەدام حسێنەوە، کرا بە بیانوو. کرا بە دیوەزمەیەکی ترسناک لەسەر گۆی زەوی تا رەوایەتی بە جەنگ و داگیرکاری لە عێراقدا، پێ بدەن.
ماشێنی دەزگا راگەیاندنەکان و ئەژدیهای هەزار سەری فریوکای، ئەو بۆمبابارانە تەبلیغاتیە بوو، کە بۆ رەوایەتی بە داگیرکاری لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە، وەرێخرابوو. ئەمە لە ئاستی دنیا و بەتایبەتیش لە ناو ئەمریکادا، تای پشتیوانی لە جەنگی بەرزکردبۆوە. لە عێراق و کوردستانیشدا، درندەیی و هەوسارپچروای بەعس، وای لەخەڵکی کردبوو، کە لەناو چوونی رژێمی بەعس و سەدام حسین بەهەر نرخیک بووە، ببیتە ئارەزوویەک بێ گوێدانە ئاکامەکانی ئەم جەنگ و کوشتارە. ئەوکاتە سەرجەم حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی عێراقی، بە قەومی و دینیەوە، بە کورد و عەرەبەوە. بە شیعە و سونەی سیاسیەوە، تا دەگاتە خێڵی نوسەرانی کورت بین و موڵەتپێدراو لە پێشوازی جەنگدا بوون و ئومێدی خۆیان بە جەنگ و ملهوری ئەمریکاوە گریدا بوو، جۆرج بۆش و جەنگیان بە فریاد رەسی کۆمەڵگا دەناساند…
لەناو جەرگەی ئەم دۆخەدا، دەنگ و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە بە بزوتنەوەی دژی جەنگ ناسرا، لەسەرتاسەری دنیا سەری هەڵدا. ئەم دەنگ و بزوتنەوەیە، بزوتنەوەو ئوردوی ئینسانی وێڵ بەدوای ئازادی و عەدالەتدا، بزوتنەوەی دژی جەنگ بوو. بزوتنەوەیەک بوو کە ئاکامەکانی جەنگی دەرک دەکرد، مەترسیەکانی لەسەر ئایندەی کۆمەڵگای ئینسانی دەناسی. ئەم بزوتنەوەیە لە ٢ فێبریوەریدا، لەسەد وڵاتی دنیا و لەیەک کاتدا، هاتنە سەر شەقامی شارەکان وخوازیاری رونەدانی شەر و داگیرکاری ئەمریکاو غەر بوون… بەداخەوە گوشاری ئەم بزوتنەوەیە لەو ئاستەدا نەبوو دەستی ئەمریکاو غەرب ببەستێت و نەیتوانی بەر بە رودانی جەنگ بگرێت… بەڵام دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پیرۆز و جیگای ستایش بوو، کە میژووی ئینسانی تائەبەد قەرزداریەتی… ئێستا دوای نزیکەی دەیەو نیویك بەسەر ئەم جەنگ و داگیرکاریەدا، حەقانیەتی بزوتنەوەی دژی جەنگ بە کردەوە راستی خۆی نیشاندا. هەروەکو چۆن جەنگ و ملهوری و داگیرکاری بۆ ئامانجی ئەمریکاو غەرب و دامەزراندنی “نەزمی نوێی دنیا” بە لە خوێن هەڵکێشانی و سەدان هەزار ئینسانی بێتاوان و داروخاندنی سەراپای وڵاتێک و نائارام کردنی دنیا و بەرینکردنەوەی تیرۆرو تیرۆریزم و … درۆی روخاندنی دیکاتۆرەکان و دنیای ئاشتی و ئارامی و … بەکردەوە نیشانی دنیا دا. ئەمرۆ سەدان سەدام حسێنی، عەرەب و کورد، قەومی و ئیسلامی و شیعی و گەورەو بچوک، نۆکەرو کرێگرتە، بۆنەتە مڵۆزم بەسەر کۆمەڵگای عێراق و کوردستان و ناوچەکەوە. سەدان جۆر باندی قاعیدەو داعش و بۆکۆ حەرام ئوسامەو زەقاوی و بەغدادی سەریان هەڵداوە. ژینگە بۆ تیرۆرو دواکەوتووی سازکراوە. نەک تەنها عێراق و سوریاو وڵاتانی رۆژەهەڵاتی ناوەراست، بەلکو ولاتانی ئەمریکاو ئەوروپایی لە ژێر هەرەشە و لەدۆخی نائەمنی و مەترسی کردەوەی تیرۆریستیدان… لایەنێکی سەرەکی ئەم دۆخە، ئاکامی راستەوخۆی سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکاو غەرب و جەنگ و داگیرکاری و دەخالەتگەرییانە، لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا… ئەو کارەساتانەی ئێستا بەسەر ئینسان دێت، ئەو جەنگ و کوشتارو ئەو روباری خوێنەی لرفەی دێت، ئەو هەموو دەست و قاچە پەریوانە، ئەم کۆمەڵگا خاپور کراو ووێرانکراوە، ئەو هەموو کردەوە تیرۆریستیانە، ئەو بێکاریی و هەژارییە لە رادەبەدەرە، ئەو هەموو ئاوارەیی و هەواڵی جەرگبری رۆژانەی لوشدانی ئینسانەکان لەلایەن دەریاوە، تا دەگاتە گرانی بازارو بی ئاو و کارەبایی و بێ خزمەتگوزاریی و بێ موچەیی و ناروونی ئایندەی سیاسی، سەربڵندکرنەوەی دەمارگیری قەومی و مەزهەبی و تایفی و عەشایەری، راسیستی، پاشەوپاش گێرانەوەی کۆمەڵگاو زاڵکردنی کۆنەپەرستی و سەربڵندکردنەوەی بێ وێنەی ئیسلامی سیاسی و … لە عێراق و رۆژەهەڵاتی ناوەراستدا، بەدوای خۆیدا هێناوە. وە ئەو هەلومەجە لە نائارامی و ترسی دانیشتوانی وڵاتانی ئەمریکا و ئوسترالیاو ئەوروپا لە کردەوەی تیرۆریستی و کیمیایی، تا سەر بڵندکردنەوەی و بەهیزبوونی راسیزم و پاشەکشەی هەموو رۆژەی وڵاتانی ئەوروپایی لە بەرامبەر مافە ئینسانییە جیهانداگرەکان… گۆشە بە گۆشەی ئەو مەرگەساتانەن کە ئینسانی ئەم سەردەمە روبەرووی بۆتەوە. بەشێکی سەرەکی ئەم دۆخە ئاکامی جەنگ و ملهوری نواندن و دەخالەتگەری سسەربازی ئەمریکاو غەربە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەدیاریکراویش لە عێراقدا. کارکتەرەکانی ئەم جەنگە بەتایبەتیش کاراکتەرەکانی داگیرکردنی عێراق، لەپێشیانەوە جۆرج بۆش و سەگەکەی” تونی بلێر” و سەرانی بریار بەدەستی کۆشکی سپی و وڵاتانی ئەوروپایین. کە بێگویانە ئایندەی ئینسانی ئەم سەردەمە، لە پێناو هەژموون و باڵادەستی و نەخشە سیاسیەکانیدا، بەسەر کۆمەڵگای بەشەریان هێناوە. ئیستا کاتی بەدادگا کێشانی جۆرج بۆش و بلێرەکانە لەدادگای نێودەوڵەتی، لەپای ئەو تاوانکارییە نیونەتەوەیەی ئەنجامیان داوە… تاوانی بۆش و بلیرەکان بە داگیرکاری لە عێراقدا، زۆر زیاترە لە تاوانی سلۆپۆدان میلۆدۆفیج لە یۆگسلافیا… بۆیەکەس و کاری سەربازو قوربانیانی ئەم جەنگە و لە ئەمریکاو بەریتانیا، تا قوربانیانی داگیرکاری و تیرۆر لە عیراقدا… تا دەگات بە قوربانیانی کارە تیرۆریستیەکانی ئەوروپا… وە هەموو ئەو حزب و رێکخراوە سیاسی و یەکێتییە کرێکارییەکان و رێکخراوە جەماوەرییە رادیکاڵەکان تا کەسایەتیە ئینسان دۆستەکامی دنیا… دەبێ داوای یاسایی لەسەر تۆمەتبارانی جەنگ و داگیرکاری لە پیشیانەوە جۆرج بۆش و تۆنی بلێر… لە دادگای نێوەدەوڵەتی تۆمار بکەن. وە پێویستە بەرەی ئینسان دۆست و دژی جەنگ بەتەواوی توانایانەوە، پشتیوانیی لە هەر هەوڵ و کۆششیک بکەن، کە تۆمەتبارانی جەنگ رادەکێشنە پای دادگا، بۆ سزا دانیان و ریگەتن لە دوبارەبوونەوەی داگیرکاری و ملهوری و جەنگ…
تەموزی ٢٠١٦