لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا بە خۆشەویستی قەرەبوویان بکەینەوە

بە خۆشەویستی قەرەبوویان بکەینەوە

0 تێبینییەکان 57 بینینەکان
رۆزا دڵشاد مەریوانی:
یەکێک لە بابەتەکانی رۆژ قەیرانی داراییە، بەتایبەتی بۆ چینی ناوەڕاست کە ساڵانێکە بەدەست دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنین، بۆیە کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر پەروەردەی هەرزەکار دایکان و باوکان دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا، ئایا پێویستە هەرزەکار ئاگاداری وردەکاریی دۆخی ئابووریی خێزان بن یاخود نابێت تووشی دڵەڕاوکێیان بکەین و هەمیشە بۆیان دووپات بکەینەوە کە هەموو شتێک باشە؟ بێگومان مەسەلەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە و ناکرێت بە بەڵێ یان نەخێر، رەش یان سپی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵکو پسپۆڕانی خێزان و پەروەردەی منداڵ رایان وایە دەبێت لەگەڵ ئەو بابەتەدا ورد بین و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، بۆئەوەی نە هەرزەکار تووشی دڵەڕاوکێ بکەین و وایلێبکەین هەست بە کەمیی بکات نە ئاگاداری هیچ شتێک نەبێت و لە داواکارییە زۆر و بێ سنوورەکانی خۆی بەردەوام بێت و لە دنیای خەیاڵدا بژی.
کاتێک خێزانەکەمان بە دۆخێکی ئابووریی سەختدا تێپەڕدەبێت دروستە لەگەڵ منداڵەکانماندا راستگۆ بین بەتایبەتی ئەوانەی لە قۆناغی هەرزەکارییدان و باشتر تێدەگەن و لە رێی گفتوگۆوە بۆیان روونبکەینەوە داهاتی خێزان کەمبووەتەوە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ داهاتماندا بکەین و خەرجییەکانمان سنووردار و دیاریکراوتر بکەین، بەجۆرێک ئەولەوییەت بدەین بە بابەت و کەرەستە پێویستەکان ئینجا ئەوانی دیکە، هاوکات گرنگە بەجۆرێک پێیان رانەگەیەنین تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بن وەک بەکارهێنانی وشەی “هیچمان نییە یان ناگەینە سەری مانگ و پارەمان پێ نامێنێت یاخود پارەمان نییە هیچی وا بکڕین و..هتد”. چونکە ئەم رێگەیە هەرزەکار تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەکات و وایلێدەکات بەردەوام لەترسدا بژی کە پارە نامێنێت پێی بژین و برسی دەبن و چەندانی دیکە، بەڵکو دەبێت شێوازی هێمنانە بەکاربێنین بۆ نموونە: بۆیان روونبکەینەوە داهاتمان ئەوەندەیە و پێویستە وەک تیم کاربکەین و خەرجییەکانمان رێکبخەینەوە تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین، هەروەها کاتێک داوای کڕینی بابەتێک دەکات کە نرخەکەی گرانە دەکرێت پێشنیاری جێگرەوەی هەرزانتری بۆ بکەیت یان هانی بدەیت خۆی کۆششی بۆ بکات و لە خەرجی رۆژانە پاشەکەوتی بکات تا دەتوانێت بیکڕێت و بەڵێنی پێ بدەیت کەی بڕێکی باشی کۆکردەوە تۆش لەوێدا وەک پاداشتێک چەندی کەم بوو یارمەتی بدەیت.
مەسەلەیەکی گرنگی دیکە زۆرجار لە دۆخە ئابوورییە ناهەموارەکاندا لەبیری دەکەین جێگرەوەی نەبوون یان کەمیی داهات بۆ منداڵەکانمان و تەنانەت بۆ یەکتریش ئەوەیە لە رووی سۆزدارییەوە قەرەبوویان بکەینەوە، واتا سۆز و خۆشەویستی زیاتریان پێبدەین ئەوەی پێی دەوترێت “ئاساییشی سۆزداریی”یان بۆ دابین بکەین و ئەو جۆرە گرنگیدان و پاڵپشتییەی بە پارە ناکڕدرێت و هەرگیز جێی ناگرێتەوە کە خۆشەویستیی بێ سنووری دایک و باوکە بۆ منداڵەکانیان زیاتر تەعبیری لێبکەن، نەوەک قەیرانی دارایی خێزان وامان لێبکات بچینەوە قاوغەکەی خۆمان و لەبەر هەستکردن بە تاوانباریی لە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی منداڵەکانمان خۆمانیان لێ بەدوور بگرین، بەڵکو بە خۆشەویستی قەرەبوویان بۆ بکەینەوە.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە