پیشەی ڤڵۆگەر بەواتای بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ دێت، ماوەی زیاتر لەمانگێکە هەڵمەتێک لەدژی ڤڵۆگەرو کۆرسچییەکان گیراوەتەبەر لەکوردستان، ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەرکردن بووەو وایکردووە ئاوێنە بەدواداچونی ورد بکات، وتنەوەی کۆرسەکانە لەلایەن ڤڵۆگەرو کەسانێک کە “هیچ بڕوانامەیەکی دانپێدانراویان نییە”. جگە لەوەش لەکۆرسەکاندا “یۆگا” بەکارهێنراوەو بەپێی قسەی قوربانیەکان باسی “بانگکردنی جن” کراوە، کە بەهۆیەوە دەروونیان شێواوە.
نازێ، ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵی دانیشتووی هەولێرەو سەڵتە، ئەو بەوردی باسی چۆنیەتی بوون بەقوربانی خۆی بۆ ئاوێنە دەکات بەهۆی ئەو کۆرسانەی کە رێکلامیان بۆ کراوە یاخود لەمیانی ڤیدیۆی ڤڵۆگەرەکانەوە بینیویەتی. وێڕای ئەوەی نازێ دڵخۆشی خۆی نەشاردەوە کە ئەومان وەکو قوربانی دۆزیوەتەوە، دەشڵێت “ئەوەی دەیڵێم لێی بەرپرسیارم لەدنیاو قیامەت”.
ئەو باسی یەکێک لەکۆرسەکان دەکات کە بە١٠ هەزار کڕیویەتیو مامۆستاکەش پیشەی ڤڵۆگەرەو ناوی (د)یە، نازێ بەئاوێنەی وت “باسی (راهێنانی ٣٦٩)ی دەکرد کە دادەبڕێیت لەژیانە راستییەکەو دەکەویتە خەیاڵێکی قوڵی “وەهمیی”ەوە، منیش لەسەر ئەوە نامەم بۆ نارد”.
نازێ باسی سێ کۆرسچی دیکە دەکات کە چۆن تەندروستیان تێکداوە، ئەو وتی “من کۆرسەکانی (ل)و (چ)و (ک)ـشم دیووە، باری تەندروستیم زیاتر بەهۆی ئەوانەوە خراپبوو، خانمێکی خواپەرست بوومو زۆر لەئایین دووریانخستمەوە، چونکە ڕقم لەخێزانەکەم دەبووەوەو توشی ترسێکی نامۆش بووم، هەروەها لەسوڕی مانگانە توشی خوێنبەربوون بووم چونکە نەمزانیبوو ئەو کۆرسانە بۆ ئەو حاڵەتە خراپە، دکتۆر پێیوتم؛ توشی شڵەژانی دەروونییو ترێسو ترسێکی زۆربوویت”.
وتیشی “کۆرسی (ل) لەهەموویان زیاتر زیانی لێدام، چونکە بەئاشکرا رادەستی شەیتانی کردینو بە’سحر’ دەهاتە نێو ناخمانەوە، لەوانەیەکدا پێیوتین؛ رێگە دەدەن بێینە نێو مێشکو ناختانەوە، رێک هەستمکرد کە شتێک هاتە نێو گیانمو راستەوخۆ ئیفلیجی کردین. پێماندەوت؛ واین!، دەیوت؛ هیچ نییە ئاساییە چونکە میدیتەیشنێکی قوڵ بووەو ئەوان ئیشیان بۆ کردوون”.
ئەو باسی (بانگکردنی جنۆکە) دەکاتو ئاشکرایکرد “(ک)و (ل) وشەی سەروو سروشتیان بەکاردەهێنا، دوای ئەوە تینوومان دەبوو لەگەڵ سەرمان زۆر دەئێشا، دەیانوت؛ بنون!، یەکێک لەو میدیتەیشنانە کە بەکاریهێناوەو بیرم ماوە، (ل) وتی؛ ئەگەر دەتەوێت زۆر جوان بیت وەکو کیلۆپاترا بەوشەیەکی وەهمی رۆحی کیلۆپاترای دەهێنایە نێو ناختو جوانیەکەی پێدەبەخشیت، کۆرسەکانی بە١٠٠$ بوو، کۆرسی (چ) کە کۆرسی (ئێکسس بارس)ەو لەهۆتێلەکان پێشکەشیدەکرد؛ پارەیەکی زۆری وەردەگرت. (ل)و (ک) لەبەرئەوەی کەسانێکی زۆر بوونە قوربانی، چەناڵەکانیان داخست”.
لاوی، ناوی خوازراوی قوربانییەکی دیکەی تەمەن ٢٤ ساڵەو هاوسەرگیری کردووەو لەهەولێر دەژی، وەک خۆی دەڵێت، “قوربانی دەستی ڤیدیۆکانی کۆرسچیی (م)ەو کوڕەو نەبڕوانامەی هەیە نەفڕی بەبوارەکەوەیە، سکاڵاشم تۆمارکردووە، بەڵام پەیوەندیم پێوەنەکراوە”.
لاوی بەئاوێنەی وت “من دڵم زۆر پڕە، کێشەی دەروونی من دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا، ئەو کەسەیە سەرەتا بەبۆن خەڵکی راکێشا بەخانمانی دەوت؛ ئەم بۆنە بەکاربهێنن (سێکسی)تان دەکات، لەدوای ئەوەوە ڤیدیۆی سایکۆلۆژی دادەنا یان مۆتیڤەیشنو دواتریش کۆرس. ڤیدیۆکانی ئەم کوڕە بەجۆرێکە بەپێچەوانەی وانە سایکۆلۆژییەکانی پسپۆڕانە. دەیوت؛ خانمی باش نەماوە پیاویش بۆیە هاوسەرگیری ناکات چونکە هەموویان پەیوەندی ‘سەرجێیان’ هەبووە، وردە وردە وایلێکردم بەتەواوی رقم لەرەگەزی بەرامبەر بێتەوە تەنانەت خێزانو دایکیشم”.
ئەو سەبارەت بەشڵەژانی دەروونی خۆی، وتی “ئەو ڤیدیۆیەی کە بەتەواوی دەروونی تێکدام لەمۆبایلی خێزانم بینیم دەیوت؛ (ئەگەر پیاو خیانەت بکات ملی بشکێت خەتای خۆیەتی، بەڵام ژنەکە خیانەت بکات هەر خەتای پیاوەکەیە!)، لەدوای ئەوەوە کێشەی خێزانی زۆر گەورەی بۆ دروستکردم، دوو ساڵە بە بەردەوامی کێشەم لەگەڵ ژنەکەم هەیەو؛ دایکو براو خوشکیشم حاشایان لێکردووم”.
ئاوێنە پرسی چۆن ڤیدیۆ بەوجۆرەیە کاریگەری دروستدەکات؟ لاوی وتی “ئەو کاتێک ڤیدیۆکانی دادەنێت دەیتەقێنێتەوەو راتدەکێشێت! تاکو ڤیدیۆ لەدوای ڤیدیۆ سەیربکەی، بەدەست خۆم نەبوو تا گەیشتە شەوێک هەستم بەئازارێکی زۆری سەرم کرد چونکە هێندە بیرم لەقسەکان کردبووەوەو مێشکم دەیوتەوە؛ بروسکێک لەسەریدام، بەدرەنگانی شەو رامکردە دەرەوە هاوارمکردو بەهۆیەوە دراوسێکانیشمان هاتنە دەرەوە، یەک هەفتە خەوم لێنەکەوت، دکتۆری دەروونی نەخۆشییەکەمی بە(پانیک ئەتاک) دەستنیشانکرد، بیرم نایە کەی پێکەنیمو چونکە چەندینجار هەوڵی خۆکوشتنم داوە”.
هۆکاری دروستکردنی هەڵمەت دژی ڤڵۆگەرو کۆرسچییەکان چیبوو؟
ئاوێنە لەبەدواداچوونەکانیدا هۆکاری دروستبوونی هەڵمەت دژی ڤڵۆگەرو کۆرسچییەکان لەسۆشیاڵ میدیا لەرێگەی پەیجی فەیسبوکی هاندەرانی ڕیاڵ مەدریدو کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کە ناسراوە بە”شێرە” ئاشکرا دەکات، شێرە بەئاوێنەی وت “سوپاس کە بەبێ لایەنگری گفتوگۆم لەگەڵ دەکەن، من کوڕمو لەسلێمانی دادەنیشم، ڕاستە پەیجەکەم زیاتر وەرزشی بووە، بەڵام هەمیشە لەپاڵ وەرزشەکە ویستوومە کۆمەڵگە هۆشیار بکەمەوە”.
شێرە توڕەیی چیرۆکێک هانی دەدات هەڵمەت دژی ڤڵۆگەرو کۆرسچییەکان دەستپێبکات، وەک خۆی وتی “کاتێک چیرۆکی خانمێکم بیست کە تازە هاوسەرگیری کردبوو، بەهۆی کاریگەری ئەم ڤڵۆگەرانەو ڤیدۆکانیان داوای لەهاوسەری کردووە وەک ئەوان ڤیدیۆ بکاتو هاوسەرەکەی رازی نابێت؛ جیادەبنەوە”.
وتیشی “کۆمەڵێک ڤڵۆگەر لەچکو ئاین وەکو وەسیلەیەک بۆ ڕێکلامو ڤیوو بازرگانی بەکاردەهێنن. هەروەها فێرخواز بەهۆی ئەو کۆرسانەوە بەپارەیەکی زۆر؛ تووشی حاڵەتی جیابوونەوە بوون. راستە رەخنەکانم توندن، بەڵام دەمویست بەکەمترین ماوە زۆرترین کاریگەری هەبێتو ئامانجی خۆشی پێکا. ئەم هەڵمەتەشم وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی بینییوە”.
شێرە باسی هەڕەشەکانی کرو وتی “هەڕەشەی توندم لێکراوە، بە١٠ بۆ ١٥ هەزار دۆلار پەیجەکانیان سوتاندوم، پارەیەکی زۆریشم بۆ پێشنیار کرا کە دەستهەڵگرم بەڵام رەتمکردەوە”.
لای خۆشییەوە حەبیبە کە یەکێکە لەو ئەکاونتانەی لەئینستاگرام دژی ڤڵۆگەرەکانو کۆرسچییەکان زانیاری بڵاودەکاتەوە، لەلێدوانێکیدا بۆ ئاوێنە رونیدەکاتەوە، هەڵمەتەکەی لەمانگی رەمەزانی ئەمساڵەوە دەستپێکردووەو بەدیاریکراوی لەیەکێک لەپڕۆگرامە تەلەفزیۆنییەکاندا کە ڤڵۆگەرێک بەناوی (د) “زۆر ناشرین قسەیدەکرد پۆستم لەسەریکردو پاشان بلۆکیکردم. لەدوای ئەوەوە بەڵگەو فیدباکی زۆر خراپو ریکۆردی کۆرسەکانیان بۆ ناردمو پێیانوت؛ پارەخۆرەو کۆرسەکانی هیچ سودێکی نەبووە. لەبەرامبەردا وتبووی؛ خواردمو عافێتم بێت. بەبەشدارنەبووانی دەوت؛ ژنە فاشلەکان”.
وتیشی “دووجار هەڕەشەی سکاڵام لێکراوە، چونکە پێشبینیان نەدەکرد بەوجۆرەیە ببێت بەکەمپەین، تاکە بەربەست لەبەردەممان ریپۆرتەکانە”.
حەبیبە هەندێک لەڤڵۆگەرەکان بە”سواڵکەری مۆدێرن” ناوبردو وتی “هیچ بەرپرسێک هەڕەشەی لێنەکردوومو واشی نابینم ئەوان لەپشتی کۆرسچیەکان بن، هەروەها من بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هێرشەکانم بۆ سەر باڵاپۆشەکانە”.
ڤڵؤگەرێک: ئەو ڤیدیۆیانەی لەگەڵ هاوسەرەکەم دایدەنێم، دەمەوێت بەپیاوان بڵێم کە سروشتی ژن چۆنە!
ڤڵۆگەرێک بەناوی (لادی سۆزیار) کە ماوەی ٩ ساڵە هاوسەرگیری کردووەو سەرپەرەشتی ئەکاونتێکی دیکەش دەکات بەناوی (دایکی ستێلا) لەئینستاگرام، لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا وتی “ئێمە بەهیچ جۆرێک بازرگانی بەپیشەکەمانەوە ناکەین، ئەوە ئێمەین توانیومانە کۆمەڵگا لەزۆرشت هۆشیار بکەینەوە”.
لەبارەی ئاکتینەکانیشی لەگەڵ هاوسەرەکەی، ناوبراو وتی “ئەو ڤیدیۆیانەی لەگەڵ هاوسەرەکەم دایدەنێم ئامانجم ئەوەیە بەپیاوان بڵێم؛ سروشتی ئافرەت چییەو چۆنە، چونکە هەمیشە دەڵێن ئێمە لەخانمان تێناگەین، نازانم خراپی ئەم ڤیدیۆیانە لەچیدایە؟ هەروەها لەژیانی تایبەتیمدا شتانێکی ئەوەنە جوانی تێدایە دڵم نەهاتووە داینێم لەبەر دڵی ئەو خانمانەی کە هاوسەرەکانیان وانییە”.
سۆزیار نەیشاردەوە کە بڕوانامەی لەبواری دەروونیو ڕاوێژکاریدا نییە، بەڵام بەوتەی خۆی حەزەکە وایکردووە خۆی دەوڵەمەند بکات تیایداو وتی “ئێمە هاتووین شوێنی ئەوانەمان پڕ کردووەتەوە کە حەزیان بەپیشەکەیان نییە؛ هیچ هەڵەیەکیش لەمەدا نییە، بەڵام هیچ کۆرسێکم نەکردووەتەوە”.
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەداهاتی سۆشیاڵ میدیا ناژین، بەڵکو کاری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام “لەپای ئەو وزەیەی لەسۆشیاڵ میدیا خەرجیدەکەین مافی خۆمانە داهاتی لێوە پەیدابکەین، بۆیە پیشەکەمان شایەنی ئەو هەڵایە نەبوو. لەسەرئەو هەڵمەتانەش هیچ سکاڵایەکم تۆمار نەکردووە؛ هەموویم هەڵگرتووە بۆ خوا گیان، چونکە بوهتانو جنێو تاکو لەکەدارکردنی شەرەفیشیان بۆ کردووم”.
سۆزیار دەربارەی هاوسەکەرەی، وتی “من بەزۆر ڤیدیۆ بەهاوسەرەکەم ناکەم، بەڵکو بەگەنجی حەزی بەئەکتەری بووەو تەنانەت جارێکیش بۆ فیلمێک هەڵبژێردرا. ئێستا حەزەکەی لەڤیدیۆکانی من نمایشدەکات”.
سۆزیار ئەوە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن بەرپرسانەوە ئاڕاستە کرابنو وتی “گەر وابوایە لەپێگەیەکی دیکە دەبووم، هاوسەرەکەم لەبنەماڵەیەکی زۆر دەوڵەمەندن. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا نیم لەچک بۆ مەرامی کەسی بەکاربهێنرێت، بۆیە پێموایە کە بەوجۆرەیە تەرکیزکراوەتە سەر لەچک بەسەر سیاسەتێکی لەپشتەوە بێت”.
جێی ئاماژەیە، ئاوێنە بۆ دڵنیابوون لەشێوازی وتنەوەی کۆرسی ڤڵۆگەرانو نرخەکەیو یۆگای دروست، پەیوەندیکرد بە(د)و (چ)و م. مەحمود شێرزاد، سەرۆکی ماڵی یۆگای هەناسەیە لەسلێمانیو چەندین ڤڵۆگەری دیکە، بەڵام ناوبراوان ئامادەنەبوون قسەمان بۆ بکەن.
ڤڵۆگەرەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خێزانییان هانا بۆ کۆمەڵناسەکان دەبەن
د.بەختیار کەمال تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ لەرووی کۆمەڵناسییەوە بەئاوێنەی وت “هەموو خێزانێک روویانکردووەتە راوەدونانو هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ خێزان، پیاو لەژن ناپرسێتەوەو ژنیش بێتاقەتو بێزارە، لەولاوە کەسێکی دیکەش پەیدا دەبێت دەڵێت؛ وەرە کاکە من ئاشتت دەکەمەوە لەگەڵ خۆتو کۆرسێکی ٢٠ کاتژمێری بۆ دەکاتەوە”.
وتیشی “بەڕاستی دایکو باوکو پیاو تاوانبارە کە ژن بەوجۆرەیە بێتاقەتە؛ حکومەتیش تاوانبارە کە سانسۆری نییە بۆ راگەیاندنو پەیجو سایت، دەفەرموو بڵێ من دەروونم نائاسودەیە لەو سلێمانییە بزانە سەنتەرێک هەیە بڕۆی، یان دەبێت پارە بدەی لەکاتێکدا ئەویش ئامادە نییە نیو کاتژمێر بۆ کاتژمێرێک قسەت بۆ بکات، بەناچاری هانا بۆ داروبەرد دەبەن کە دوو قسەی خێریان بۆ بکەن”.
بەختیار تاڵەبانی جەغتی لەوەش کردەوە کە “ڤڵۆگەر هاتووە کێشەی خێزانیان هەبووە چۆن منداڵەکەی کێشەی هەیەو هاوکاری بکەین، هەرچەندە ئەمەش ئاساییە”.
پیشەی ڤڵۆگەر بەواتای بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ دێتو بڵۆگەریش کورتە بابەت لەپەیجو سایت. بەوتەی ئەو “سیاسییەکانمان لەڤڵۆگەرەکان زیاتر ڤیدیۆو کورتە بابەتیان هەیە. کێ ناڵێت ئەم بەزمو ڕەزمە حکومەت خۆی نییە تاکو خەڵک سەرقاڵ نەبن بەمووچەوە”.
لایخۆشییەوە م. تریفە جەلال، شارەزا لەبواری راهێنانی پەروەردەیی لەلێدوانێکی تایبەتدا بەئاوێنەی وت “ئەوانەی ژیانی خۆیان نمایش دەکەن لەڕاستیدا ژیانیان بەوجۆرەیە خۆش نییەو خۆیان هەڵدەخەڵەتێنێت، هەروەها هاوسەرگیری لای خەڵک ئاسان دەردەخەن”.
م. تریفە پشتگیری پەیامی ڤڵۆگەرەکان دەکات “گەر بەسود بێت بۆ کۆمەڵگە”، بەڵام ناوبراو ئەو ڤیدیۆیانەی کە پەیامی چوونە بازاڕو خواردنو ژووری نوستن نیشاندەدات بە”ناوەڕۆکێکی پوچو هیچگەرایی” دادەنێت.
ئەو راهێنەرە نمونەیەک لەسەر ڤڵۆگەرەکان باسدەکاتو دەڵێت “جارێکیان کچێک کە پیشەکەی قسەکەر بوو لەسۆشیاڵ میدیا، پێموت چۆن چۆنی قسە بۆ خەڵک دەکەیت؟ وتی؛ مامۆستا من کتێبێکم لایەو لەبەردەمی خۆمدا دایدەنێم هەندێک شتی لێدەخوێنمەوە ئەوە باسدەکەم! پێموت باشە کە هیچ بڕوانامەو ئەزمونو پسپۆڕییەکت نییە ئەمە کارەساتێکی زۆر گەورەیە! دروستکردنی کەسایەتی بەکتێبێک نابێت، هەروەها ئایا ئەوانەی باسی دەکەی لەخۆتدا هەیە؟ بەڕاستی ئەمە قۆڵبڕینی خەڵکە”.
م. تریفە ژیانی ڤڵؤگەرو کۆرسچییەکان بەوە وەسف دەکات کە لە”وەهمدا دەژین”، چونکە “بەنەمانی خۆیان یەکسەر هەموو کارەکانیان دەوەستێت، بۆ؟ چونکە هیچ پەیامێکیان نییە؛ لەدوای نەمانیشیان کەس نییە جێ پێیان هەڵبگرێت، لەبەرئەوەی شتێکی خۆهەڵخەڵەتێنەرو گرێیەکی خۆ بەپاڵەوانکردنەو دوایش هیچ دەرەچێت”.
د. کەریم قەرەچەتانی: ئەم ڤڵۆگەرو کۆرسچیانە سلێمان هەڵشۆیینو کەسانێکی نێرگزین
ئاوێنە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریو وانانەی دەوترێنەوە چەند ڤیدیۆو وانیەک بۆ د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕ دەرونزانی نیشاندەداتو ناوبراو لەڕووی زانستییەوە بەئاوێنەی وت “ئەو ڤیدیۆیانە هیچی بنەمایەکی زانستییان نییەو پشتی بەهیچ زانستێکی دیاریکراو نەبەستووە، چ دەروونیو چ کۆمەڵایەتی. لەدەروونییدا ئێمە نەزەریاتو تیۆرو گریمانەکانمان هەیە لەگەڵ فەرەزیات، ئەو کەسانەش بەناوی گەشەپێدانی مرۆییەوە چەند سەرچاوەیەک دەخوێننەوە لەگەڵ هەندێک زانیاری تێکەڵی دەکەنو دەیڵێنەوە!”.
ئەو ئاماژە بەوەدەکات کە سەرکەوتن لەژیان بنەمای تایبەتی خۆی هەیە، لەبارەی ڤڵۆگەرەکانیشەوە دووپاتی دەکاتەوە کە کارەکەیان بازرگانییەو رێکلام بۆ جلوبەرگو چێشت دەکەن، قەرەچەتانی وتی “ئەوانە کەسانێکن کاتیان زۆر هەیەو بێئیشنو دەیانەوێت بازرگانی بکەن، ئەم ڤیدیۆیانەش ئەوانە تەماشایان دەکەن کە لەرووی دەروونییەوە کێشەیان هەیە یاخود فەراغێکی زۆریان هەیە نازانن چۆن پڕیبکەنەوە، ئەوانە کەسانێک لەسەر بێ عەقڵی کەسانی دیکە دەژین”.
وتیشی “ئەوەی زمانزانو ئەندازیار یان پارێزەرە؛ بۆی نییە بەوجۆرەیە بەناو بکەوێ!، ئەمجۆرە کەسانە وەکو سلێمان هەڵشۆییەکانەو یاریو گاڵتە بەوشەکان دەکەن. بۆ دانانی یاسایەکیش دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری چەند پسپۆڕێک لەگەڵ ئەوانەدا دابنێتو وشە بەوشە شیتەڵ بکرێت کە چەندێکی زانیستیەو چەندێکی نازانستی، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار خەمساردن”.
ئەو پسپۆڕە دەروونییە لەم راپۆرتەی ئاوێنەدا کێشەی دەروونی ڤڵؤگەرو کۆرسچییەکان ئاشکرادەکاتو دەڵێت “ئەو کەسانەی ئەو کارەیە دەکەن مەرج نییە نەخۆشی دەرونییان هەبێت، ئەوانە لادانی کەسیەتی واتە (نێرگزی)ن؛ کە عاشقی خۆیانن بەوە دەروونیان ئارام دەبێتەوە”.
پۆلیس داواکاری بەرزکردووەتەوەو داواکاری گشتیش چاوەڕێی سکاڵایە
نەقیب سەرکەوت، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بەئاوێنەی راگەیاند “دوو حاڵەت هەیە هەندێکجار هاوڵاتی خۆی دێت سکاڵا تۆمار دەکات، هەندێکجاریش ئەگەر بابەتەکە بزانین بۆ رایگشتی زەرەرمەندە کە دوورە لەئادابو نەریتی کۆمەڵگا؛ ئەو کاتەیە داواکاری گشتی سکاڵا دەجوڵێنێتو دەدرێت بەیەکێک لەدادگاکان، بۆ ئەم هەڵمەتە نوێیەش کە گیراوەتەبەر لەدژی ڤڵۆگەرو بڵۆگەرەکان بەداواکاری گشتیمان راگەیاندووە”.
لایخۆیەوە سەرچاوەیەکیش لەداواکاری گشتی دادگای سلێمانی بۆ ئاوێنەی ئاشکراکرد “ئەم جۆرە کەیسانە کە زەرەرمەندن دەبێت خۆیان بێن داوابکەنو سکاڵایان بۆ بجوڵێنین، چونکە ئەوە دەچێتە بواری هەڵخەڵەتاندنەوە، یاخود ئەوانە بڕوانامەیەکی زانستیان نییە”.
لەلایەکی دیکەوە شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنو چاپو بڵاوکردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیری هەرێم بەئاوێنەی وت “ئەو کەسانەی خول دەڵێنەوە دەبێت مۆڵەتی دەزگا یاخود ناوەندیان هەبێت واتە شوێن”.
وتیشی “زانیارییو بەڵگەمان لەبەردەست بێت بەدواداچون دەکەین، بەڵام وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێری سۆشیاڵ میدیامان نییە بەپێی سکاڵاکان هەڵوەستە دەکەین”.
هاوکات عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەئاوێنەی وت “لەمانگی سێی ئەمساڵەوە هەستاوین بەپڕۆسەی پاراستنی ژینگەی دیجیتاڵیو ئۆنڵاین بۆ هاوڵاتییان یاخود بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو، بەردەوامیشە”.
وتیشی “ئەمساڵ نزیکەی ٢٣٠ تۆمەتبار لەهەموو جۆرەکانی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون، زیاتر لە٨٠٠ کەیسی تاوانی ئەلیکترۆنییش رووبەڕووی ئاسایش کراونەتەوە”.
لەبارەی ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ کۆرسچیو ڤلۆگەرو ئەوانەی هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە دەستگیرکراون؟ عەقید سەلام رایگەیاند “ناوی دیاریکراوم لانییە، بەڵام بەڵێ بەدواداچوون کراوەو دەستگیرکراوە لێیان؛ بەتایبەت ئەگەر سکاڵای یاسایی تۆمارکرابێت لەسەریان”.
سەرچاوە:ئاوێنە