پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند، 22 کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان فڕێدراونەتە ناو دەریاوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە لیبیاوە بەڕێکەوتبون و چەند ڕۆژێک لە ناو بەلەمێکی لاستیکیدا لە دەریای ناوەڕاستدا گیریان خواردبو.
اسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەلەمەکە لە 21ـی ئەم مانگەدا لە ناوچەی توبڕوق لە ڕۆژهەڵاتی لیبیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتوە، پێش ئەوەی سەرنشینەکانی ڕێگەیان لێ تێکبچێت و بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەبێ ئاو و خۆراک لە ناو دەریادا بمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکاتی گەشتەکەدا 22 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەپێی گەواهی ڕزگاربوان، تەرمەکانیان لەسەر فەرمانی یەکێک لە قاچاخچییەکان فڕێدراونەتە ناو دەریاوە.
تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 26 کەس ڕزگار بکەن، کە لە نێویاندا ژنێک و مێردمنداڵێک هەبون، ئەمەش لە ڕێگەی بەلەمێکی سەر بە ئاژانسی “فرۆنتێکس” لە کەناراوەکانی دورگەی کریت، کە دوانیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی هێراکلیۆن.
دەسەڵاتداران دو گەنجی خەڵکی باشوری سودانیان بە تەمەنی 19 و 22 ساڵ دەستگیرکردوە بە گومانی تێوەگلانیان لە قاچاخچێتی کۆچبەران.
کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا دیاردەیەکی مەترسیدارە کە بەهۆی هەژاری و ململانێ سیاسییەکانەوە سەریهەڵداوە، تێیدا کۆچبەران ڕوبەڕوی ڕێگەی دژواری وەک دەریا و دارستانەکان دەبنەوە و ساڵانە هەزاران کەسی تێدا دەبێتە قوربانی.
جگە لە مەترسییە سروشتییەکان، باندەکانی قاچاخچێتی وەک کاڵایەک مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران دەکەن و دەیانخەنە بەر هەڕەشەی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا یاساکانیان توند کردوەتەوە و سنورەکانیان بە ڕویاندا داخستوە.
زۆرێک لەو کەسانەی دوای کێشەیەکی زۆر دەگەنە ئەو وڵاتانە، ڕووبەڕووی مەترسی دیپۆرتکردنەوە یان مانەوەی درێژخایەن لە کەمپە ناخۆشەکاندا دەبنەوە. بۆیە ئەم گەشتە بە “گەشتی مەرگ” دەناسرێت چونکە هیچ گەرەنتییەکی بۆ گەیشتن و ژیان تێدا نییە و تەنها زیانی ماڵی و گیانی لێدەکەوێتەوە.