لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن بۆ یەنار… ئەو ژنەی بە فیشەکیش بێدەنگ نابێت!

بۆ یەنار… ئەو ژنەی بە فیشەکیش بێدەنگ نابێت!

0 تێبینییەکان 134 بینینەکان
بەیانی رۆژی دووشەممە (٢ی ئاداری ٢٠٢٦)، هەواڵەکە وەک گوللەیەک بە مێشکمدا تەقییەوە. یەنار محەمەد… ئەو ژنەی قەڵغانی سنگی هەزاران ژنی چەوساوەی ئەم وڵاتە بوو، لەسەر شەقامەکانی بەغدا خەڵتانی خوێن کرا.
لەم ساتەدا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، فرمێسکی خەمێکی قورس و ئاگری تووڕەییەکی قووڵ لە ناخمدا تێکەڵ بوون. بۆ من، یەنار تەنها ناوێکی سیاسی، یان سەرۆکی ڕێکخراوێک و ئەندامێکی سەرکردایەتی نەبوو؛ ئەو دەنگی ئەو کچانە بوو کە لە تاریکیدا دەکوژران، پەناگەی ئەو کرێکار و پەراوێزخراوانە بوو کە سیستەمەکە بێبەزەییانە دەیهاڕین. دڵم دەسوتێت بۆ ئەو قوربانییانەی کە ئەمڕۆ گەورەترین پشتیوانی خۆیان لەدەستدا.
بەڵام لەپاڵ ئەم خەمەدا، ئەمەوێت چەند ڕاستییەک بڵێم کە لە دڵمدا کەڵەکە بوون:
ترسنۆکەکانی سەر ماتۆڕسکیلەکە!
کاتێک بیر لەو بکوژانە دەکەمەوە، باش دەزانم ئەوان تەنها دوو چەکداری هەڕەمەکی نین لەسەر ماتۆڕسکیلێک. ئەوان تارمایی تەواوی ئەم سیستەمە مافیایی و پیاوسالارانەن. ئەوان لە چەکەکانیان زیاتر، لە دەنگی تۆ دەترسان یەنار! تۆ نوێنەرایەتیی بەدیلێکت دەکرد کە درۆی هەموو ئەم دەسەڵاتدارانەی ئاشكرا دەکرد، بۆیە بڕیاریاندا بە فیشەک کۆتایی بەو مەترسییە بهێنن. دەیانویست بە کوشتنی تۆ، بوێریی هەموومان بکوژن.
دادپەروەری! لە بکوژەکان ناپارێمەوە
من زۆر لەوە تووڕەترم کە نوزانەوە بۆ ئەم حکومەتە بکەم تا بکوژەکانت بدۆزێتەوە و دادگاییان بکات. ئاخر چۆن جەلاد خۆی دادگایی دەکات؟ ئەم حکومەتە، میلیشیاکانی و ئەو سیستەمە ئۆلیگارشییەی دروستی کردوون، خۆیان باوکی ڕۆحیی ئەم تاوانەن. ئەوانن کە ژینگەیان بۆ ئەم تیرۆرە ڕەخساندووە. داواکردنی دادپەروەری لەوان، سووکایەتییە بەو خوێنەی تۆ کە ئەمڕۆ شەقامەکانی بەغدای سوور کرد.
بەڵێنێک لەبری فرمێسک…
یەنار گیان، جەستەت ڕۆیشت، بەڵام خەونەکانت لێرەن. من لێرەوە، وەک هاوڕێیەکت، بەڵێن دەدەم کە ئەم خەمە قورسە بکەینە هەوێنی دروستکردنی ئەو “جەمسەرە سەربەخۆیەی قوربانییەکان” کە هەمیشە خەباتت بۆ دەکرد. بەرەیەک کە نە دەبێتە کۆیلەی میلیشیاکان و نە پاشکۆی باڵیۆزخانەکان. بەرەیەک کە تەواوی ئەم سیستەمە بۆگەنە ڕادەماڵێت.
خەباتت لەپێناو مرۆڤدا، لە هەر کارگەیەک، لە هەر کۆڵانێکی هەژارنشین، و لە دڵی هەر ژنێکی ئازادیخوازدا بەردەوامە.
ماڵئاوا هاوڕێی ئازیز، ئارام بنوو، ئێمە شەڕەکە تەواو دەکەین!
زمناكۆ عزیز
0 FacebookTwitterPinterestEmail