دیسانەوە بەشێکی زۆری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بە شانۆی شەڕێکی پانوبەرینی نوێ و تاقیکردنەوەی نوێترین هێرش و ململانێی سەربازی. گەرچی ئێران شانۆی ڕاستەوخۆی هێرشی تووندی ئەمجارەی ئەمریکا و ئیسرائیلە بەڵام بەهۆی پەیوەندیی قووڵی کێشەکانی ناوچەکە پێکەوە و پێگەی ناوچەیی ئێران و بەشداریی ئیسرائیل، شەڕی ئەمڕۆ ڕەهەندێکی فراوانتری بەخۆە گرتووە.
گەرچی مەرامی ستراتیجیی ئەمریکا لەم شەڕەدا ڕۆشنە بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و سنووری ئەو ئامانجانە لەنزیك ماوەدا، هێشتا زۆر لایەنی بەناڕۆشنی ماونەتەوە.
لەڕووی ستراتیجیەوە ئەمریکا ئەیەوێ نفووزی ناوچەیی ئێران بەنزمترین ئاست بگەیەنێت و بیکات بە دەوڵاەتێکی نۆرماڵی ناوچەکە. بەرتەسککردنەوەی نفووزی ئێران لە شەڕی غەزەوە قۆناغی زۆری بڕیوە. ئێران چیتر هێزێکی کاریگەری پشتیوانیی حەماس نیە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا پێگەی ئێران لەو وڵاتە سفرکرایەوە. حوسیەکان و حیزبوڵڵا تێکشکێنراون و کاریگەریان بۆ کۆمەك بە ئێران، وەکوو پرۆکسیەکی حکوومەتی ئایەتوڵڵاکان، بێبایەخکراون. لە عێراقدا نفووزی ئێران هێشتا بەهێزە بەڵام گوشارەکانی ئیدارەی ترامب پەیامێکی ڕوونیان بە عێراق داوە لەوبارەوە و ئەمریکا بەئاسانی دەسبەردای پێگەی بەهێزی خۆی نابێت تیایدا.
پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران ڕۆشنە: ئێرانێکی بەبێ چەك و بەرنامەی ئەتۆمی، داماڵراو لە چەکی بالیستی و دوور لە پاڵپشتیی لایەنگرەکانی لە ناوچەکە ولەمەودواش بەتایبەتی لە عێراق.
ئەو مەرامانەی ئەمریکا وەکوو پاکێجێکی داخوازیی دەسبەجێ لە گفتوگۆ دیبلۆماسیەکان لەگەڵ ئێراندا بەبنبەست گەیشتن.
دەستێوەردانی ناوچەیی و جبەخانەی سەربازیی هێرشبەر، ئامرازی گەورەن بۆ ستراتیجیی ناوچەیی ئێران و مانەوە وەکوو هێزێکی خاوەن تەماح و پێگەی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەهەمان کاتیشدا پێگەی دەسەڵاتەکەی لەناوخۆشدا بە مسۆگەری بهێڵێتەوە. لیستی داخوازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، عەقیدەی ستراتیجیی ناوخۆیی و ناوچەیی ئێران ئەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو ستراتیجەی کۆماری ئیسلامیەوە.
تا ئێستا هەردوولایەنی ململانێکە سوورو پێداگرن سەبارەت بە ستراتیجیی خۆیان و هەر بەهۆیەوەش گفتوگۆ دیبلۆماسیەکانی نێوانیان هیچ بەرهەمێکی لێنەکەوتەوە.
بەرپاکردنی نەخشەی دوای شەڕی غەززە و ئەڵقەکانی دواتری بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ڕوانگەی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئێستادا لەگرەوی پاشەکشە بە ئێراندایە بەپێی ئەو پاکیجە لەداخوازی کە ئاماژەم پێدا. پاکێج و داخوازیەك کە لەڕوانگەی لایەنی ئێرانیەوە نەك تەنها ستوونێکی نفووزی ناوچەییان ئەڕووخێنێت بەڵکوو مانەوەی ئەو ڕژێمە لە ناوخۆشدا لەق ولۆق ئەکات. شەڕی ئێستا ئەنجامی پێکەوە نەگونجان و بگرە پارادۆکسی سروشتیی ئەو دوو ڕوانگە و ستراتیجەن.
