لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت تورکیا لە جەنگی ئێران- ئەمریکا بەتەمای چییە؟

تورکیا لە جەنگی ئێران- ئەمریکا بەتەمای چییە؟

0 تێبینییەکان 127 بینینەکان
“دەرفەت‌قۆستنەوەی ستراتیژی”
لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تاراندا، سنوورەکان تەنها هێڵێکی جوگرافی نەبوون، بەڵکو هێڵی بەریککەوتن بوون لەنێوان دوو پڕۆژەی جیاوازی هەژموونگەرایی.
ئەگەرچی “پەیمانی قەسری شیرین” بۆ چەندین سەدە توانیویەتی جۆرێک لە سەقامگیریی ڕێژەیی بپارێزێت، بەڵام گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا چیتر پابەندی ئەو هاوسەنگییە کۆنە نییە. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا تورکیا چاوەڕێی ڕوخانی تەواوەتی ڕژێمی تاران دەکات، یان ستراتیژییەتەکەی لەسەر بنەمای “پێشوەختە داگیرکردن” داڕشتووە؟
لە کایەی جیۆپۆلیتیکدا، دەوڵەتە هەژموونخوازەکان تەنها چاوەڕێی کۆتایی هاتنی قەیرانەکان ناکەن، بەڵکو لەناو جەرگەی ئاڵۆزییەکاندا نەخشەی بەرژەوەندییەکانیان دەکێشن. تورکیا وەک دەوڵەتێکی میلتاریست و تەماحگیری ناوچەکە، مەرج نییە چاوەڕێ بکات تا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە تاران بە تەواوەتی دەڕوخێت ئینجا هەنگاوی داگیرکاری بنێت. ستراتیژیی تورکیا لەسەر چەمکی “بۆشایی هێز” کار دەکات؛ واتە هەر کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران لاواز بێت، ئەنقەرە ئامادەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لەو ناوچانەی کە بە “قوڵایی ستراتیژی خۆی دایان دەنێت سوپای بۆ بنێرێ بۆ داگیرکردن.
سیناریۆکانی دەستێوەردان و دروستکردنی ناوچەی هەژموون
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستا بکەین، چەند سیناریۆیەک هەن کە دەبنە سەرەتایەک بۆ جووڵەی سەربازیی تورکیا بەرەو ناو خاکی ئێران:
١. کشانەوەی ناچاری: ئەگەر سوپای ئێران و سوپای پاسداران بەهۆی فشارە دەرەکییەکان یان شەڕی بەرە بەرە، ناچار بن شارە سنوورییەکان چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچە ناوەندییەکان بکشێنەوە بۆ پاراستنی ناوەند .
٢. تێکشکانی پەیکەری فەرماندەیی: لە حاڵەتێکدا ئەگەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لەسەر سنوورەکان بکەوێتە ژێر لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تورکیا ئەمە وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینێت بۆ دروستکردنی “ناوچەی هەژموون” لەناو خاکی ئێراندا، بە هەمان مۆدێلی باکووری سووریا.
٣. ڕاپەڕینی جەماوەری و ناسەقامگیری: تێکچونی باری تەناهی بەهۆی ڕاپەڕینی ناوخۆیی، تورکیا دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشی تا بە پاساوی ڕێگریکردن لە کۆچبەری نایاسایی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، سوپاکەی تێپەڕێنێت.
ڕەهەندە جیۆستراتیژییەکان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز
ئامانجی تورکیا تەنها پاراستنی سنوور نییە، بەڵکو چەند ئامانجێکی هەژموون تەماحگیری لە پشت ئەم بیرۆکەیەوەن:
• ڕێگریکردن لە “کوردستانێکی یەکگرتوو”: گەورەترین مەترسی بۆ تورکیا ئەوەیە کە کوردانی ڕۆژهەڵات بتوانن قەوارەیەکی سەربەخۆ یان فیدراڵ دروست بکەن. تورکیا دەیەوێت بە داگیرکردنی شارە سنوورییەکان، رێگری لە هەر جۆرە یەکگرتنی جوگرافی یان سیاسی لەنێوان پارچەکانی کوردستان بکات .
• ڕێڕەوی زەنگەزوور و خەونی تورانیزم: ڕێڕەوی زەنگەزوور پرۆژەیەکی گواستنەوەی ستراتیژییە کە ئامانجی بەستنەوەی خاکی سەرەکی ئازەربایجانە بە هەرێمی نەخچەوان کە پارچەیەکی دابڕاوی ئازەربایجانە. ئەم ڕێڕەوە بە پارێزگای “سیونیک”ی ئەرمینیادا تێدەپەڕێت کە کورد و ئازەرییەکان بە زەنگەزوور ناوی دەبەن ئەنقەرە دەیەوێت لە ڕێگەی فشار خستنە سەر ناوچە ئازەری نشینەکانی ئێران، ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە ئازەربایجان و دەریای قەزوین بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕاندنی پەیوەندی وشکانی نێوان ئێران و ئەرمینیا.
• پلان و دەستێوەردانی پێشوەختە: مێژووی دەستێوەردانەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا، باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەنقەرە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە جیۆپۆلیتیکییەکانی، پێویستی بە مۆڵەتی کەس نییە، بەڵکو تەنها پێویستی بە “ساتەوەختی لاوازی” بەرامبەرەکەی هەیە.
کورتەی قسە؛ تورکیا چاوی لە “پاش- کەوتنی تاران” نییە، بەڵکو چاوی لە “کاتی لاوازیی و شڵەژانی” تارانە. هەر جۆرە لەرینەوەیەك لە دەسەڵاتی مەرکەزی ئێران کە نزیکتری بکاتەوە لە خاڵەکانی نەمانی کۆنتڕۆڵ، دەبێتە مۆڵەتی فەرمی بۆ سوپای تورکیا تا پێکهاتە سەربازییەکانی (سوپای فەرمی بێت- یان میلیشیای دروستکراو بێت) بخاتە ناو خاکی ورمێ و ناوچە ستراتیژییەکانی تری ڕۆژهەڵات.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکەین کە جوڵەکانی تورکیا لە سووریا و عێراق، تاقیگە بوون بۆ تاقیکردنەوەی کاردانەوەی نێودەوڵەتی. تورکیا فێربووە کە “دیفاکتۆ” بەهێزترین چەکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بۆ ئەنقەرە، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بایەخێکی ئەوتۆی نییە ئەگەر لە بەرامبەردا بتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی “قەوارەیەکی کوردی” بکات یان ڕێڕەوی گەیشتن بە جیهانی تورکی یان جوگرافیای تورکنشین مسۆگەر بکات. تورکیا بۆ داگیرکاری پێویستی بە تێپەڕبوونی کات نییە، بەڵکو پێویستی بە کشانەوەی تەنها یەک هەنگاوی سوپای ئێرانە بۆ ئەوەی “نەخشەی نوێی ناوچەکە” بە خوێن و ئاسن بکێشێت.

ڕزگار عومەر

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە