Table of Contents
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ هۆشداریدا، کە پشتگوێخستنی هەندێک نیشانەی بچوک کە ڕۆژانە لە دڵەوە دەنێردرێن، ڕەنگە ببێتە هۆی خراپتربونی کێشە تەندروستییەکان و مەترسی توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان زیاد بکات.
زۆرجار دڵ ئاگادارکردنەوەی دەدات پێش ئەوەی کێشە بچوکەکان گەشە بکەن بۆ کێشەی گەورەتر. لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئاسانە هەندێک نیشانە کە لەلایەن دڵەوە دەدرێن پشتگوێ بخرێن، وەک لێدانی سوک، ماندوێتی و ناڕەحەتییەکی کەم. بەڵام ئۆلیڤیێ گۆتمان، ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی وێلینگتۆن لە لەندەن، چوار نیشانەی وردی خستەڕو کە نابێت پشتگوێ بخرێن.
ئازار یان ناڕەحەتی لە سنگدا
گۆتمان ڕونیکردەوە، کە ئازاری سنگ ناسراوترین نیشانەی ئاگادارکەرەوەیە بۆ کێشەکانی دڵ، و دەتوانێت سوک، یان پچڕپچڕ بێت. هاوشێوەی هەستێکی پەستان، یان قورسایی، یان تەنگەژەی سنگە، هەندێک جار وەک هەستکردنە بە ئازارێک کە بڵاودەبێتەوە بۆ قۆڵ و مل و شەویلگە، یان پشت.
پزیشکەکە وتی، ئەوە جەڵتەی دڵ نییە، بەڵام نیشانەیەکی نەخۆشی خوێنبەرەکانە، و هەروەها مەترسی توشبون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات، ئەگەر بێ چارەسەر بمێنێتەوە. نیشانەکانی بریتین لە دڵتێکەڵهاتن و ئارەقکردنەوە و گێژبون، یان هەستکردن بە دڵەڕاوکێ.
تەنگەنەفەسی
گۆتمان دەشڵێت، “ئاساییە دوای وەرزشێکی قورس هەست بە تەنگەنەفەسی بکەیت، بەڵام تەنگەنەفەسی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە ڕۆتینییەکاندا ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە دڵ هەوڵدەدات خوێن بە شێوەیەکی کارا پاڵپێوە بنێت”.
پزیشکەکە ئاماژەی بە نیشانەکانی دیكەی ئاگادارکەرەوە کرد، وەک نەتوانینی هەناسەیەکی قوڵ لە کاتی دانیشتن، یان پێویستی بە سەرینی زیادە بۆ خەوتن، یان لەناکاو لە خەو هەڵسان بەهۆی کێشەکانی هەناسەدان.
گۆتمان هەندێک نمونەی خستەڕو، وەک ئەستەم بونی سەرکەوتن بەسەر قادرمەیەکدا کە پێشتر ئاسان بوە، یان هەستکردن بە ماندوێتی لە کاتی ڕۆیشتن بەناو ژورەکەدا، یان ئەستەم بونی هەناسەدان لە کاتی چەمانەوە بۆ بەستنی پێڵاو.
وتیشی کە ئەم نیشانانە ڕەنگە ئاماژە بن بە کۆبونەوەی شلە لە سییەکاندا، حاڵەتێک کە زۆرجار پەیوەندی بە سستبونی دڵەوە هەیە.
ماندوێتی و بێهێزی
هەموان هەست بە ماندوێتی دەکەن، بەڵام ماندوێتی پەیوەست بە دڵ بەردەوام و توندە، كە بەوتەی گۆتمان ڕەنگە ئەمە ڕوبدات، چونکە دڵ بڕێکی پێویست لە خوێنی دەوڵەمەند بە ئۆکسجین ناگەیەنێتە ماسولکە و ئەندامەکان.
ناڕێکی لێدانی دڵ
گۆتمان ئاماژەی بەوەدا کە لێدانی دڵ بە تەواوی ڕێکنییە، ئاماژەی بە پێویستی سەردانیکردنی پزیشک کرد لە کاتی هەستکردن بە لەرزین لە سنگدا، یان لێدانی لەناکاوی دڵ، یان خێرا بونی لێدانی دڵ لە کاتی پشودان.
نیشانەکانی ناڕێکی لێدانی دڵ بریتین لە هەستکردن بە لەرزین لە کاتی خوێندنەوە یان دانیشتن، یان خێرا بونی لێدانی دڵ لەگەڵ هەستکردن بە گێژبون یان سوکی سەر.
ڕونیکردەوە کە ناڕێکی لێدانی دڵ دەتوانێت نیشانەی توشبون بە جەڵتەی مێشک و سستبونی دڵ زیاد دەکات. هەندێک ناڕێکی ڕەنگە بێ زیان بن، بەڵام پچڕپچڕ یان حاڵەتە توندەکان دەبێت بە بەکارهێنانی نەخشەی دڵ، یان تاقیکردنەوەکانی تری چاودێریکردنی دڵ هەڵسەنگێندرێن”.