لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا ئێران لە گەروی تۆفاندا!

ئێران لە گەروی تۆفاندا!

0 تێبینییەکان 154 بینینەکان
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
کەشو هەوای سەربازی و سێبەری هەڕەشەی جەنگ لە کەنداوی فارس چیتر تەنیا نیشاندەری مانۆڕێکی ئاسایی نییە بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسی، وەرگرتنی هەندێک ئیمتیازی تاکتیکی نییە. جووڵەی کەشتیگەلە جەنگییە مەزنەکان، جێگیرکردنی پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگری موشەکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی جەنگی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، نیشاندەری وەرچەرخانێکی ترسناکە لە دکتۆرینی سەربازیدا. ڕۆژئاوا لە قۆناغی دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی و دیپلۆماسی ساردەوە بەرەو قۆناغی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسساز هەنگاو دەنێت. ئەم کۆبوونەوە سەربازییە بێوێنەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە لە لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە.
ئێران وڵاتێک بە پانتاییەکی جوگرافی و مێژوویی مەزن و خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی زۆر گرنگ لە ناوچەکەدا، نزیکەی نیو سەدەیە لە بازنەیەکی داخراوی سیاسی و ئابووری و کولتووریدا و لە چنگی دواکەوتوویی و دیکتاتۆرییەتی بۆرژوا ئایینیدا دەستبەسەر کراوە. چل ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکار و خەڵکی ئێران بە هیوای دەستکەوتنی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی باشتر دەستیان دایە شۆڕشێکی گەورە، بەڵام ئەنجامەکەی ڕادەستکردنی چارەنووسی وڵات بوو بە یەکێک لە توندڕەوترین و سەرسەختترین بزووتنەوە سیاسی و ئایینییەکانی مێژووی هاوچەرخ کە دۆزەخێکی چەندین ساڵەی لە بێمافی و سەرکوت و کۆنەپەرەستی و خوێن داسەپێنرا تا خەون و ئارەزوی ئازادی و ژیانێکی باشتر و دەستبردن بۆ شۆڕش و ئاڵوگۆڕ لە بیر چینی کرێکار و بێبەشاننی کۆمەڵگە بچێت و ئێران وەک هەروڵاتێکیتر دنیای ڕۆژهەڵات تا کۆتایی حەوزەی کاری هەرزان و کرێکاری بێدەنگ بمێنێتەوە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەندین دەیەی پڕ لە سەرکوت و چەوسانەوە و داماویەکی مەزهەبی، چینی کرێکار و سکولاریزمی کۆمەڵگەی ئێران، گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و ئامادەیی بۆ ڕزگاربوون لەم بەدبەخیتیە. بزووتنەوە گەورە سکولارەکان و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان، مانگرتن و هاتنەمەیدانە میلیۆنەکان نیشاندەری ئەوەن کە خەڵک و چینی کرێکار و نەوەی ئێستا دەیانەوێت مێژووی خۆیان بە دەستی خۆیان بنووسنەوە و لەم کۆنەپەرەستیە ڕزگاریان بێت.
بەڵام ڕێک لەم قۆناغە هەستیارەدا هەورێکی ڕەش و سامناک ئاسمانی ئەم هیوایەی داپۆشیوە کە ئەویش مەترسی دەستێوەردانی سەربازیی ناتۆ و هێزە جیهانییەکانە. ئەم زریانە تا ئەوەی هەڕەشە بێت لەسەر ئەو کیانە نامۆ و دژە ژیانەی ئاخوندەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر خەونەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بۆ ڕزگاریەکی متمدنانە و ئازادیخواز، چونکە دەکرێت پرۆسەی ڕزگاریی ناوخۆیی ئەو دەرفەت و پۆتانسێڵە گەورەیە کە بۆ ئاڵۆگۆڕێکی سکولار و ئازادخوازانە لە دڵی ئەو کۆمەڵگەیە دا پێکهاتون بە هەوادا بەرێت و ئەو خەون و ئارەزوە بگۆڕێ بە کابوسی وێرانکارییەکی درێژخایەن و مۆتەکەیەکی نوێ کە تێیدا ئیرادە و خەونی ئەو خەڵکە لەژێر پێڵاوی قوڵە دیکتاتۆر و ئەمیرانی جەنگ و تەقینەوەکان و خوێن و وێرانکاریەکی تری گەورەی مەدەنییەت، بۆ چەندین دەهە بخاتە ژێر خاکەوە.
بە هەرحاڵ کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا لە گەروی گەردەلولێکی تری ڕەشدایە. لە لایەک ڕژێمێکی سەرسەختی ئیدۆلۆژیکی دژی ژیان و مەدەنیەت کە توانای هیچ چاکسازییەک و هیچ سازشێکی لەگەڵ کۆمەڵگە و پێداویستی خواستی گەورەی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ ژیان و چارەنوسێکی متمدنانەی نییە و لە لایەکی ترەوە هێزە ئیمپریالیستەکان و ئەمریکا و ئیسرائیل کە دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژنەوە. لەم نێوەندەدا گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە خەباتی ڕەسەنی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران بۆ ئازادیەکی متمدنانە و سکولار ببێتە قوربانی یارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم سەردەمەی دنیای سەرمایەداری. ئەگەر ئەم زریانە هەڵبکات، چەندان دوور نییە نەک تەنیا دواکەوتوویی و بەدبەختیە کۆتایی نەیەت، بەڵکو هەر ئێستا چەلەبیەکانی عێراق و فیدڕالیچیە قەومیەکان سەرەیان گرتوە تا ئەرکی پارچەپارچەکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە بگرنەئەستۆ، هەر ئێستا چەقۆکێشانی لایەنگری بازاڕ و بانقی نێو دەوڵەتی لە بزوتنەوەی بەدناوی سەڵتەنەت تەڵەب خەریکن تەمرینی داسەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی تری بۆرژوایی دەکەن و پەلاماری هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی کرێکاریی کۆمەڵگە و خواست و دروشمە ڕەسەنەکانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش دەدەن، پەلاماری ئازادی دەربڕین و دەرکەوتنی سەربەخۆی جوڵانەوەی سۆسیالیستی کرێکاریی و چینایەتی دەدەن. ڕیزی سەرخۆی چینایەتی بە خیانەتی میللی لە شا و میللەتی زمانبەستراوی شای داهاتویان وەسف دەکەن. هەموویان بە تەمان لە دڵی وێراکاریەکی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی تر لە دڵی مێژوو دا لە دڵی میلیتاریزمێکی تری خوێناویدا، خەونی گەیشتنیان بە میوەی دەسەڵات بەر بگرێت.
ئیتر لەم ئان و ساتە لە مێژوودا و لە دڵی ئەم گەردەلولە کە خەریکە هەڵدەکات، پاراستنی ئیرادەی سەربەخۆی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و تێنوی ئازادی و ژیانێکی خۆشبەخت و ڕێگریکردن لەوەی زریانی دەرەکی جێگەی شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی متمدنانە بە دەستی چینی کرێکار و سکولاریزم و ئازادیخوزازی هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵگەیە بگرێتەوە، گەورەترین تەحەدا و ئەرکی مێژوویی بەردەم تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانیی و جۆڵانەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکار و سکولاریزمی ئێرانی ئەمڕۆیە.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە