بەپێی راپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی سبەی کە لەناو گەنجان لەسەرجەم شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، دەری دەخات کە ژمارەیەکی زۆری گەنجان بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن، بێکاریی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی لێکەوتوەتەوە، بە پلەی یەکەم بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و توندوتیژیی خێزانی لێکەوتوەتەوە.
راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبهی، ئامادهكراوه، لە مانگی ئایاری 2025 لەناو 1521 کەس ئەنجامدراوە بۆ تێگەیشتنی ورد و قووڵ لە دیاردەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان، هۆکارە بنەڕەتییەکان، کاریگەرییه کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و رێگاچارەکانی لە ڕوانگەی هاوڵاتیانەوه.
راپرسییەکە لەنێوان هەردوو رەگەزەکە ئەنجامدراوە، 74%ـی بەشداران لە رەگەزی نێرن، لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
دابەشبوونی تەمەنی بەشداربووان به ڕێژهی 64٪ لە نێوان 25-44 ساڵ نیشانی دەدات، زۆرینهی بهشداربووانی ڕاپرسییەکە ئهو كهسانهن، كه له لوتكهی توانا و هێزی كاردان، توانای بهجێهێنانی ئهرك و ههڵگرتنی بهرپرسیارتییان ههیه.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە چی رێگەیەکەوە بەدوای کاردا دەگەڕێیت؟ زۆرینەی بەشداران و بە رێژەی 73%ـی لە رێگەی گروپی هاوڕێیانەوە، 22% لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و پلاتفۆڕمەکانی پەیوەندییەوە و تەنها 5% لە رێگەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە.
لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان، 80%ـی بەشدارانی پێشنیازی بەردەوام بوون لە خوێندن دەکەن، 16% پێشنیازی وازهێنان لە خوێندن و کارکردن دەکەن، تەنها 3% پێشنیازی کۆچکردن بۆ گەنجان دەکەن.
زۆرینەی رەها و نزیک لە تێکڕا و بە رێژەی 92%ـی بەشدارانی راپرسییەکە پێیانوایە کە بێکاریی بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و 3% پێیانوایە تاڕادەیەک و لەبەرامبەردا تەنها 5% بێکاری بە هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکان نازانن.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە بێکاری کاریگەریی لەسەر کام لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەیە 37%ـی بەشداران پێیانوایە کاریگەریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان و 26% لەسەر خەمۆکی و گرفتە دەروونییەکان و 17% لەسەر زۆربوونی توندوتیژی خێزانی، 13% بێکاریی بە هۆکاری خۆکوشتن دەزانن، 7%ـیش بە هۆکاری کوشتنی دەزانن.
ئەنجامی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوە سبەی دەریخستووە، بێکاریی و قەیرانی ئابوری رۆڵی سەرەکیی هەیە لە زۆربوونی دیاردەی کۆچکردن و بە پلەی دووەم وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و دواتر زۆربوونی منداڵی ئیشکەر و لە کۆتاییشدا کاریگەریی لەسەر هاوسەرگیریی پێشوەختە هەیە.
بۆ چارەسەکردنی کەمکردنەوەی بێکاریی، زیاتر لە نیوەی بەشدارانی راپرسییەکە بە پێویستی دەزانن دەرفەتەکانی کار فراوانتر بکرێن، بە پلەی دووەم پێدانی قەرزی بچوک و بە پلەی سێیەم دابینکردنی بیمەی بێکاری بە ئەرکی حکومەت دەزانن.
بەشدارانی راپرسییەکە چەند رێگای دیکەش پێشنیاز دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لەوانە، دامەزراندن بە پلەی یەکەم، دواتر پەرەپێدانی کشتوکاڵ، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و گرنگیدان بە گەشتوگوزار و وەبەرهێنان بە پیشەسازی نوێ و پێدانی قەرزی بچووک و رێگای دیکەش.
سەبارەت بەوەی گرنگترین بوارەکان کامانەن بۆ دروستکردنی هەلی، تەکنەلۆجیا بە پلەی یەکەم دێت، پاشان پەرەدان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی ئەلیکترۆنی و پەرەدان بە گەشتوگوزار و کەرتی خانوبەرە و بوارەکانی پەرەدان بە وزەی نوێ، پەرەدان بە زانستە پزیشکی و کۆمەڵایەتییەکان.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، بەشێکی زۆری گەنجان زیاتر لە 2 ساڵە بێکارن لە پلەی دووەمدا یەک ساڵ و لە پلەی سێیەمدا زیاتر لە 6 مانگە بێکارن.
ئامارەکانی بێکاری درێژخایەن دهریدهخهن کە (60.40%)ی گەنجان بۆ ماوەی زیاتر له دوو ساڵه بێكارن، كه ئهمهش نیشاندەری کێشەیەکی بونیادی و ڕیشهیی بەردەوامە، نەک بێکاری کاتی.
راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی دەری دەخات 51%ـی گەنجان حەزدەکەن ببنە خاوەنی کاری سەربەخۆ، 37% کاری حکومییان پێباشە و تەنها 12% ئارەزویان هەیە لە کەرتی تایبەت کار بکەن.
خولیای كاری تایبهت له داهاتوودا سەرەڕای بەشداری کەمی کەرتی بهو مانایه دێت کە خەڵک لەبەر ناچاری بیر لە کاری ئازاد دەکەنەوە نەک لەبەر ههبوونی هەلی كاری باش.
دەرەنجامی راپرسییەکە دەری خستووە کە 72%ـی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەدوای کاردا دەگەڕێن، 21% بەدوای کاردا ناگەڕێن و تەنها 7% خۆویستانە کارناکەن، هەروەک 42%ـی بەشداران پێیانوایە بتوانن لە پسپۆڕی خۆیان کاریان دەستبکەوێت، 38% بە نەخێر و 20% بە تاڕادەیەک وەڵامیان داوەتەوە.
31%ـی بەشدارانی راپرسییەکە بەهیچ شێوەیەک گەشبین نین بەوەی دوای خوێندن راستەوخۆ کاری دەستبکەوێت، 38% زۆر گەشبینن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تا چەند متمانەت بە داهاتووی کارەکەت هەیە، 65% بە نەخێر و 31% بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە.
ئەنجامی راپرسییەکەی سبەی دەریخستووە، چڕبوونەوەی بەرزی دامەزراندن لە کەرتی حکومی (87.72%) لە سەرجەم پارێزگاکان، نیشاندەری بازاڕێکی کاری ناهاوسەنگە، کە پشتبەستنێکی زۆری بە دامەزراندنی گشتی هەیە.
هەر ئەوەش نیشاندەری لاوازی بنەڕەتی لە ئابووریدایە لهوانهش بەربەستە یاساییەکان، سنوورداری دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە، نەبوونی ژێرخانی پێویست بۆ پشتگیریکردنی گەشەی کاری تایبەت.
راپرسییەکە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی- ئابووری گرنگی بێکاری لە دەرەوەی ئامارە فەرمییەکان دەردەخات. بێکاری شاراوە لەنێو ژنانی ماڵەوە بهڕێژهی (14%)، ئاماژه به وهلانانی بەرچاوی ژنان لە بازاڕی کار دەکات، کە هەم کێشەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هەم ناکارامەیی ئابوورییە لە ڕێگەی سەرمایەی مرۆیی بەکارنەهێنراو.
بەپێی شیکاری قووڵی ڕاپرسییەکە، چەند پێشنیازێکی سیاسەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو بەتایبەتی لە چاکسازی ڕیشهیی لە بازاڕی کاردا بۆ ئەوەش، بە پێویستی دەزانێت ستراتیژییەکی نیشتمانی دابنرێت بۆ گواستنەوەیهكی لهسهرخۆ، بەڵام بەردەوام لە پشتبەستن بە دامەزراندنی کەرتی گشتی بەرەو ئابوورییەکی فرەلایەن.
پێویستە چاکسازی یاسایی و رێكخراو بۆ کەمکردنەوەی بەربەستەکانی بەردەم گەشەی کەرتی تایبەت ئەنجام بدرێت، بەتایبەت بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان، جۆرێك له نادڵنیایی بهرامبهر به ئایندهی كاركردن له كهرتی تایبهت ههیه، بهتایبهت خانهنشینبوون و نهبوونی بیمه، ههربۆیه گرنگه سیستهمێكی دادپهروهرانهی دڵنیایی دابنرێت بۆ هاندانی زیاتری كارخوازانی كهرتی تایبهت.
هەروەک پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی یەکگرتوو بۆ هەلی کار دروست بکرێت، كه ئامانج لێی پێكهوهبهستنهوهی کارخوازان و خاوەنکاران بێت بە شێوەیەکی کاریگهر.
سیستەمی داتا و زانیاری بازاڕی کار دروست بکرێت بۆ بەدواداچوونی داواکاری و خستنەڕووی کارامەیی و ئاراستەکردنی سیاسەتی پەروەردە و ڕاهێنان.
زۆر گرنگ و پێویستە سندوقێکی تایبەت بۆ پشتگیریکردنی پرۆژەی بچووک و مامناوەند دروست بکرێت بە لهبهرچاوگرتنی کەرتە ستراتیژییەکان. سندوقێکی تایبەت بۆ پشتگیریکردنی پرۆژەی بچووک و مامناوەند دروست بکرێت بە لهبهرچاوگرتنی کەرتە ستراتیژییەکان.
ههبوونی پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی ئابووری ناوچەیی تایبەت به پارێزگاکان به لهبهرچاوگرتنی تایبەتمەندی و پێداویستی هەر پارێزگایەک؛ پێویستییهكی ههنوكهییه.
بۆ هاندانی کارکردنی ژنانیش، پهرهپێدانی سیاسەتی دۆستی خێزان لە شوێنی کار بەپێویست دەزانرێت، وەک کاتی کاری نەرم و خزمەتگوزاری چاودێری منداڵ. دابینكردنی بهرنامهی تایبەت به هاندانی دامهزراندنی كار و پرۆژهی تایبهت به خودی ژنان. پهیڕهوكردنی سیستهمی کۆتا بۆ دامەزراندنی ژنان لە کەرتی گشتی و کۆمپانیا گەورەکان.
لە کۆتایی راپرسییەکەدا، ناوەندی توێژینەوەی سبەی گەیشتوەتە ئەوەی: چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکبوونەوەیەکی گشتگیر و فرەلایەن هەیە، کە هەم کێشە بونیادییەکان و هەم پێداویستییە کورتخایەنەکان له ڕیشهوه چارەسەر بکات. سەرکەوتن لەم هەوڵەدا پهیوهسته بە هاوکاری و كاری هاوبهشی نێوان حکومەت، کەرتی تایبەت، دامەزراوەکانی پەروەردە، و کۆمەڵگای مەدەنی. هەروەها پێویستی بە ویستی سیاسی بەهێز هەیە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان.