بە پێی ئاماری مانگانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان، شەش ژن کوژران و شەش ژن بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی ڕۆژنیوز، وەک بەشێک لە ئەرکی پیشەیی و ڕۆژنامەوانی خۆی مانگانە ئامارەکانی کوشتن و گیانلەدەستدانی ژنان تۆمار دەکات و دواتر بڵاویاندەکاتەوە، بۆ ئامارەکانیش پشتی بە ستووە بە پەیامنێرانی خۆی و دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتى هەرێم.
بەپێی ئامارەکەی ڕۆژنیوز، لە ١ـی شووباتی ئەمساڵدا، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ لە شارۆچکەی ڕانیە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی دەڤەری ڕاپەرین بە شێوەیەکی گوماناوی و بە شوێنەواری فیشەکەوە گیانی لەدەستدا.
لە ٣ـی شووباتی ئەمساڵدا، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی شاری سلێمانی لە شارۆچکەی دەربەندیخان بەشێوەیەکی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا.
لە ٣ـی شووباتی ئەمساڵدا، لە گوندی تاسلوجەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنج بەناوی ئانا سەلام عەلی و تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
لە ١٢ـی شووباتی ئەمساڵدا، لە پارێزگای سلێمانی ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بە چوار فیشەک کوژرا.
لە ٢٦ـی شووباتی ئەمسالدا، لە شارۆچکەی خەبات ژنێک بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا، کە تەرمەکەی لەناو ئاوی زێ گەورە دۆزراییەوە.
لە ٦ـی ئاداری ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی ئاکرێ ژنێکی دووگیان بەناوی (م،ع) تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
لە ١٢ـی ئاداری ئەمساڵدا، لە باڵەخانێکی پارێزگای هەولێر ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ بەشێوەیەکی گوماناوی کەوتەخوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
لە ١٥ی ئاداری ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی ١٥ ساڵ بە فیشەک کوژرا.
لە ١٦ی ئاداری ئەمساڵدا، لە گوندی چیمەنی سنووری پارێزگای کەرکووک تەرمی ژنێکی گەنج بە کوژراوی دۆزرایەوە.
لە ٢٦ـی ئاداری ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پاریزگای سلێمانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی هەستی ئیسماعیل بەشێوەیی گوماناویی گولـلەیەک بەر سەری کەوت و کۆتایی بە ژیانی هات.
لە ٢٧ی ئاداری ئەمساڵدا، تەرمی ژنێک لە نێو ڕووباری زێی گەورە لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە کوژراوی دۆزرایەوە.
لە ٣٠ ئاداری ئەمساڵدا، سکاڵا حەسۆ ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی کۆیە و دانیشتووی پاریزگای هەولێر، بەشێوەیەکی گوماناویی سووتا و دوای مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئاماری کۆکراوەی مانگانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا ئێستا لە باشووری کوردستان حەوت ژن کوژراون و١٠ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە، لە باشووری کوردستان، ئەگەرچی هەوڵی شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان دەدرێت، بەڵام لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە تاوانەکانی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکرێت، بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم شارە جیاجیاکاندا ٥١ ژن کوژراون یان بەشێوەی گوماناویی گیانیانلەدەستداوە.
سەرچاوە: رۆژنیوز