لاپەڕەی سەرەکی ڕاپۆرت وۆڵ ستریت جۆرناڵ پەردە لەسەر نهێنییەکانی ترمپ لادەبات: بۆچی ڕێگری لە هێرشکردنە سەر ئێران کرد؟

وۆڵ ستریت جۆرناڵ پەردە لەسەر نهێنییەکانی ترمپ لادەبات: بۆچی ڕێگری لە هێرشکردنە سەر ئێران کرد؟

0 تێبینییەکان 36 بینینەکان

ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی، لە زاری سەرچاوەکان و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا دژی بیرۆکەی ناردنی سەرباز بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارکی ئێران لە ترسی کەوتنەوەی زیانی گیانی، هەروەها بە ئەنقەست زمانێکی “ئیستفزازی و ناهاوسەنگ”ی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تاران ناچاری مێزی گفتوگۆ بکات.

ئاوێنە: ​ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە، ترمپ ڕووبەڕووی ترسێکی شەخسی بووەتەوە لە دەرکردنی فەرمانی ناردنی هێز بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە سەربازەکان تێیدا بریندار بن، یان هەندێکیان نەگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوشێوەی ئەو سەرۆکە ئەمریکییانەی دیکە کە پێشتر جەنگیان کردووە.

​ڕۆژنامەکە ڕوونیکردەوە کە “شکستی سیاسەتی دەرەوە لە سەردەمی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان لە ئێران لە ساڵی 1979، بە توندی بەسەر مێشکی ترمپدا زاڵ بووە”، بە جۆرێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا گوتوویەتی: “ئەگەر سەیری ئەوە بکەن کە چی بەسەر جیمی کارتەردا هات.. لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکان و بارمتەکان، ئەوە بووە هۆی دۆڕاندنیان لە هەڵبژاردن.. چ پشێوییەک بوو”.

​سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ترمپ دژی بیرۆکەی ناردنی سەربازانی ئەمریکی بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک، سەرەڕای ئەوەی پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەرکەکە سەرکەوتوو دەبێت و دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا دەستی بە تەنگەبەرەکە بگات. ئاماژەیان بەوەش کردووە، ترمپ ترسی هەبووە زیانە گیانییەکانی ئەمریکا “بە شێوەیەکی قبوڵنەکراو بەرز بێت” و وتوویەتی سەربازە ئەمریکییەکان دەبنە “ئامانجێکی ئاسان”.

​تووڕەیی لەهاوپەیمانەکان

جگە لە دوودڵییە مەیدانییەکەی، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە داخستنی تەنگەبەری هورمز سەرچاوەی بێئومێدییەکی گەورە بووە بۆ ترمپ، کە خۆی و هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی تووشی شۆک بوون بەهۆی خێرایی ڕاوەستانی هاتوچۆی تانکەرەکان دوای دەستپێکردنی بۆردومانەکان. ترمپ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە هێندە ناسک بووە کە تەنانەت “کەسێک خاوەنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بێت دەتوانێت دایبخات”.

​هەروەها ترمپ تووڕەیی بەردەوامی خۆی لە ڕەتکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پەیوەندیکردن بە هەڵمەتە سەربازییەکەی و یارمەتیدان لە کردنەوەی تەنگەبەرەکە دەربڕیوە، بە جۆرێک لە کۆبوونەوەکانی کۆشکی سپیدا گاڵتەی بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە و ڕەخنەی لە کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گرتووە بەهۆی سستییەکەی لە ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا.

​پۆستە “هەڕەمەکییەکان”

لەسەر ئاستی لێدوانەکان، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە ئەو پۆستەی ترمپ تێیدا هۆشداریی “کۆتاییهێنان بە شارستانییەتی ئێرانی” دابوو، تەنها هەڵچوونێکی کاتی بووە و بەشێک نەبووە لە پلانی ئاسایشی نەتەوەیی. ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەوەی ترمپ بە ڕاستی ویستوویەتی، ترساندنی ئێرانییەکان و کۆتاییهێنان بووە بە ململانێکان.

​هەروەها بەرپرسەکان باسیان لەوە کردووە کە ترمپ بە یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی وتووە، ئەو وشەی نەشیاو و دەستەواژەی “الحمد لله”ی لە یەکێک لە پۆستەکانیدا بەکارهێناوە چونکە ویستوویەتی “تا دەکرێت وەک کەسێکی ناجێگیر و سوکایەتیکەر دەربکەوێت”، بەو بڕوایەی کە ڕەنگە ئەمە ئێرانییەکان ناچاری مێزی گفتوگۆ بکات و پێی وابووە کە ئەمە “زمانێکە ئێرانییەکان لێی تێدەگەن”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە