* ئێران عێراق بەڕێوەدەبات، ئێران خەڵکەکەی لێی ڕازی نییە. عێراق لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەی دەبەن، ئەمانیش کەمینەن و سەدر براوەبوو، بەڵام هێز کردنییە حوکمڕان.
بۆیە هەم ئێران و هەم عێراق خۆیان هەڵقوڵاوی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراسی نین، کەواتە مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکەن کەخاوەن جوگرافیاو هێزن، ئەوان مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەن. ئەم دەڵێ چوومە بەغداو ئەو دەڵێ گەڕامەوە گشتی خۆ بەتاڵکردنەوەیە وەک پۆستەکانی فەیسبوکی خۆمان.
* متمانە بە هیچ پۆپۆلیستێک مەکەن، تا دوێنێ یوسف کیلابی خۆی وەکو داکۆکیکاری موچەخۆری هەرێم وێنا دەکرد، کەچی دوو موچە نێردرا بۆ هەرێم، بانگی لێهەستا، ناردنی موچەی موچەخۆری برسی یەکسان کرد بە ناردنی پارە بۆ مەسعود بارزانی.
ئەم جۆرانە بەدەم گەرمەکانی هەرێمیشەوەتا ئەوکاتە موزایەدە دەکەن و دۆستی موچە خۆرن، گۆڕەپانەکە واڵا بێ بۆ یاریکردنی خۆیان و موزایەدە، گەر ڕێککەوتن ڕووبدات و دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، بێ بازاڕ دەبن، وەکو دۆخی یوسف کیلابی ئەمڕۆ، بێگومان پێیانخۆش نییە.
* ئایا ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە بۆ ناردنی موچە؟
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەوە قوڵترە بە دوو ڕۆژ ڕێکبکەون و ببێتە موفاجەئە بۆ خەڵک، دەیان کێشەو دۆسییەی ئاڵۆز هەیە، پاشان هیچ ڕيککەوتنێکی نوسراو بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بڵاو نەکراوەتەوە، کەواتە نزیکبوونەوەکە بە بێ ڕێککەوتنەو لە حاڵەتێکی نائاساییدایە..
*چەند ڕۆژێک پێش ناردنی پارە بۆ هەرێم و بڕیاری خەرجکردنی موچە، شیاع سودانی لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوویەوەو پەیامی پێگەیاند، خودی دادگاکەش سیاسییە پەیامی پێبگەیەنرێ هەموو شت ئاسایی دەکاتەوە.
وەکچۆن کاتی خۆی مستەفا سنێدی پەرلەمانتاری شیعە لەسەردەمی کابینەی مستەفا کازمی سکاڵای کردو ناردنی پارەی بۆ هەرێم ڕاگرت. کەچی لەمڕۆژانەدا هەمان سکاڵای کرد لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم بەڵام ڕەتکرایەوە.
* ناردنی پارە بۆ هەرێم بەم کوتو پڕییە بۆ؟
سودانی سەردانی ئەمەریکای لە پێشەو کۆمەڵێک دۆسیە لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ دەکات، ئەمەریکا نیگەرانە لەدۆخی ئابووری هەرێم، سودانی نایەوێ بە گەمارۆ خستنە سەر هەرێم تۆمەتبار بکرێ و دەیەوێ ئەجێندای سەردانەکەی بە باشی بەڕێوەبچێت.
ئینجا ئەردۆگان لە هەڵبژاردن دۆڕاوەو مەسرور بارزانیش لەسەردانەکەی ئەمەریکا ئەوەی ویستی بەدەستی نەهێنا ، ڕەنگە گفتووگۆی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئێران دروست بووبیت.
عێراقیش تێگەشت لەوەی فشارە ئابووری و یاساییەکانی دادگای فیدراڵی بۆ سەر هەرێم زۆر کێشەی تر دەتەقێنێتەوە، بۆیە دەیانەوێ کەمێک فشارەکان خاو بکەنەوە.
ڕەنگە عێراق و دادگای فیدراڵی پلانی تری درێژ مەودایان هەبێت، بۆ جێبەجێکردنی پلانی نەرم، پێویستییان بەخاوکردنەوەی کێشەکانە، بۆیە لە ژێر چەتری ناردنی بودجە شتی تریان بەدەستەوەیە.
* لەهەمووی گرنگتر ڕێککەوتن و گێڕانەوەی متمانە بۆ موچە خۆری هەرێم، ڕێککەوتنی درێژمەوداو ڕاگەیاندنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی دەوێ بۆ ڕای گشتی، تا خەڵک بزانێت وردەکاری ڕێککەوتنەکەو متمانەی بۆ بگەڕێتەوە.نەک دۆخەکە ئاڵۆز بێ و کوتوپڕ شتی چاوەڕواننەکراو ڕوو بدات، خەڵک توشی سەر لێشێوان بێت.