تەرازووی نابەرابەری هێزی نێوان دوو بەرەی شەڕی ئێستا ڕوون و ئاشکرایە. براوەی شەڕەکەیش لەپێشەوە مەعلوومە. ئەوەی نادیار و جێی پرسیارە بریتیە لەمەسەلەی بەدیهاتنی ئامانجە چەند جەمسەرێکەی بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل و چۆنیەتیی گرەنتیکردنی دەسگەیشتن بەو ئامانجانەی پشتی شەڕەکە.
سەرباری ئەو جیاوازیانای نێوان بەرەی هاوپەیمانی ئەمریکا – ئیسرائیل سەبارەت بە شێوازی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لەم شەڕەدا، هێشتا هێچ لایەکیان بە جیا یا بە هاوبەشی خاوەنی ڕوئیایەکی دیاریکراوی ڕۆشن نین سەبارەت بە داهاتووی ئێران.
ئیسرائیل هەڵپەی ڕووخانی دەسەڵاتی مەلاکانیەتی بێئەوەی نەخشەیەکی ڕوون و کەرەسەکان و ئامرازە پێویستیەکانی ئەو ئامانجەی لەبەردەستدا بێت جگە لە شەڕ و پەلاماری ئاسمانی و تۆپباران وهەڵمەتی مووشەکی و کوشتنی سەرانی ڕژێمی ئێران و وردوخاشکردنی توانا سەربازیەکانی. بەڵام ئەمریکایە گیری خواردووە لەبەرانبەر چەندین بژاردەی وەکوو ئەوانەی پێشتری ئیسرائیل وهاوکاتیش بژاردەی لەچەشنی هاندانی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخانی ڕژێم و هاوکاتیش بانگەوازی هەندێ باڵی میانڕەوی ناو ڕژێم بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی یا پشتیوانیی هەندێ هێزی کەم کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن. ئەوانە هەموویان گورزەیەکن لەو بژاردە گریمانەییانەی کە ئەمریکا بەحیسابیان دێنێت.
ئەمریکا لەبەرانبەر ئاڵۆزیە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی کەیسی ئەمڕۆی ئێراندا لە دووڕیانێکدا وەستاوە. ناکۆکیەکان لەوە ئاڵۆزترن کە بواری ساغبوونەوە لەسەر تەنها بژاردەیەك بکەن بە بڕیار بۆ ئەمریکا.
هێزە ئیسڵاحیەکانی ئێران لەوە لاوازترن کە، سەرباری کوشتنی عەلی خامنەیی و دەیان کەسایەتیی خاوەن پێگەی بواری سەربازی و ئاسایش و دەزگای سەرکوت، بتوانن نفووزی باڵی هێزە تووندڕەوەکانی دەسەڵات پەکبخەن کە هەموو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و سەرکوتیان لەدەستدایە.
کۆماری ئیسلامی، جگە لەوەش، هەموو دەزگا سەرکەتگەرەکانی بەهەموو تواناوە لە شارەکانی ئێراندا لەبەرانبەر خەڵکی ئێراندا مۆڵداوە و فەزای کوشتار و سەرکوتی خوێناویی بەسەرسەری خەڵکەوە ڕاگرتووە. ئەوەش بژاردەی هاتنەسەرشەقام و بەشداریی خەڵکی لە ڕووخاندنی ڕژێم لە جەرگەی شەڕدا لاواز و کەم کاریگەر کردووە و ئەو کارتەی بۆ ئەمریکا نەهێشتۆتەوە.
هەرچی باڵە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، لەبەر زۆر هۆکار و بەتایبەتی بەهۆی سەرکوت و ڕاونانیان بۆ دەرەوەی وڵات، پایگایەکی ماددی و تەنانەت جەماوەری و مەعنەویی بەهێزیشیان نیە و بۆ ئەرکێکی لەوجۆرە هیچی ئەوتۆیان لەدەست نایات بگرە زۆربەیان چاویان بڕیوەتە شەڕ و گوشاری ئەمریکا تا پاش ڕووخانی ڕژێم بە پاککراوی دەسەڵات بەوان بسپێرێت.
کشت ئەو ڕاستیانە قەیرانی دەسەڵاتیان لە ئێراندا سپاردووە بە پلاندانەرانی شەڕی ئێستا و نەخشەی ئەوان بۆ وەرچەرخانەکانی.
لە ئێستادا ولەئەگەری وەشاندنی دوایین گورزە کاریگەرەکان لە ئێران لەم شەڕدا هەموو سیناریۆکان لە ئەڵقەی دواتردا گرێئەدەنەوە بە وەلامدانەوە بە پرسیاری داهاتووی دەسەڵات و فۆرمی ئەو دەسەڵاتە.
پێئەچێ تا ئێستا بانگەوازی ڕۆژانەی ئەمریکا بۆ خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی بێنەمەیدان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕژێم و تەواوکردنی ئامانجی دووەمی شەڕەکە، لەبەرەی خەڵکەوە بێوەڵام بمێنێتەوە. نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە مەبەستی ترامب لە ( گەلی ئێران ) بەتەنها خەڵکی تینووی ئازادیی ئەو وڵاتە نیە بەڵکوو لەڕوانگەی ئەوەوە هەر باڵ و کەسایەتیەك ئەگرێتەوە کە ئەرکی دوایی هێنان بە باڵی تووندڕەوی دەسەڵاتداری ئێستا ئەنجام بدات. بەبڕوای ترامب کوشتنی خامنەیی هەنگاوێك بوو بۆ لابردنی سەرسەختترین نوێنەری ئەو باڵە و ڕێگە ئەکاتەوە بۆ ” کەسایەتیە پراگماتیستەکان ” بۆ گرتنەدەستی سووکانی دەسەڵات. ئەوەش گۆڕینی دەسەڵات بەبێ گۆڕینی سەرجەم مەنزوومەی ڕژێمەکە ئەکات بەئەگەری سەرەکی و باشترین سیناریۆش لە ڕوانگەی ئەمریکاوە.
ئەگەری دووبارەکردنەوەی سیناریۆی فەنزویلاش یەکێکی ترە لەبژاردەکانی ئەمریکا بەڵام بە تایبەتمەندیەکانی دۆخی ئێرانەوە. لاوازکردنی زیاتری باڵی تووندڕەی ناو تاقمی دەسەڵاتو تەسفیەکردنی مۆرە دیارەکانی تری، دەستی کەسایەتی و باڵی تری ئامادە بە تەسلیمبوون بە ئەمریکا لەناو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا ئەکاتەوە بۆ ڕازیبوون بە مەرج و خواستەکانی.
تاقمی دەسەڵاتداری مەلاکان دەستی ئەمریکایان باش خوێندۆتەوە بۆیە هەموو تواناکانی هێزە سەرکوتگەرەکانیان لەبەرانبەر خەڵکدا ڕاگرتووە بۆ ئەوەی شەڕەکە تەنیا لەبەرەکانی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و خۆیدا قەتیس بکات و ئەگەری شەڕی خەڵك لەدژی دەسەڵات لەگۆڕبنێت.
ئێران هێرشەکانی بۆسەر شیخ نشینەکانی کەنداویش چرکردۆتەوە تا لەوێوە گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و نیشانی بدات کە دۆخی ناسکی ئەو وڵاتانە و ئاسایشیان بەئەمریکا ناپارێزرێت و ئێران توانای ئەوەی هەیە کە شیرازەی سیستمی ئاسایش و ئابووریی ئەو ناوچەیە بخاتە مەترسیەوە.
ئەمریکا لەم شەڕەدا دژی ئێران سەرەنجام بەشوێنی ئامانجێکی ستراتیجیی دوورمەوداترەوەیە. ملکەچکردن بە ئێرانێك کە دەسەڵاتێکی لاوازی ئیسلامیی تیایدا دەسەڵاتدار بێت، یا گوڕینی دەسەڵات بە تاقمێکی تری ناو هەمان ڕژێم و لەباشترین حاڵەتیشدا گۆڕینی هەموو باڵەکانی دەسەڵاتی ئێستا و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی نوێ؛ هەموویان پێشەکین بۆ گێڕانەوەی ئێران وەکوو وڵات و دەوڵەتێكی نۆرماڵی بێ پەڕوباڵ بۆ ژێر سایەی هەیمەنەی ئەمریکا و لەوێشەوە وەشاندنی دوایین گورزەکان لە سیستمی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنەمانی سێبەری دەسەڵاتی ئێستای ئێران ئەبێ بە بازاڕێکی گەورەی خستنەگەڕی سەرمایە و کاری کۆمپانیاکان و ساغکردنەوەی کاڵا و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و بازرگانی. ئەوانە بوار بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا و باڵادەستیی جیهانیشی زیاتر ئەکەنەوە و نفووزی هێزە نەیارەکانی وەکوو چین و ڕووسیا لە ڕووی ئابووری و نفووزی ستراتیجیەوە لەم ناوچە هەستیارەدا بەرتەسك ئەکەنەوە و پاشکۆیەتیی ئەروپاش بۆ ئەمریکا ئەکەن بە ئەگەرێکی ناچاریی زیاتر.
سەرکەوتنی ئەو ستراتیجیەی ئەمریکا ئاسۆیەکی فراوانیش لەبەردەم پلانەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا ئەکاتەوە و جگە لەوەش ڕەوڕەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بە ئاراستەی هەیمەنەی هەردوولا خێراتر ئەکاتەوە و هەموو فایلەکانیشی دێنێتەوە سەرمێزی چارەسەرکردن و پێداچوونەوە.
سەرکەوتنی ئەو ئاراستە سیاسیانە، چوارچێوەی خەبات و هەوڵی گەلانی ئێران وعێراق و ناوچەکە و گەلی کوردیش دیاری ئەکەن و کاریگەریی زۆر لەسەر سنوورەکانی جوولەی سیاسی بەجێدێڵن. ئەم بارودۆخە هەر لە ئێستاوە هەم چاڵێنج و هەم هەل بۆ بزووتنەوە سیاسیەکان بەرهەم دێنن.
خوێندنەوەی دروست بۆ ئەو ئاراستە سیاسیانە یا بەپێچەوانەوە پێداگری لەسەر هەوای ئاراستەی دڵخواز بەڵام نەکردە ونەگونجاو و پێداگری لەسەر ئەو دۆخە خوازراوەی کە تەرازووی هێز بواری بۆیان نەڕەخساندووە، هەریەکەیان پەرچەکردای جیاواز بەدوای خۆیاندا دێنن. ناسینی چاڵینجەکان و قۆستنەوەی هەلەکان سنوورەکانی هونەری سیاسەتکردن دیاری ئەکەن.
ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرچاوی کاڵی خەڵکی ناوچەکە ئەم شەڕەیان بەرپانەکردووە. ئەوان مەرامەکانی خۆیان ناشارنەوە بەڵام ناشتوانن بەدوای ڕووخانی ئێراندا هەموو زیندە وزە و ماتە وزەکانی تەقینەوەی بارودۆخی دوای ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە لەناو خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا کۆنترۆڵ و خەفە بکەن وئەو هێزە سیحریەیان نیە.
ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەو ئەگەرانەوە کە لە ئاسۆدان، جێی داخی هیچ کەسێکی ئازادیخواز نیە و ئەتوانرێ بکرێ بە هەلێك بۆ بووژانەوەی ڕۆڵی گەلانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوخەباتی نێوانیان و ئاودانەوەی نەمامی هیوا و ئامانجەکانی ئەوان.
عەدنان کەریم