بەشدار عوسمان:
لە گێژاوی ترس و لە قووڵایی نائومێدییدا، زۆر ڕێبوار هاتن و تێپەڕین؛ زۆرێک وەک تەم هاتن و وەک دووکەڵ ڕۆیشتن، بەڵام ئێوە وەک تاشەبەرد لە جێی خۆتان مانەوە.
هەبوون تەنیا وێنەی فرمێسکەکانی ئێمەیان دەگرت تا ببنە بینەری ئازارەکانمان، کەچی ئێوە دەستتان هێنا و سڕیتان. هەبوون تۆوی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دەچاندین، بەڵام ئێوە بوونە ئەو کزەبایەی تەمی ترسەکەتان ڕەواندەوە.
لە هەمووی تاڵتر؛ زۆرێک تەنیا کاتی نووشینی هەنگوین لەگەڵمان بوون، بەڵام کاتێک نۆرەی ژەهر هات، ئێوە بوون پیاڵە تاڵەکەتان لەگەڵمان بەش کرد و بەدەم نۆشکردنیەوە، لە دڵەوە دەتانوت:
«هیچ شتێک لەم گەردوونەدا هێندەی ئەو ژەهرە شیرین نییە، کە بە عەزم و شکۆی جەمەدانییەکەی مام عوسماندا تێدەپەڕێت؛ ئەو جەمەدانییەی تاڵییەکان دەپاڵێوێت و دەیانکاتە شەکراوێکی زەلال. بە ڕاستیی هیچ شتێک لەوە شکۆدارتر نییە، کە دایە سێوێ ببێتە مەڵوەنێک و لەناو کڕێوەی فرمێسکەکانیدا، جێمان بکاتەوە.»
مامۆستا بەهزاد، زمانزانێک بوو، کە دەیزانی چۆن وشە بکاتە چەک و ڕووبەڕووی نادادیی بکاتەوە، ئەو پێیوابوو، کە دەبێت هەر مامۆستا و قوتابییەکی زانکۆ، سەردەشت ئاسا، پسپۆرییەکەی خۆیان لە دەروەی زانکۆ بخەنە مەیدانی کاری ئازادیی، دادپەروەریی و بەرگرییکردن لە ماف، لەم بوارەشدا، هێندە سەرسامی سەردەشت عوسمان بوو، کە لە وتارێکیدا دەڵێت:”من بۆ یەک جاریش سەردەشتم نەدیوە، بەڵام لە تێکستەکانی جگە بە توانایی لە پسپۆڕییەکەی خۆی، بیری قوڵ و مەعریفەیەکی فراوانی لە بوێری و هەڵوێستەکانیدا تواندۆتەوە”.
ئینجا دەمانباتەوە بۆلای مامۆستا ڕاستەقینەکانی سەردەشت و دەڵێت:”من دەستی پلە سێوێ و مام عوسمان ماچ دەکەم، کوڕێکی وەک سەردەشتیان پێگەیاند، کە پێش ئەوەی زانکۆ تەواو بکا، بووە مامۆستای هەموومان”.
مامۆستا بەهزاد محسین ڕۆشنبیریێکی بەرز، مرۆڤێکی خاوەن ڕۆحی ئازاد و دڵێکی گەورەی پڕ لە خۆشەویستی بۆمرۆڤ و بۆ ژیان.
مامۆستایەک کە ژیان و هەناسەی بە ئازادیدا، مامۆستایەک کە ڕاستییەکانی ئەم وڵاتەی بە دڵ و دەنگ ڕاگەیاند، مامۆستایەک کە بە زانست، بە کردار، بە ئازایەتی و بە دڵسۆزی، خزمەتی کۆمەڵگای کوردستانی کرد.
مامۆستا بەهزاد تەنها مامۆستای زانکۆ نەبوو، بەڵکو مامۆستای ژیان بوو؛ مامۆستای ڕێگا و ڕاستی بوو. لەگەڵ زانست و خوێندن، هەمیشە دەنگی دادپەروەری بوو و دەستگیر و هاوڕێی هەر کەسێک بوو کە پێویستی بە پشتگیری هەبوو.
ژیانی تێکۆشانێکی بێوچان بوو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بۆ ئازادی، بۆ یەکسانی، بۆ ڕێگای ڕاستی و بۆ کەرامەتی مرۆڤ.
ئەو مرۆڤێک بوو کە لە ڕووی بیر و هەست و کردارەوە، وەک ئاگرێکی ڕووناک بوو. لە کاتێکدا زۆر کەس دەترسان و دەبەسترانەوە، ئەو سەربەرزانە ڕادەوەستاوە، بە دڵێکی پڕ لە ئازایەتی، و بە زمانێکی ڕاست و پاک، دەقی ڕاستی دەگوت.
تۆ ئەو مامۆستایە بوویت، کە وانەکانت لە پۆلەکانەوە گواستەوە بۆ شەقام؛ لەوێ فێرت کردین، کە مرۆڤبوون لە “نا”یەکی بوێردایە، نەک لە بێدەنگییەکی شەرمنانەدا. تۆ ڕووخسارێکی ئارامت هەبوو، بەڵام ڕۆحێکی پڕ لە ئاگر. بە هێمی دەدوایت و وشەکانت وک بورکان بەڕووی ستەمکاراندا دەتەقینەوە. تۆ نیشانت دا، کە دەکرێت مرۆڤ لەناو هەژارییدا لەدایک بێت، بەڵام بە دەوڵەمەندیی هەڵوێست و شکۆی مرۆییەوە بژی.ئەو ناوە گەورەیە هەمیشە لە دڵ و بیرماندا دەژی.
هەروەها نابێت ئەم ڕاستییەش لەبیر بکەین:
مامۆستا بەهزاد خاوەنی دۆسیەیەکی قووڵ و قورس بوو، دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان.
مامۆستا بەهزاد بوو بە دەنگ و بەردەوامیی دۆسیە تیرۆری دەنگە ئازادەکان، دۆسیەکانی سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و وێداد حسێن و ئەوانیتر. کە لە پێناو ئازادی و مافە مەدەنی و مرۆییەکانی کوردستان گیانیان بەختکرد،
بەشێک لە خەباتی نەپچراوی مامۆستا بەهزاد لە دژی تیرۆرستان و نادادی دگا لەبەرامبەر ئەو دۆسیانەدا تا ئاخرین ساتەکانی ژیانی جەنگا.
ئەو لە یەکەم ڕۆژەکانی تیرۆری سەردەشت عوسمانەوە، هەر لەو خاڵە دەستی پێکردەوە، کە سەردەشت لە دوای خۆی داینا بۆ هاوڕێکانی.
هەڕەشەکان زۆر بوون، فشارەکان قورس بوون، بەڵام مامۆستا بەهزاد هەرگیز نەبوو بە دەنگێک کە لە ترسدا بێدەنگ ببێت. ئەو بەردەوام بوو، چونکە دەیزانی کە ئەگەر ئەم دۆسیانە دابخرێن، ئەوا داهاتوی کوردستان ڕەشتر دەبێت.
مامۆستا بەهزاد هەمیشە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی مەراسیم و یادی تیرۆری دەنگی ئازاد لە کوردستاندا.
ئەو دۆسیەکانی سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، دیداد حسێن و
و هەموو دەنگە ئازادەکانی بەرز و ڕادەگرت.
ئەو کەسێک بوو کە بەرزایی و شکۆی مرۆڤی لە پلەی پێشەوەی ژیان دابوو. هەرگیز ڕازی نەبوو بە نادادپەروەری،
هەرگیز قبووڵی نەکرد کە مرۆڤ بە ناحەق بشکێندرێت، ئەو خەباتی کرد بۆ ئەوەی کوردستان، ببێتە شوێنێک کە مرۆڤ تێیدا نەترسێت، ببێتە شوێنێک کە دەنگی خەڵک نەبەسترێت، ببێتە شوێنێک کە نادادپەروەری نەبێتە یاسا، ببێتە شوێنێک کە یەکسانی تەنها وشە نەبێت.
ئەمڕۆ، مامۆستا بەهزاد لەگەڵمان نییە، هەست بە بۆشایی و کەلێنێکی قوول دەکەین. بۆشاییەک لە هەولێر، بۆشاییەک لە کوردستان. بۆشاییەک لە دڵی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی و یەکسانی هەیە.
بەڵام…
ئێمە نابێت بڵێین مامۆستا بەهزاد “تەواو بوو”. چونکە مرۆڤێک کە بۆ ئامانجی بەرزی ئینسانی دەژیت، نامرێت. مرۆڤێک کە بۆ داد دەوەستێت، نامرێت. مرۆڤێک کە بۆ ئازادی خەبات دەکات، نامرێت.
مامۆستا بەهزاد نامرێت، چونکە ناوی لە دڵی هەموومان دەژی ئەو هەناسەی خۆی دا بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە سەربەرزی هەناسە بدەین.
ئێمە ئەمڕۆ دەڵێین: مامۆستا بەهزاد کەسێک بوو کە دەزانین کەس شوێنی ناگرێتەوە، بەڵام هەموومان ڕێگاکەی دەگرینەوە.
دەڵێین: ئەگەر مامۆستا بەهزاد ڕۆیشتووە، بەڵام ئەو ڕۆحە بەرزەی و ڕێبازە پاکەی لەگەڵمان دەبێت، لە قسەکانماندا، لە بیرکردنەوەکانماندا، لە خەباتماندا، لە هەموو هەوڵێکدا بۆ داهاتوویەکی باشتر.
ئەمڕۆ بە خێزانە بەڕێزەکەی دەڵێین: ئێوە خاوەنی خەمێکی گەورەن، بەڵام هەروەها خاوەنی شانازییەکی گەورەن. چونکە مامۆستا بەهزاد تەنها نەبوو، ئەو خاوەنی غەمی خەڵک بوو. هاوڕێی هەموو ئەو دڵانەی کە دڵیان بۆ ڕاستی و ئازدی دەسووتا.
کەواتە… با ئەم ماڵئاواییە تەنها گریانی نەبێت، با ئەم ماڵئاواییە پەیمانێک بێت. بۆ مامۆستا بەهزاد، پەیمانێک کە ڕێگای دادپەروەری و ماف و ئازادی بەردەوام بکەین. کە ئەوە باوەڕ و متمانەی پتەوی مامۆستا بەهزاد بوو.
ئێمە ئەمڕۆ مامۆستایەکمان لەدەستدا، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە: مامۆستا بەهزاد نامرێت.
چونکە مرۆڤێک کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و خزمەتکردن بە خەڵک تەرخان کردووە، بە مێژوو دەژی. ناوی ئەو دەبێتە بەشێک لە یادگارییە جوانەکانی ئەم شارە و ئەم وڵاتە.
هەمیشە بە سەربەرزی لە مێژووی خەباتی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
بەرز و بەڕێز بێت یادی بەهزاد ئەو مرۆڤانەی لە پێناوی ژیان و ئازادی تێکۆشان